سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری سێیەمین فیستیڤاڵی كەلتورە جۆراو جۆرەكانی كوردستان ئەنجام دەدات

لەژێر چاودێری بەرێز ( عیماد ئەحمەد) جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران, سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری R.C.E بە هاوكاری بەرێوبەرایەتی گشتی لاوان سێیەمین فیستیڤاڵی كەلتورە جۆراو جۆرەكانی كوردستان لە شاری رانیە ئەنجام دەدات. لەو بارەیەوە (خالید قادر محمد)  بەرپرسی سەنتەری رایەڵ لە لێدوانێكدا وتی:  وەك نەریتێكی ساڵانەی سەنتەرەكەمان, ئەمسالیش سێیەمین فیستیڤاڵی كەلتورە جۆراو جۆرەكانی كوردستان بە بەشداری چەندین گروپ و تیپی هونەری لە ناوەوەو دەرەوەی  هەرێم ئەنجام دەدرێت, فیستیڤاڵەكە لە ژێر چاودێری (عیماد ئەحمەد) جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە هاوكاری بەرێوبەرایەتی گشتی لاوان ئەنجام دەدرێت كە تێیدا هەر یەك لە گروپ و تیپەكانی ( ئامەد, مەهاباد, هەولێر, قامیشلو و عیفرین, گروپی ژێوار- كچانی تاران و سنە, گروپی شاخ وەشین لە كرماشان, تیپی هەوران, تیپی هونەری میللی دهۆك, تیپی برایەتی كەركوك( عەرەب و سریان و توركمان و كورد), تیپی نۆژین لە وڵاتی روسیا كە  كەلتوری كوردانی قیرغستان و باكوری ئازەرباینجان و قازاخستان و ئەرمینیا و یەریڤان  نمایش دەكەن, تیپی فەقێ‌ تەیران لە مەخمور) بەشداری تێیدا دەكەن, فیستیڤاڵەكە لە كاتژمێر 7:30 ئێوارەی رۆژی 27 مانگ دەست پێدەكات و سەرجەم دوو رۆژ دەخایەنێت كە تێیدا چەندین چالاكی وەك(  گۆرانی و مۆزیكی سونەتی, هەڵپەركێی میللی, دیالۆگی كەلتوری) لە خۆ دەگرێت, هەروەها كۆمپانیای بابیلۆن سپۆنسەری كاری راگەیاندن و گواستنەوەی گرتۆتە ئەستۆ. جێگای ئاماژەیە سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری چالاكی رۆشنبیری كار لە بواری ئاڵوگۆری كەلتوری دەكات, تا ئێستا توانیویەتی چەندین پەیوەندی كەلتوری و ئاڵوگۆری چالاكی لە ناوەوەو دەرەوەی وڵاتدا دروستبكات, هەروەها ساڵانەش فیستیڤاڵی كەلتورە جۆراو جۆرەكان لە شاری رانیە ئەنجام دەدات.

تاگەکان :