گۆڤارێكی وڵاتی لوبنان رانیە بە بوكی ئازادی و مەشخەڵی راپەرین ناو دەبات

لە چوارچێوەی پەیوەندییە كەلتورییەكانی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری لەگەڵ نەتەوەو كەلتورە جیاوازەكان, گۆڤاری (كوالیس) لە وڵاتی لوبنان بەهاوكاری ئەم سەنتەرە, ژمارەیەكی تایبەت لەسەر هەرێمی كوردستان دەردەكات, كە لە ناوەراستی گۆڤارەكە نوسراوە ( رانیە بوكی ئازادی و مەشخەڵی راپەرین) ئەم گۆڤارە كە چەندین چاوپێكەوتن و بابەتی گرنگی لەسەر هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە بە دیزاینێكی جوان و بەهەردوو زمانی كوردی و عەرەبی چاپ كراوە, هەروەها نەخشەی كوردستانی گەرەوە, كراوەتە لۆگۆیەكی گۆڤارەكەو لەسەرجەم لاپەرەكان دانراوە, ئەمە جگە لەوەی كە رومالێكی فراوانی رۆژنامەنوسی لەسەر شارەكانی (رانیە, هەڵەبجە, سلێمانی, هەولێر) بڵاوكردۆتەوە, هەروەها بۆ یەكەم جار و دوای 22 ساڵ لە راپەرینی پێنجی ئازاری گەلەكەمان, ئەم گۆڤارە وێنەی شەهیدانی راپەرینی شاری رانیەی و راپۆرتێكی لەسەر بیست و دووەمین ساڵیادی راپەرین بڵاوكردۆتەوە. لەو بارەیەوە لێپرسراوی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری رایگەیاند, سەرەتای ئەم پەیوەندییە دەگەرێتەوە بۆ كۆتاییەكانی ساڵی 2012 كاتێك شاندێكی كەلتوری سەنتەرەكەمان سەردانی وڵاتی لوبنانی كرد‌و توانی بە هاوكاری سەفیری پێشووی عێراق لەو وڵاتە( عمر بەرزنجی) چەندین دیدار و پەیوەندی گرنگیان ئەنجام بدات, كە لەناویاندا توانرا لەگەڵ گۆڤاری كوالیس پەیوەندییەكی گرنگ بنیات بنێین, دواتر بە هاوكاری (فەرمانگەی راگەیاندنی رانیە) و لە پرۆژەیەكی هاوبەشدا توانیمان لە یادی راپەرینە مەزنەكەی گەلەكەمان لە 5-3-2013 (فاتمە فەقیە) بەرێوبەری گشتی گۆڤاری كەوالیس و (فریال دبوق) بەرێوبەری گشتی ئەم گۆڤارە بانگهێشتی كوردستان بكەین كە تێیدا چەندین دیدار‌و چاوپێكەوتنی رۆژنامەنوسیان ئەنجامدا, خۆشبەختانە دوای گەرانەوەیان(كوالیس) ژمارەیەكی تایبەتی گۆڤارەكەیان لەسەر هەرێمی كوردستان بڵاوكردتەوە كە تێیدا بەو پەری گرنگییەوە سەرنجیان خستۆتە سەر هەرێمی كورستان و چەندین راپۆرتی گرنگیان بڵاوكردۆتەوە, بەتایبەتیش لەسەر راپەرینی 5-3 كە بۆ یەكەم جارە میدیایەكی عەرەبی بەو شێوەیە گرنگی بەو راپەرینە بدات و زانیارییەكانی ئاماژە پێبدات, ئەمە جگە لەوەی كە رومالێكی فراوانیان لەسەر زۆربەی شارەكانی كوردستان بڵاوكردۆتەوە. بێگومان ئەم هەنگاوەش بەشێكە لەو پرۆگرامە كەلتورییەی كە لەگەڵ وڵاتی لوبنان ئەنجامانداوە, كە بریارە لە ئایندەدا كۆمەلێك هەنگاوی تر بۆ پتەوتر كردنی ئەم پەیوەندییە بنرێت. جێگای ئاماژەیە گۆڤاری كوالیس ماوەی 17 ساڵە لە وڵاتی لوبنان دەردەچێت, ئەم گۆڤارە نوسینگەیان لە زۆربەی وڵاتانی تری عەرەبی و ئەفریقا هەیە. لە ئێستاشدا رێژەیەكی زۆر لەم ژمارە تازەیەیان ناردۆتە هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە نزیك ترین كاتدا بڵاوبكرێتەوە

تاگەکان :