لە خوانێكی كوردەوارییدا باس لە ئاڵوگۆری كولتوری كوردستان وڵاتی ئەڵمانیا دەكرێت

بەروار: 8 ساڵ لەمەو پێش

لە خوانێكی كوردەوارییدا باس لە ئاڵوگۆری كولتوری كوردستان وڵاتی ئەڵمانیا دەكرێت

ئێوارەی رۆژی 4/10/2015 وەفدێكی ئەلمانی كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك پرۆفیسۆر و مامۆستای زانكۆ و شوێنەوار و مێژوناسی ئەلمانی كە بە سەردان و لێكۆلینەوەیەكی زانستی لە دەڤەری راپەرینن، لە باخچەی سەنتەری چالاكی گەنجانی رانیەوە بە خوانێكی كوردەواری میوانداری كران.
لە دانیشتنی هەردوو وەفد، باس لە مێژو و شارستانیەتی مرۆڤایەتی كرا لە كوردستان و دەڤەری راپەرین بە تایبەت كە ناوچەیەكی مێژوویی دێرینە و وەك پێویست سەرەتاكانی مێژوی مرۆڤایەتی لەو ناوچەیەدا نەدۆزراوەتەوە و گرنگی شوێنەوار و ناوچە مێژوویەكانی راپەرین شایانی لێكۆلینەوەی زیاترن بۆ رون كردنەوەی مێژووی شارستانیەتی كۆنی مرۆڤایەتی لەو سنورەدا.
لە بەشێكی دیكەی ئەو میواندارییەدا باس لە پەیوەندی و ئالوگۆری كلتوری و فەرهەنگی نێوان كورد و ئەلمانیا كرا و هەردوولا خوازیار بون كار لەسەر دروست كردنی پەیوەندی كلتوری نێوان رانیە و شارەكانی ئەلمانیا بكەن.
بۆ ناساندنی ئەو وەفدی ئەلمانیە بە كلتوری ناوچەكەش، چەندین خواردنی كوردەواری لە خوانێكدا پێشكەش بە میوانەكان كرا و تیپی مۆزیكی سەنتەری گەنجانیش چەند پارچە مۆزیكێكی پێشكەش كرد
جێگای ئاماژەیە لەم كۆبونەوەیەدا وێرای ستافێكی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری, سەنتەری گەنجان , جێگری سەرۆكی زانكۆی راپەرین و جێگری لێپرسراوی مەڵبەند ی راپەرین و بەرێوبەری شوێنەواری رانیەو چەند میوانێكی تری ئامادەی خوانەكە بوون.

تاگەکان: