بة هاوكارى سەنتەری رایەڵدا گۆڤاری كەوالیس لة لبنان ژمارەيةكى تایبەت بە كوردستان بڵاوکردەوە
دوای دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆِری كەلتوری و چالاكی رۆشنبیری و گۆڤاری بەناوبانگی (كەوالیس) ی لوبنانی، تیمێكی ئەو گۆڤارە بە سپۆنسەری بەڕێوەبەرێتی راگەیاندنی سلێمانی و بەهاوكاری فەرمانگەی راگەیاندنی رانیە، سەردانی كوردستانیان كردو بڕیاریاندا یەكێك لە ژمارەكانی گۆڤارەكەیان تەرخان بكەن بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەبو خۆشبەختانە بە هاوكاری سەنتەری رایەڵ ئەم خەونە هاتەدی و لەو كەسەرەتانەی تیمەكە لە كوردستان كۆیان كردبۆوەو پاشانیش بەهاوكاری بەردەوامی ئەندامانی سەنتەری رایەڵ، توانرا ژمارە 166 ی ئەم گۆڤارە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی چاپ بكرێت و لە وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی و ئەوروپی بلاو بكرێتەوە.
رۆژنامەی ئاڵوگۆڕ بەلایەوە گرنگ بوو رانانێكی خێرا بۆ ئەم گۆڤارە بكاتو بابەتەكانی بناسێنێت:
لە بەرگی یەكەمی گۆڤارەكەو لە سەروی بەرگەكەوە نەخشەی هەرێمی كوردستان بەئاڵای كوردستانەوە دانراوەو لەژێریدا نوسراوە هەرێمی كوردستان. هەروەها لە ناوەراستی بەرگەكەدا وێنەیەكی گەورەی هەردوو سەرۆك (مام جەلال و مەسعود بارزانی) دانراوەو چەندین ناونیشانی بابەتەكانی ناوەوە دانراون وەك (رانیە بوكی ئازادی و مەشخەڵی راپەڕین و سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری و هەولێر شاجوانی شارەكان و پەری ئەفسانەكان و شەهیدانی هەڵەبجە شكۆ دەخولقێنن) و چەندین ناونیشانی بابەتەكانی دیكە.
یەكەم بابەتی ئەو گۆڤارە بریتیە لە وتەی باڵیۆزی ئەو كاتی عیراق لە لوبنان (دكتۆر عومەر بەرزنجی) بەناونیشانی (یەك گوتاری عێراقیانەمان هەیە) كە بریتیە لەو وتارەی لە ئاهەنگی نەورۆز پێشكەشی كردبوو لە ولاتی لوبنان، ئەم ئاهەنگە كۆمەڵەی خێرخوازی كوردانی لوبنان لە 24-3-2013 سازیان كردبو.
پاشان ریپۆرتاژێكی مەیدانی تیمی گۆڤارەكە بەرچاو دەكەوێ، لە ساتی بڕیاردانیان بۆ هاتنە هەرێمی كوردستان، تا ئەو كارانەی ئەنجامیان داوە، سەرەتای ریپۆرتاژەكە بە كورتەیەك لە مێژووی كوردو كوردستان دەستپێدەكات و چەند ئاماژەیەكی بۆ جوگرافیاو زمانو چەند لایەنێكی تری كوردستان تێدایە، ئنجا سەبارەت بە گەیشتنیان بۆ هەرێمی كوردستان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو پێشوازیكردنیان لەلایەن تیمی سەنتەری رایەڵ بە سەرپەرشتی بەڕێز (خالید قادر) رێكخەری سەنتەرو وەفدی هاوڕێی پێزانین دەردەبڕن و چیرۆكی گەیشتنیان بۆ شاری رانیەو ئەو پرۆگرامەی سەنتەر بۆی دانابون دەگێڕنەوە، هەر لە درێژەی ئەو ریپۆرتاژەدا بەسەركردنەوەی چەند لایەنێكی ژیاری و فەرهەنگی و رۆشنبیری شاری رانیە بەرچاو دەكەوێ و چەند دیدارێكی پەیوەست بە بواری كارگێڕی و وەرزشی و بوارەكانی لاوان بەرچاو دەكەوێ.
لەلاپەڕە 10 ی گۆڤارەكە بابەتێكی رۆژنامەنوس (فریال دەبوق) كە یەكێك بو لە ئەندامانی ئەو تیمەی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو، بلاو كراوەتەوە بەناونیشانی (هەولێر شاجوانی شارەكان و بوكی ئەفسانەكان) كە تیایدا باسێكی كورت لە چەند لایەنێكی دیاری شاری هەولێر كراوە، پاشان چاوپێكەوتنێكی دكتۆر كاوە مەحمود شاكر وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەخوێنینەوە، كە تیایدا باس لە چالاكیەكانی ئەو وەزارەتە كراوەو بە وردی تیشك خراوەتە سەر ئامانجەكانی وەزارەتی ناوبراو.
دواتر دیدارێكی خاتو ئەمەل جەلال محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە كارەكانی ئەو ئەنجومەنە لەپێناو كەمكردنەوەی توندو تیژی دژی ژنان بەرچاو دەكەوێ، كە تیایدا بە وردی تیشك خراوەتە سەر كارەكانی ئەنجومەنی ناوبراو، دواتر چاوپێكەوتنی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان (هێرش محمدامین) دەبینین كە بریتیە لەو زانیاریانەی ناوبراو بۆ گۆڤارەكەی خستۆتە روو لە بواری دەستەكەو ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا.
یەكێكی تر لە دیدارەكانی ئەو گۆڤارە لەگەڵ مامۆستا (ئازاد شكرچی) وەبەرهێنی دیاری شاری كەركوكە، كە تیایدا چەندین بابەتی گرنگ لە بواری وەبەرهێناندا خراونەتە روو. چاوپێكەوتنێكی دیكەی گۆڤارەكە لەگەڵ (كاروان ئاكرەیی) بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی، ئەنجام دراوەو چەندین پرسی تایبەت بە راگەیاندن و زمانی راگەیاندن و رەهەندەكانی راگەیاندنی كوردی تاوتوێ كراون. دوای ئەوە دیدارێكی گۆڤارەكە لەگەڵ ئەندازیار سەردار حەسەن دزەیی ئەمینداری گشتی لقی هەولێری خاوەنكارانی عیراقی كە پێشتر لە لوبنان بوە، بڵاو كراوەتەوەو چەند پرسێكی تایبەت بەو بوارە گفتوگۆیان لەسەر كراوە.
دواتر لەگەڵ چەندین وێنەی سەرنجراكێش و جواندا بابەتی ( سلێمانی پایتەختی رۆشنبیریی شاری قارەمانان و داهێنانە هزریەكان) دێتە دیدە، كە باسی لایەنەكانی ژیان و داهێنان و قوربانیدان لەو شارەدا دەكات.
دیدارێكی دیكەی كەوالیس لەگەڵ باڵیۆزی ئەوكاتی عیراقە لە لوبنان كە باس لە پاراستنی دەسكەوتەكانی شۆڕ دەكات، ئنجا شعری شاعرێكی عەرەب بڵاو كراوەتەوە كە لەلایەن شاعیری كورد ئیسماعیل راجی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی، بەناوی (كوردن، حەزو تاسەی دڵمن).
بابەتێكی دیكە بریتیە لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ عەمیدی مافناس صاڵح عوسمان خدر، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، لەژێر ناونیشانی ( بۆ ساڵی سێیەم پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت لەسەر ئاستی عیراق لە دەركردنی پاسپۆرت)، كە جگە لە باسكردنی بەڕێوەبەرایەتیەكە چەند بابەتێكی پەیوەست بە شۆرشەكانی كوردو راپەڕینی مەزنی گەلەكەمان لە ساڵی 1991 قسەیان لە بارەوە كراوە.
دواتر تیمی كەوالیس چاوپێكەوتنی پارێزگاری سلێمانی بەهرۆز محمد صاڵحیان لە گۆڤارەكەیاندا بلاو كردۆتەوە كە باس لە زۆر لایەنی ئاوەدانی و رۆشنبیری سلێمانی دەكات و پلان و بەرنامەی پارێزگا بۆ شاری سلێمانی و سنوری پارێزگاكە دەخاتە روو، دوای بەدوای ئەوەش دیداری بەرێوەبەری راگەیاندنی سلێمانی (نەورۆز عەباس) دێتە بەرچاو كە تیمەكە لەگەڵیان ساز كردوەو بڵاویان كردۆتەوە.
گۆڤاری كەوالیس چەند لاپەڕەیەكی بە باكگراوندی رەشەوە تەرخان كردوە بۆ چەندین وێنەی قوربانیانی هەڵەبجەی شەهیدو لە مانشێتی سەرەكیدا نوسیویانە (هەڵەبجە شاری خوێن.. شاری شەهیدبوون، جگە لە بڵاوكردنەوەی سەردانی مەیدانی تیمی گۆڤارەكە، چاوپێكەوتنێكیش كە لەگەڵ گۆران ئەدهەم قائیمقامی هەلەبجەی شەهید ساز كراوە، دەخوێندرێتەوەو تیایدا بە وردی باسی ئەو تاوانانە كراوە كە دەرهەق بە خەڵكی هەڵەبجە ئەنجام دراون، هەنگاوەكانی ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجەش باسیان لێوە كراوە.
یادی راپەڕینی جەماوەری شاری رانیەی دەروازەی راپەڕین، گرنگی و بایەخی زۆری لەو ژمارەیەی گۆڤاری كەوالیس پێ دراوەو چەندین وێنەی مەراسیمی ئەو یادە بڵاو كراوەتەوە.
دوابەدوای ئەوە چاوپێكەوتنێكی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین كاك عبدالحمید عبدالله لەژێر ناوی (هەندێك را هەیە دەڵێن 5-3 سەرەتای مێژوی كوردە) بڵاو كراوەتەوەو زۆر بابەت پەیوەست بە راپەڕین و خزمەتكردنی سنوری ئیدارەی راپەڕین باسیان لێوە كراوە. دوابەدوای ئەمە دیداری هیوا قەرەنی قائیمقامی قەزای رانیە لەسەر خزمەتكردنی سنوری قەزای رانیەو لە بوارەكانی ئاوەدانی و گەشت و گوزاری دێتە بەرچاوو گرنگی دان بە شاری رانیە لە تەوەرە هەرە سەرەكیەكانیەتی، پاشان دیداری سەرۆكی شارەوانی ئەوكات دەخوێنینەوە كە تیمەكە لە بواری شارەوانی شاری رانیەدا لەگەڵیان ساز كردوە.
دیدارێكی تری ئەم ژمارەیەی گۆڤارەكە تایبەتە بە قسەكردن لەگەڵ رێكخەری سەنتەری رایەڵ خالید قادر، لەو دیدارەدا ئامانجەكانی دروستبونی سەنتەری رایەڵ و ئەو چالاكیانەی تا ئێستا ئەنجامی داوە تەوەری دیدارەكەن، لەگەڵ هەنگاوەكانی ئایندەو ئاستەنگو گرفتەكانی سەنتەری ناوبراو.
دواتر راپۆرتێك دەخوێنینەوە بەناونیشانی (سەنتەری رایەڵ ئەمریكیەكان سەرسام دەكات) كە بریتیە لە راپۆرتی گشتی كارو چالاكیەكانی تیمی ئاڵوگۆڕی كەلتوری ئەمریكا لە كوردستاندا.
لە دوا ساتدا چاوپێكەوتنی دكتۆر حسین غازی كاكەمین یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی راپەڕین و نوسەرو رۆژنامەنوس ئەنوەر رەسوڵ و مامۆستا قادر حسین یەكێك لە بەشداربوانی راپەڕین و ئومێد بڵباس خاوەنی رانیە مۆڵ بەدوای یەكدا لەسەر چەندین تەوەرو بابەتی جیاواز دێنە بەرچاوو گۆڤارەكەیان رازاندۆتەوە. لە دواجاردا پارچە شعرێكی سدیق عەلی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی و وێنەی چەند منداڵێكی چاوگەشی شاری رانیەو دوا ستونی خاوەنی گۆڤارەكە فاتمە فەقیهـ دەبینین.
ماوەتەوە بوترێت تەرخانكردنی ئەو ژمارەیە گۆڤاری كەوالیس گرنگی تایبەتی خۆی هەیەو لە رێگەی ئەو كارەوە دۆزی رەوای گەلی كوردو كلتورو رۆشنبیری و شۆڕشەكانی كوردستان بە جیهانی دەرەوە بەتایبەت جیهانی عەرەبی باشتر ئاشنا دەكرێن.
بەهیوای سەركەوتن بۆ تیمی گۆڤاری كەوالیس