رێكەوتێكی سەیر بوو كاتێك لەسەر ئەو مێزەی كە بۆ پێشوازی وەفدەكەی سەنتەری رایەڵ ئامادە كرابوو, چەند قاپێك (گوێزو مێوژ)ی لەسەر دانرابوو, واتدەزانی لەسەر خوانی گوندنشینێكی میوان دۆست لای خۆمان دانیشتووی كە بە خۆشەویستیەوە شەوچەرەت پێشكەش دەكات. هەر ئەو رێكەوتەش یەكەمین رایەڵی كەلتوری لە نێوان دوو گەلدا كردەوە, كە لە رووی كەلتورییەوە گەلی خاڵی هاوبەشییان هەیە.كاتژمێر 8 شەوی 29-12-2011 ستافێكی (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری) سەردانی (سەنتەری كەلتوری لاز)ەكانی لە ئەستەنبوڵ كرد و لە لایەن بەرپرسی ئەو سەنتەرەو ستافێكی 7 كەسییەوە بە گەرمییەوە پێشوازی كران. دواتر لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا باس لە كارو چالاكیەكانی هەردوو سەنتەرەكەو كراو لەسەر رەوشی كەلتوری نێوانیان چەند زانیارییەك گۆردرایەوە بەتایبەتیش لە لایەن (بەرپرسی سەنتەری لاز) لەسەر جوگرافیا و مێژووی لازەكان چەندین زانیاری گرنگ پێشكەشی ستافەكەی سەنتەری رایەڵ كرا. ئەم سەردانەی (سەنتەری رایەڵ)بە یەكەم سەردانی سەنتەرێكی كوردی دادەنرێت كە سەردانی (سەنتەری كەلتوری لاز)ەكانی لە ئەستەنبوڵ كردبێت و لەگەڵ ئەو گەلە ئاشنایەتی پەیدا بكات. هەر بۆیە ئەو سەردانە لە لایان زۆر بە گرنگەوە وەرگیرا, هەر ئەمەش دەرگای گفتوگۆیەكی فرە رەهەندی بۆ ئایندەو كارو چالاكیەكانیان لە نێوان هەردوو لا كردەوە. لازەكان بەشێكیان دەكەونە چەند شارێكی توركیاو رێژەیان لەو وڵاتەدا زیاتر لە ملێونو نیووێك كەسە وخاوەنی مێژوو و كەلتورێكی رەسەنی خۆیانن. لە كاتژمێر 8:30 شەوی 30-12-2011 ستافی سەنتەری رایەڵ سەردانی ( رێكخراوی كەلتوری قەفقاز)یان لە ئەستەنبوڵ كردو لە لایەن سەرپەرشتیارانی رێكخراوەكەوە بە گەرمی پێشوازی كران. پاشان لە كۆبونەوەیەكی فەرمیدا باس لە سروشتی كاری هەردوو رێكخراو كراو لەسەر شێوازی ئاڵوگۆری كەلتوری نێوانیان گفتوگۆ كرا. هەر لەو سەردانە لە لایەن بەرێوەبەری رێكخراوەكە باسێك لەسەر ناساندنی جوگرافیای قەفقازو شێوازی كەلتورییان پێشكەش كراو لەسەر نەتەوەیی ( چەركەس) چەندین زانیاری ئاماژەی پێدرا. هەروەها پرۆژەی گەڵاڵە كراوی رێكخراوەكە بۆ پەرلەمانی توركیا كە تایبەت بوو بە پاراستنی مافی نەتەوەییان پێشكەشی شاندەكەی رایەڵ كرا. بە خۆشحاڵیەوە ئامادەییان بۆ پەیوەندیەكی كەلتوری, لەگەل سەنتەری رایەڵ و گەلی كورد بە گشتی دەربڕی. پاشان بەشەكانی رێكخراوەكە بەسەر كرانەوەو چەندین دیاری و خەڵات لە نێوانیان گۆردرایەوە. جێگای ئاماژەیە چەركەسەكان كە خەڵكی ناوچەی قەفقازن لە مێژوویەكی رابردوودا هاتونەتە وڵاتی توركیا, نزیكەی 8 میلۆن كەس لەو وڵاتە پێكدێنن. ئێستا كار لەسەر زیندوو هێشتنەوەی زمانەكەیانو پاراستنی كەلتور و مافە نەتەوەییەكانی خۆیان لەو وڵاتەدا دەكەن و لە رێگای ئەو رێكخراوەشەوە چالاكیە كەلتورییەكانیان لە ئاستی جیهاندا ئەنجام دەدەن.