چەند هاوکارییەک گەیەندرایە ئاوارەکانى خورماتوو

بەروار: 5 ساڵ لەمەو پێش

چەند هاوکارییەک گەیەندرایە ئاوارەکانى خورماتوو

پێشنیوەرۆى ئەمرۆ ٤-١١-٢٠١٧ هاوکارییە مرۆییەکانى خاتوو ( نینا مراد) خانمە شاجوانى کورد لە ئستوڕاڵیا، بە سەرپەرشتى سەنتەرى رایەڵ بۆ ئاڵوگۆرى کەلتورى (RCE) لە شارۆچکەى (قادرکەرەم) گەیەندرایە (١٠٠) خێزانى ئاوارەى خورماتوو، کە لە خانەقایەکى گەورەى ئەو شارۆچکەیەدا نیشتەجیین.

هاوکارییەکان بریتى بوون لە سێتێک پێداویستى خواردن لە ( زەیت، برنج، ساوەر، ئاوەتەماتە، فاسۆلیا، شیر، دایبى منداڵ، نیسک) و (دەرمانى پێست) و (پێڵاو) و( قرتاسیەى منداڵ) و ریژەیەکى زۆر لە جل و بەرگ، هەروەها لە رێگاى (ئیدارەى راپەرین) کرێى سەیارەو، بۆ هەر خێزانێک دوو تەبەق هێلکە وەک هاوکارى بۆ ئاوارەکانى ئەو شارۆچەکەیە دابینکرا، هەر وەک پیشتریش چەندین هاوکارى تریان لە رێگاى خۆیان بۆ ئاوارەکان ناردوە.

خاتوو ( نینا مراد) کە لە ساڵى ٢٠١٦ بە دووەم شاجوانى جیهان لە ئستورالیا هەڵبژێردرا، بەردەوام کار بۆ هاوکاریکردنى بۆ کوردستان دەکات، لە ماوەى رابردوو کۆنتێنەرێک  پێداویستى منداڵانى لە رێگاى ( منداڵپارێزى کوردستان) کە بەردەوام هاوکارێکى گرنگى ئەم کارە مرۆییانەیە، ناردەوە هەرێمى کوردستان، دواتر دوو کۆنتێنەر کەلوپەلى پزیشکى بۆ شارى رانیە ناردەوە کە کۆنتێنەرى یەکەم لە رێگاى (بەرێوبەرایەتى گشتى تەندروستى راپەرین) دابەشکراو لە ئیستاشدا کۆنتێنەرێکى تر لە کەلوپەلى پزیشکى ناردۆتەوە کە بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیک دابەشبکرێن.

سەنتەرى رایەڵ بۆ ئاڵوگۆرى کەلتورى لە ساڵى ٢٠١٠ لە رانیە دامەزراوە، ئەم سەنتەرە کار بۆ ئاڵوگۆرى کەلتورى لە ناوەوەو دەرەوەى وڵات دەکات، لە ئیستاشدا لە رێگاى پرۆژەیەکى هاوبەش لەگەڵ خاتوونى ناوبراو لە ئستوراڵیا، سەرپەرشتى ئەو هاوکارییانە دەکات لە کوردستان.

 

 

 

تاگەکان: