سەنتەری رایەڵ دووەمین فیستیڤاڵی كەلتورە جۆراوجۆرەكانی كوردستان ئەنجام دەدات

بەروار: 7 ساڵ لەمەو پێش
بە ئامادەبوونی هەزاران بینەر و لە چالاكیەكی ناوازەی هونەریدا, (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری R.C.E) لە ژێر دروشمی ( بەرەو پتەوكردنی پردەكانی پەیوەندی كەلتوری ناوچەو دەڤەرە جیاوازەكانی كوردستان) دووەمین فیستیڤاڵێ‌ كەلتورە جۆراوجۆرەكانی كوردستان بە بەشداری چەندین گروپ و كەلتوری جۆراو جۆر ئەنجام دەدات, ئەمەو لە كاتژمێر 6:30 ئێوارەی 30-10-2012 لە پاركی دەروازەی شاری رانیە مەراسیمی كردنەوەی دوومین فیستیڤاڵی كەلتورە جۆراو جۆرەكانی كوردستان بە دەقەیەك وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستپێكرد, دواتر وتاری هەر یەك لە (بەرێوبەرایەتی گشتی و رۆشنبیری هونەری سلێمانی)‌و وتاری( قائمقامی قەزای رانیە)و (بەرێوبەریەتی هونەر و رۆشنبیری رانیە)و (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری) خوێندرایەوە, هەروەها ژمارە (2)ی بڵاوكراوەی ( ئاڵوگۆر) كە تایبەت بوو بەبەرنامەی فیستیڤاڵ و كارو چالاكیەكانی سەنتەری رایەڵ بەسەر ئامادەبوانی چالاكیەكە دابەشكرا, پاشان بەرهەمەكانی یەكەم شەوی چالاكیەكە بە چەند بەرهەمێكی تیپی كیژانی رانیە دەستپێكردو چەند گۆرانییەكیان پێشكەش كرد, دواتر بەرێوبەرایەتی كەلەپوور و هونەرە میللیەكانی هەولێر بە چەندین تابلۆی سەرنج راكێش و پر لە مۆركی رەسەنی كوردی بەرهەمەكانیان نمایش كرد, هەروەها چەند پارچە مۆزیك و گۆرانیەك لە لایەن هەمان گروپەوە پێشكەش كرا, پاشان بە چەند بەرهەمێكی جوان و پر لە تەكنیكی هونەری (تیپی هونەری روباد)ی دهۆك, فیستیڤاڵەكە جۆش و خرۆشێكی زیاتری بەخۆیەوە بینی, دواتر تیپی هونەری میللی سریان, بە چەندین تابلۆی هونەری گوزارشتیان لە ناساندنی هونەری سریان كرد‌و چەند بەرهەمێكی سەركەوتویان پێشكەش كرد. لە دوا گروپی یەكەم شەوی فیستیڤاڵ (تیپی هونەری شاریا)ی ئێزیدی بە چەندین تابلۆی سەرنج راكێش و بەرهەمی رەسەنی ئێزدیانەوە نمایشی چالاكیە كەلتورییەكەی خۆیانیان كرد. بەم شێوەیە یەكەم شەوی فیستیڤاڵ لە ناو جۆش و خرۆشی هەزاران ئامادەبووی چالاكیەكە كۆتایی هات. لە دووەم رۆژی فیستیڤاڵ چالاكیەكان ئاستێكی فراوانتریان بە خۆیەوە بینی بە شێوەیەك كە چەندین دەنگ و رەنگی جۆراو جۆر لە ناو كەشێكی جوانی هونەریدا ئاوێزان بووبوون. ئەمەو لە كاتژمێر 6:30 ئێوارەی 31-10-2012 دەستپێكی چالاكیەكان بە نمایشی تابلۆیەكی هونەری تیپی شاریای ئێزیدیان دەستپێكردەوە, دواتر تیپی (هونەری میللی برایەتی كەركوك) كە ( كورك‌و عەرەب و توركمان, كلدان)ی لە خۆگرتبوو دەستیان بە چالاكیەكانیان كرد, ئەم تیپە رومالێكی هونەری ئاست بەرزیان لە پێكەوە ژیانی هەر چوار نەتەوەكەی ناو كەركوك بە چەند تابلۆیەكی هونەری پێشكەش كرد , پاشان گروپی میوزیكی روناك لە كوردستانی رۆژهەڵات بە چەندین بەرهەمی سەرنج راكێش و پر لە مۆركی رەسەنی كوردییەوە ئامادەبوانی فیستیڤاڵەكەیان زیاتر هێنایە جۆش و خرۆش, دواتر گروپی دەستەگوڵ ( شدە وەرد) ی توركمان بە قۆریات‌و گۆرانی و میوزیكە خۆشەكانیان ئاستێكی فراوانتریان بە فیستیڤاڵەكە بەخشی. دوا بە دوای ئەوان ( گروپی میوزیكی شونوار) لە خوراسان بە ئاواز و هونەر و ئاستێكی بڵندەوە, نمایشی چالاكیەكانی خۆیان كرد‌و چەند بەرهەمیكی سەركەوتوویان پێشكەشكرد كە گوزارشتی لە هونەر و كەلتوری تایبەتی ناوچەی خوراسان دەكرد, دوا گروپی بەشداربووی ئەم فیستیڤاڵەش بریتیی بوو لە گروپی ( سۆزی گەرمیان) كە بەشێوەیەكی جوان و سەرنج راكێش و چەند بەرهەمێكی گۆرانی و میوزێكی ناوچەكەی خۆیان پێشكەشكرد. پاشان لە لایەن ( خالید قادر)بەرپرسی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری و ئامادەكاری فیستیڤاڵەكە, خەڵاتێكی تایبەت پێشكەشی كۆمپانیای بابیلۆن كرا كە ئەركی تۆماركردن‌و روناكی فیستیڤاڵەكەیان گرتۆتە ئەستۆ و بە شێوەیەكی راستەخۆش چالاكیەكەیان بۆ چەند كەناڵێكی ئاسمانی گواستەوە, , هەروەها لیژنەی بەرێوەبردنی چالاكیەكەی بە ئامادەبوان ناساند‌و سوپاسی پەرۆشی و دڵسۆزی ئەندامانی گروپەكەی كرد كە بە شێوەیەكی بێبەرامبەر كاریان بۆ سەرخستنی ئەم چالاكیە كردوە. پاشان لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و قائمقانی قەزای رانیەو سەرۆكی شارەوانی رانیە و بەرێوبەری رۆشنبیری هونەری رانیە, خەڵاتی تایبەت پێشكەشی تیپە بەشداربووەكانی فیستیڤاڵەكە كراو لە ناو چەپلە رێزانی هەزارانی ئامادەبووی چالاكیەكە كۆتایی بە فیستیڤاڵەكە هات. جێگای ئاماژەیە ئەم چالاكیەی (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری) لە رێگای بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری هونەری رانیەوە بودجەی بۆ دابینكراوە, هەروەها لە لایەن هەردوو بێژەری بەتوانا ( هیدی چنارنەیی و ناڵە سوپەر) بەرێوە برا.
سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری كە ناسراوە بە R.C.E كار لە بواری ئاڵوگۆری كەلتوری لە ناوەوەو دەرەوەی وڵاتدا دەكات, ئەم سەنتەرە ئەندامە لە تۆری دەستەخوشكی نێودەوڵەتی ئەمریكا لە شاری DULUTH, تا ئێستا چەندین چالاكی ئاڵوگۆری كەلتورییان لە ناوەوەو دەرەوەی وڵاتدا ئەنجام داوە, ئەم فیستیڤاڵەش دووەمین فیستیڤاڵی كەلتورە جۆراو جۆرەكانە كە لە شاری رانیە بە ئەنجامی گەیاند.

 

 
 
تاگەکان: