(بەهرۆز گەڵاڵی) ئاڵوگۆرە كەلتورییەكانی سەنتەری رایەڵ بە گرنگ دادەنێت و بێشكچی دیداریان لەگەڵ ئەنجام دەدات
كاتژمێر 1 دوای نیوەرۆی رۆژی 27-12-2011 شاندی (سەنتەری رایەڵ R.C.E)كە بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری سەردانی وڵاتی توركیای كردوە, سەردانی ئۆفیسی سەرەكی (بەهرۆز گەڵاڵی) نوێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان لە ئەنقەرە كرد. بە گەرمییەوە پێشوازی كران, دواتر لە كۆبونەوەیەكی تایبەندا باس لە ناساندنی سەنتەری رایەڵ و كارو چالاكیەكانی رابردووییان كرا و ئامانج و پرۆگرامەكانی شاندەكەی رایەڵ لە وڵاتی توركیا شیكرایەوە. پاشان نوێنەری یەكێـتی نیشتیمانی كوردستان لە توركیا وێرای دەست خۆشی لە كارو چالاكیەكانیان پشتیوانی خۆی بۆ پرۆگرامەكانی ئایندەی ئەو سەنتەرە دەربڕی و پەیوەندی كەلتورییەكانی گەلی كورد و وڵاتی توركیاشی بە گرنگ داناو رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیشی لەو بوارەدا بەرز هەڵسەنگاند.دوا بە دوای ئەوە شاندی رایەڵ سوپاسی نوێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان لە ئەنقەرە كردو چەند دیارو خەڵاتێكیان لە نێوانیان گۆردرایەوە. هەروەها لە لایەن بەرپرسی سەنتەرەكەوە یاداشتێك لە پەراوی نوێنەرایەتیەكەدا نوسرا. كە تێیدا بە رێزەوە ئاماژە بە رۆڵ و چالاكییەكانی ئەو نوێنەرایەتیە كراوە لە خزمەتكردنی گەلی كورد.كاتژمێر 3 دوای نیوەرۆ شاندەكە سەردانی كتێبخانەی (چوارچرا)یان لەئەنقەرە كردو لەگەڵ بەرپرسی كتێبخانەكە باسیان لە رەوشی رۆشنبیری بەگشتی كردو دەست خۆشی و سوپاسی خۆیان ئاراستەی فەتاح قەرەگۆز بەرپرسی كتێبخانەكە كرد كەلەسەر ئەركی خۆی و بەخۆ بەخشی ئەو كتێبخانە كوردیەی بۆخزمەت و ناساندنی گەلی كورد لەو وڵاتە كردۆتەوە، پاشان هەر لەو كتێبخانەیە نوسەری گەورەی توركو دۆستی خۆشەویستی گەلی كورد ( ئیسماعیل بیشكچی) سەردانی شاندەكەی كردو دیدارێكی لەگەڵیان ئەنجامدا, كە تێیدا وێرای رێز گرتنی تیمەكەی رایەڵ لە خزمەتی گەورەی ئەو دۆستە خۆشەویستەی گەلی كورد, باس لەرەوشی هەرێمی كوردستانو ئاڵوگۆرە كەلتورییەكانی سەنتەری رایەڵ كراو چەند تەوەرەیكی تری رۆشنبیری لە لایەن هەردوو لاوە گفتوگۆی لەسەر كرا. نوسەری گەورەی تورك ( بیشكچی) ئەو سەردانەی بە گرنك وەسف كرد و چەند تێبینی و سەرنجێكی گشتی خۆشی بۆ شاندەكەی سەنتەری رایەڵ خستە روو.