رایەلێك لە نێوان دامەزراوە پەروەردەیی و بازرگانی و خوێدنی باڵادا دروستدەكرێت

بەروار: 6 ساڵ لەمەو پێش

شاندێكی كەلتوری ئەمریكا سەردانی رانیە دەكات
رایەلێك لە نێوان دامەزراوە پەروەردەیی و بازرگانی و خوێدنی باڵادا دروستدەكرێت

بەمەبەستی گەشەپێدانی رێكەوتنی دەستەخوشكی هەردوو شاری رانیەو شاری Duluth ی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە لە لایەن (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری) لە كوردستان و (رێكخراوی دەستەخوشكی نێودەوڵەتی شاری Duluth) بەرێوە دەبرێت، رۆژی ١٣-١-٢٠١٧ شاندێكی 5 كەسی ئەو شارەی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو بۆ ماوەی هەفتەیەك مانەوە.
لە دەستپێكی سەردانەكەیان، شاندەكە لە (فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر) لە لایەن ستافێكی (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری) بە گەرمی پێشوازی كران، دوای گەیاندیان بە شوێنی حەوانەوە، دەستیان بە پرۆگرامی كارەكانیان كرد، سەرەتا سەردانی شاری سلێمانیان كرد و مۆزەخانەی نیشتیمانی (ئەمنە سورەكە) و رێكخراوی (CPT) یان بەسەر كردوە، دواتر سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كرد و لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە، نزایان بۆ قوربانیانی ئەم شارە كرد، پاشان مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان بەسەر كردوەو لە نزیكەوە بینەری كیمیابارانی هەڵەبجەو ئەو جەور و ستەم و كارەساتانە بوون كە بەرامبەر گەلی كورد كراوە، بۆ ئەمەش ئیدانەی ئەو كارەساتەیان كرد و هاوخەمی و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی كورد دەربڕی.
پاشان دەستیان بە پرۆگرامی كارییان لە شاری رانیە كرد، بۆ ئەمەش رۆژی یەكشەممە 16-1-2017 سەردانی ئیدارەی راپەرینیان كرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین پێشوازییەكی گەرم كران، دواتر لە كۆبونەیەكی تایبەتدا كە هەر یەك لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و قائمقامی قەزای رانیە و یاریدەدەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین بۆ كاروباری هونەری و ستافێكی سەنتەری رایەڵ تێیدا ئامادەبوون، باس لە گرنگی ئەم پەیوەندییە كەلتورییەی هەردوو شار كراو چەند پێشنیازێك خرانە روو، بۆ ئەو مەبەستە شاندی میوان لەسەر پێكەوە گرێدان و دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان دوو خوێندگای شاری رانیەو دوو خوێندگای شاری duluth و دروستكردنی یانەی رۆتەری لە رانیەو پەیوەندی زانستی زانكۆی راپەرین و زانكۆی umd بۆ دابینكردنی كورسییەكی خویندن و هاتنی چەند مامۆستایەك بۆ زانكۆی راپەرین، چەند پێشنیارێكیان خستە روو، بۆ ئەمەش ئیدارەی دەڤەرەكە دەستخۆشی لێكردن و هەموو پشتیوانییەكی خۆیانیان بۆ پێشنیارەكانیان دوپاتكردنەوە.
دواتر شاندەكە سەردانی سەرۆكایەتی شارەوانی رانیەی كرد و لە لایەن سەرۆكی شارەوانی رانیەو ستافی شارەوانیەوە پێشوازییەكی گەرم كران، پاشان لە كۆبونەوەیەكدا باس لە گرنگی پەیوەندی شارەوانی هەردوو شار كرا بۆ گۆرینەوەی زانیاری و سوودوەرگرتن لە ئەزمون یەكتری، هەروەها بۆ ئەوەی لە شاندەكانی تری شاری رانیە بۆ ئەمریكا ئەندازیارانی شارەوانی تێیدا بەشدار بن.
هەمان رۆژ شاندەكە سەردانی سەنتەری چالاكی گەنجانی رانیەی كرد و لە لایەن بەشێكی زۆری گەنجانەوە بەخێرهاتنێكی گەرم كران، پاشان بەشەكانی سەنتەریان بەسەر كردوەو لە نزیكەوەش بینەری چەندین چالاكی هونەریی بوون كە گەنجان وەك بەخێرهاتنێك بۆ ئەوان ئامادەیان كردبوو.
ئێوارەی هەمان رۆژیش لە شوێنی مانەوەی میوانەكان لە میوانخانەی زانكۆی راپەرین، بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی حكومی ناوچەكەو رێژەیەكی زۆری میوان، خوانێكی كوردەواری بۆ ئەندامانی شاندەكە رێكخرا كە تێیدا چەندین جۆر خواردنی كوردی جیاواز، كە لە لایەن ئەندامانی سەنتەری رایەڵەوە ئامادەكرابوو پێشكەشی میوانان كرا.
لە درێژەی پرۆگرامی كارەكانی شاندەكەی شاری Duluth رۆژی دووشەممە 16-1-2017 شاندەكە سەردانی زانكۆی راپەرینی كرد و لە لایەن سەرۆك و ئەنجومەنی زانكۆوە پێشوازیەكی گەرم كران، پاشان لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا باس لە گرنگی پەیوەندی ئەكادیمی زانكۆی راپەرین و زانكۆی (umd) و زانكۆی (سیتسكۆلستیكا) لەو شارەی ئەمریكا كرا، بە تایبەت بۆ دابینكردنی كورسیەكی خوێندنی باڵا و هاتنی چەند مامۆستایەكی ئەوێ بۆ بەشی زمانی ئینگلیزی. بۆ ئەمەش لێكتێگەیشتنێكی باش لە نێوان هەردوو لا هاتە ئارا، كە بریارە لە ئایندەدا كاری لەسەر بكرێت.
یاشان شریتی گەلەرییەكی تایبەت بە یادگارەكانی هەردوو شاری رانیەو Duluth لە هۆڵی زانكۆی راپەرین كرایەوە، هاوكاتیش تابلۆیەكی گەورەی جیهانی كە ئاماژەیە بۆ دەستەخوشكی ( ئەمریكا- كوردستان- یابان- روسیا- كەنەدا- سوید) نیشاندرا كە وتەی 122 كەسی لەو شەش وڵاتەدا لە خۆ گرتوە، كە لە چوارچێوەی تابلۆیەكی شێوەكاریدا لە لایەن هونەرمەندێكی ئەمریكاوە نەخشێنراوە.
دواتر شاندەكە فاكەڵتی و بەشەكانی زانكۆی بەسەر كردەوەو لە نزیكەوە لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و بەشێك لە خوێندكاران گفتوگۆیان كرد، هەروەها بینەری پێشانگایەكی شێوەكاری و چالاكیەكی هونەری مۆزیك بوون كە لە لایەن بەشی راگەیاندنی زانكۆوە ئامادەكرابوو. بۆ دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ شاندەكە لە زانكۆی راپەرین سەردانی سەنتەری زمانی ئینگلیزی كرد و لەسەر چۆنیەتی بەهێزكردنی پەیوەندی نێوانیان راوێژیان كرد، دواتر داواكارییەكانی زانكۆیان بە فەرمی پێشكەش كرا.
بۆ رۆژی دواتر شاندەكە سەردانی بەرێوبەرایەتی پەروەردەی رانیەی كرد و لە لایەن بەرێوەبەری پەروەردەو بەشێك لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەی رانیەوە پێشوازی كران، پاشان لە كۆبونەوەیەكدا باس لە چۆنیەتی دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان دوو خوێندگای شاری رانیەو دوو خوێندگای ئەو شارەی ئەمریكا كرا، بۆ ئەمەش لە لایەن پەروەردەی رانیەوە پشتگیری ئەم پێشنیارە كراو بە گرنگیەوە هەڵسەنگێندرا، هەر بۆ ئەو مەبەستە شاندەكە سەردانی هەر یەك لە خوێنگاكانی ئامادەیی رانیەی كچان و ئامادەیی پێنجی ئازاریان كرد و لە نزیكەوە لەگەڵ خوێندكارو مامۆستایان گفتوگۆو راوێژیان كرد، هەروەها بەشداری دیالۆگێكی كراوەی خوێندكارانیان لە ئامادەیی پێنجی ئازار كرد.
ئەمەو لە درێژەی كارەكانیان رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 18-1-2017 لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی كۆبونەوەیەكی تایبەتیان لەگەڵ ستافێكی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری ئەنجامدا، هەروەها لە لایەن لێپرسراوی سەنتەرەوە كارو چالاكیەكانیان بە پرێزنتەیشن نیشانی شاندەكە دراو لەسەر چۆنیەتی فراوان كردنی پەیوەندیەكەیان گفتوگۆیان كرد.
پاشان شاندەكە بە یاوەری تیمێكی سەنتەری رایەڵ گەشتێكیان بۆ ناو شاری رانیە و دەوروبەری كرد و بینەری چەندین ناوچە گەشتیاری و گشتی شارەكە بوون.
بۆ ئێوارەی درەنگانی هەمان رۆژ لە هۆڵی زانكۆ بە ئامادەبوونی رێژەیەی زۆر لە بەرپرسان و خەڵكی ناوچەكە مەراسیمێكی ماڵئاوایی بۆ شاندەكەی ئەمریكا رێكخرا، كە تێیدا وێرای گۆرینەوەی پەیامی فەرمی لە نێوان قائیمقامی قەزای رانیەو حاكمی شاری Duluth و رێكخراوی دەستەخوشكی نێودەوڵەتی ئەو شارەی ئەمریكا، وتاری هەر یەك لە قائیمقامی رانیەو سەنتەری رایەڵ و زانكۆی راپەرین و سەرۆكی شاندەكەی ئەمریكا خوێندرایەوە، پاشان لە لایەن گروپی گیتاری سەنتەری چالاكی گەنجانی رانیەو تیپی مۆزیكی رانیەوە چەندین چالاكی هونەریی گۆرانی و مۆزیك پێشكەشی ئامادەبوان كرا، دواتر بە گۆرینەی چەندین دیاری كۆتایی بە مەراسیمەكە هێنرا و ماڵئاوایی لە شاندەكە كرا.
لە كۆتا رۆژی گەرانەوەیان شاندەكە لە شاری هەولێر سەردانی جێگری سەرۆكی دەزگای مین و وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوونیان كرد و لەسەر رەوشی كوردستان بە گشتی و گرنگی ئاڵوگۆری كەلتوری نێوان گەلی كورد و ئەمریكا گفوتگۆیان كرد.
لە كۆتاییدا شاندەكە لە كاتژمێر 12 نیوەرۆ لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە لایەن ستافێكی سەنتەری رایەڵەوە ماڵئاوایی كران.
جێگای ئاماژەیە ئەم پەیوەندییە كەلتورییەی نێوان هەردوو شاری رانیەو شاری Duluth ماوەی 7 ساڵە لەیەن سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری بەرێوە دەبرێت كە تێیدا لە مانگی 12 ساڵی 2015 رێكەوتنێكی دەستەخوشكی بە فەرمی لە نێوان هەردوو شاردا واژۆ كرا، بەمەش رانیە لە دوای هەر یەك لە یابان، كەنەدا، سوید، روسیا بوو بە پێنجەمین دەستەخوشكی رێكخراوی دەستەخوشكی نێودەوڵەتی شاری Duluth .

تاگەکان: