ئاڵوگۆرە كەلتورییەكانی سەنتەری رایەڵ لە شاری (دیاربەكر) ئامادەى دێرین

بەروار: 8 ساڵ لەمەو پێش

لە چوارچێوەی كارو چالاكیەكانی شاندی (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری R.C.E ) لە وڵاتی توركیادا, سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە رێكەوتی 26-12-2011 گەیشتنە شاری دیاربەكر( ئاماد) و چەندین چالاكی كەلتوری و پەیوەندی فراوان بە ئەنجام دەگەیەنن. ئەمەو لە كاتژمێر 10 پێش نیوەرۆ سەردانی (سەنتەری كەلتوری دیجلەو فورات) میزۆپۆتامبیایان كرد و لە لایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری سەنتەرەكەوە بە گەرمی پێشوازی كران, پاشان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا باس لە كارو چالاكییەكانی هەردوو سەنتەر و پلانەكانی ئایندە كراو چەندین پێشنیار و بەرنامە خرانە كارنامەی چالاكیەكانیان. دواتر چەند بەرهەمێكی هونەری پێشكەشی شاندەكەی رایەڵ كراو لە دیالۆگێكی هاوبەشیشدا لەسەر ئاڵوگۆری كەلتوری هەردوو سەنتەر گفتوگۆ كرا‌و بەڵێنی هاوكاری و هەماهەنگی چالاكیەكانی یەكتری درا, پاشان چەندین خەڵات و دیاری لەلایەن هەردوو لا گۆردرایەوەو تەكید لە دۆستایەتی نێوانیان كرایەوە.لە كاتژمێر 11:30 شاندەكەی رایەڵ وەك پشتیوانییەك بۆ (دایكانی ئاشتی) بەشداری لە نارەزایەتی و خۆپێشاندێكی ئەو گروپەی لە بەردەم دادگای ئەو شارە كرد, كەداوای ئازادی و ئاشتیان دەكرد و پشتیوانی خۆیان بۆ داواكانیان دەربری . دوا بە دوای ئەوە لە ئۆفیسی سەرەكی گروپی (دایكانی ئاشتی) لە لایەن لیژنەی سەرپەرشتیاریی ئەو گروپەوە, پێشوازییەكی گەرم لە شاندەكەی رایەڵ كرا, پاشان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا دایكانی ئاشتی باسیان لە كارو چالاكیەكانی خۆیان كرد‌و تەكیدیان لە پەیامی ئاشتی و ئازادی بۆ گەلی كورد و تەواوی مرۆڤایەتی كردەوە, هەروەها ئەو سەردان و پەیوەندییەیان بە گرنگ هەڵسەنگاند, داوایان كرد لە هەموو ئاستەكاندا پشتیوانی لە داخوازییەكانیان بكردرێت.لە كاتژمێر 2 دوای نیوەرۆ  تیمەكەی سەنتەری رایەڵ لە بارەگای سەرۆكایەتی شارەوانی دیاربەكر لە لایەن بەرپرسی كاروبارە كەلتوری و رۆشنبیرییەكانی ئەو شارەوەوە بە گەرمی پێشوازی كران. پاشان لە كۆبونەوەیەكدا كە چەندین بەرپرسی هونەری شارەكە تێیدا ئامادەبوون لەسەر چەندین بەرنامەی هاوبەشی نێوانیان رێككەوتن و تەكید لە پەیوەندیی درێژخایەنی نێوانیان بۆ سەرجەم چالاكیە كەلتورییەكان كرایەوە, بەتایبەت بۆ فیستیڤاڵی ساڵانەی نێوانیان‌و بەشداری كردنی چالاكیەكانیان. پاشان چەندین دیاری و پەیامی هاورێیەتی‌و دۆستایەتی قائیمقامی قەزای رانیە و شارەوانی رانیەو سەنتەری رایەڵ پێشكەشی شارەوانی دیاربەكر كراو لە لایەن ئەوانیشەوە دیاری شارەوانی پێشكەشی تیمەكە كرا. لە ئێوارەی هەمان رۆژ بە یاوەری سەرپەرشتیارانی كەلتوری ئەو ناوچەیە شاندەكەی رایەڵ سەردانی چەندین دامەزراوەو شوێنەواری مێژووی ناوچەكەی كرد بە تایبەت شورای مەزنی شاری ئامەد‌و  كتێبخانە و گەلەری چەندین ناوەند و شوێنی تری شارەكە بە سەر كرانەوە. دواتر بە باوەشی پر خۆشەویستی شاندەكەی رایەڵ شاری دیاربەكری بەجێ‌ هێشت و بەرەو ئەنقەرە بەرێ‌ كەوت.وابریارە لە پرۆگرامەكانی ئایندە لە هەردوو شاری ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە تیمەكەی رایەڵ چەندین سەردان‌و كۆبونەوەی فەرمی ئەنجام بدات.

تاگەکان: