شاندێکی کەلتوری شاری Duluth ی ئەمریکا، رۆژی ١٤-١-٢٠١٧ لە رێگای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتنە هەرێمی کوردستان.
لە چوار چێوەی پرۆگرامی دەستەخوشكی هەردوو شاری رانیەو شاری Duluth ی ئەمریكا، رۆژی 14-1-2017 شاندێكی 5 كەسی ئەو شارەی ئەمریكا بەمەبەستی چالاككردنی گرێبەستی دەستەخوشكی هەردوو شاری رانیە و Duluth گەیشتنە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ گەیشتنیان لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە لایەن ستافێکی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری RCE پێشوازی کران، دوای گەیاندیان بە شوێنی مانەوە لە شاری رانیە شاندەکە رۆژى هەینى ١٥-١-٢٠١٧ بە یاوەری تیمێکی سەنتەری رایەڵ سەردانی مۆزەخانەی نیشتیمانی( ئەمنە سورەکە) یان لە شاری سلێمانی کرد و بەشەکانیان بەسەر کردەوە، دواتر سەردانی رێکخراوی (CPT) یان کردو چەند گفتوگۆیەکیان ئەنجام دا، پاشان شاندەکە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردو، لەسەرمەزاری شەهیدانی هەڵەبجە نزایان بۆ قوربانیانی ئەم شارە کرد و هاوخەمی خۆیان بۆ ئەو مەرگەسات و نەهامەتیانە دەربڕی کە بەرامبەر گەلی کورد کراوە، دواتر مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان بەسەر کردەوەو لە نزیکەوە بینەری ئەو کارەسات و قوربانیانە بوون کە لە لایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجام دراوە.
جێگاى ئاماژەیە شاندەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک دەمێنێتەوە، لە رۆژانی دواتردا لە شاری رانیە سەردانی چەندین دامەزارەوە هەمەجۆر دەکەن و چەند دیدار و کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدەن. هەر لە میانەی ئەم سەردانە شاندەكە تابلۆیەكی جیهانی كە ئاماژەیە بۆ دەستەخوشكی 6 وڵات ( ئەمریكا- كەنەدا- سوید- یابان- روسیا- كوردستان) بۆ شاری رانیە دەهێنن و گەلەرییەكی تایبەتیش بە دەستەخوشكی هەردوو شار لە زانكۆی راپەرین دەكرێتەوە.
ئەم سەردانە بەشێكە لە پرۆگرامێكی كەلتوری فراوان كە سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری لە کوردستان سەرپەرشتی دەكات.