سەنتەری رایەڵ ئاڵوگۆرە كەلتورییەكانی گەلی كورد‌و وڵاتی توركیا فراوان دەكات

بەروار: 12 ساڵ لەمەو پێش

سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری و چالاكی رۆرشنبیری R.C.E
ئاڵوگۆرە كەلتورییەكانی گەلی كورد‌و وڵاتی توركیا فراوان دەكات
چەندین سەردان‌و كۆبۆنەوەی گرنگ لە وڵاتی توركیا ئەنجام دادەن.
بەمەبەستی ئاڵوگۆری كەلتوری و سەردانی چەند دامەزراوەیەكی كەلتوری و رۆشنبیری‌وحكومی لە وڵاتی توركیا, وەفدێكی 12 كەسی (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری و چالاكی رۆشنبیریR.C.E ) رۆژی 24-12-2011 سەردانی وڵاتی توركیای كرد‌و چەندین كۆبونەوەو سەردانی گرنگیان ئەنجامدا. ئامانجی ئەو سەردانە دروستكردنی پەیوەندییەكی كەلتوری و گۆرینەوەی ئایدیا‌و سەردان‌و ئاشنابوون بوو بە سەنتەرە كەلتوری و ناوەندە رۆشنبیرییەكانی ئەو وڵاتە بەو ئامانجەی لە ئایندەدا چالاكی هاوبەش ئاڵوگۆری كەلتوری لە نێوانیاندا ئەنجام بدەن. لەو بارەیەوە بەرپرسی سەنتەری رایەڵ رایگەیاند: لەو سەردانەدا توانراوە چەندین پەیوەندی هەمەلایەن لەگەڵ سەنتەر و رێكخراوە كەلتورییەكانی ئەو وڵاتە دروستبكەن‌و كە پێشبینی كرد لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاستی پەیوەندییە كەلتورییەكانی نێوانیان فراوان بێت.
وردەكاری پرۆگرامە كەلتورییەكی سەنتەری رایەڵ بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
سەر لە بەیانی رۆژی 25-12- 2011 شاندەكە گەیشتە شاری جزیرەو لایەن لێپرسراوی (سەنتەری كەلتوری مەم زین لە جزیرە)و ستافێكی ئەو سەنتەرەوە پێشوازی كران, دواتر لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا تیشك خرایە سەر دیرۆك‌و رەوشی كەلتوری ناوچەكەو چەند زانیاریەك لە نێوانیان ئاڵوگۆر كرا, هەروەك لەسەر شیوازی كاری هەردوو سەنتەر و ئاڵوگۆری كەلتوری نێوانیان قسە كرا و پێشنیاری چەند چالاكیەكی هاوبەش خرانە روو. دواتر بەشەكانی سەنتەرەكە بەسەر كرانەوەو لە لایەن پۆلێك منداڵێ‌ دەست رەنگینی جزیرەش چەندین ئاواز و گۆرانی كوردی پێشكەشی میوانەكانیان كرا, لەو نمایشەدا منداڵانی جزیرە ئاستێكی بەرزیان نیشاندا كە بووە مایەی سەرنج راكێشانی شاندەكەی رایەڵ. پاشان چەند دیاری و پەیامی هاورێیەتی (قائیمقامی قەزای رانیە)و (سەنتەری رایەڵ) پێشكەشی سەنتەرەكە كرا و بە سپۆنسەری كۆمپیانیای لوتكەش خەڵاتێكی تایبەت پێشكەشی منداڵە بەشداربووەكانی چالاكیەكە و سەنتەرەكە كرا. دوا بە دوای ئەوە بە یاوەری سەرپەرشتیارانی (سەنتەری كەلتوری مەم و زین) سەردانی چەندین شوێنەواری گرنگی دەڤەرەكە كرا كە تێیدا (شورای مێژووی جزیرە, قەڵات و كۆشكی میرانی جزیرە) مەزاری (نوح پێخەمبەر)‌و قوتابخانەو خانەقای (مەلا ی جزیری) و چەندین شوێنەواری تر بەسەر كرانەوە. هەر وەك چۆن چەپگە گۆلی پر لە خۆشەویستی لەسەر مەزاری (مەم‌و زین) دانرا. هەروەها سوپاسی رێز و خۆشەویستی خەڵكی جەزیرە كرا كە بەو پەری دڵسۆزییەوە پێشوازییان لە شاندەكەی سەنتەری رایەڵ كرد.
كاتژمێر 10 پێش نیوەرۆ رێكەوتی 26-12-2011 شاندەكە گەیشتە شاری دیاربەكر‌و سەردانی (سەنتەری كەلتوری دیجلەو فورات) میزۆپۆتامبیایان كرد و لە لایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری سەنتەرەكەوە بە گەرمی پێشوازی كران, پاشان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا باس لە كارو چالاكییەكانی نێوانیان‌و پلانەكانی ئایندەیان كراو چەندین پێشنیار و بەرنامە خرانە كارنامەی چالاكیەكانیان. دواتر چەند بەرهەمێكی هونەری پێشكەشی شاندەكەی رایەڵ كراو لە دیالۆگێكی هاوبەشیشدا لەسەر ئاڵوگۆری كەلتوری هەردوو سەنتەر گفتوگۆ كرا‌و بەڵێنی هاوكاری و هەماهەنگی چالاكیەكانی یەكتری درا, پاشان چەندین خەڵات و دیاری لەلایەن هەردوو لا گۆردرایەوەو تەكید لە دۆستایەتی نێوانیان كرایەوە.
لە كاتژمێر 11:30 هەمان رۆژ شاندەكەی رایەڵ وەك پشتیوانییەك بۆ (دایكانی ئاشتی) بەشداری لە نارەزایەتی و خۆپێشاندێكی ئەو گروپەی لە بەردەم دادگای ئەو شارە كرد, كەداوای ئازادی و ئاشتیان دەكرد و پشتیوانی خۆیان بۆ داواكانیان دەربری . دوا بە دوای ئەوە لە ئۆفیسی سەرەكی گروپی (دایكانی ئاشتی) لە لایەن لیژنەی سەرپەرشتیاریی ئەو گروپەوە, پێشوازییەكی گەرم لە شاندەكەی رایەڵ كرا, پاشان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا دایكانی ئاشتی باسیان لە كارو چالاكیەكانی خۆیان كرد‌و تەكیدیان لە پەیامی ئاشتی و ئازادی بۆ گەلی كورد و تەواوی مرۆڤایەتی كردەوە, هەروەها ئەو سەردان و پەیوەندییەیان بە گرنگ هەڵسەنگاند.
دوا بە دوای ئەوە لە بارەگای سەرۆكایەتی شارەوانی دیاربەكر لە لایەن بەرپرسی كاروبارە كەلتوری و رۆشنبیرییەكانی ئەو شارەوەوە شاندەكە بە گەرمی پێشوازی كران. پاشان لە كۆبونەوەیەكدا كە چەندین بەرپرسی هونەری شارەكە تێیدا ئامادەبوون لەسەر چەندین بەرنامەی هاوبەشی نێوانیان رێككەوتن و تەكید لە پەیوەندیی درێژخایەنی نێوانیان بۆ سەرجەم چالاكیە كەلتورییەكان كرایەوە, بەتایبەت بۆ فیستیڤاڵی ساڵانەی نێوانیان‌و بەشداری كردنی چالاكیەكانیان. لە ئێوارەی هەمان رۆژ بە یاوەری سەرپەرشتیارانی كەلتوری ئەو ناوچەیە شاندەكەی رایەڵ سەردانی چەندین دامەزراوەو شوێنەواری مێژووی ناوچەكەی كرد بە تایبەت شورای مەزنی شاری ئامەد‌و كتێبخانە و گەلەری چەندین ناوەند و شوێنی تری شارەكە بە سەر كرانەوە. دواتر بە باوەشی پر خۆشەویستی شاندەكەی رایەڵ شاری دیاربەكری بەجێ‌ هێشت و رۆژی 27-12-2011 گەیشتە شاری ئەنقەرە, لە دەستپێكی چالاكیەكانی ئەو شارەش سەردانی ئۆفیسی سەرەكی (بەهرۆز گەڵاڵی) لە ئەنقەرە كرد. بە گەرمییەوە پێشوازی كران, دواتر لە كۆبونەوەیەكی تایبەندا باس لە ناساندنی سەنتەری رایەڵ و كارو چالاكیەكانی رابردووییان كرا و ئامانج و پرۆگرامەكانی شاندەكەی رایەڵ لە وڵاتی توركیا شیكرایەوە.
كاتژمێر 3 دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ شاندەكە سەردانی كتێبخانەی (چوارچرا)یان لەئەنقەرە كردو لەگەڵ بەرپرسی كتێبخانەكە باسیان لە رەوشی رۆشنبیری بەگشتی كردو دەست خۆشی و سوپاسی خۆیان ئاراستەی فەتاح قەرەگۆز بەرپرسی كتێبخانەكە كرد كەلەسەر ئەركی خۆی و بەخۆ بەخشی ئەو كتێبخانە كوردیەی بۆخزمەت و ناساندنی گەلی كورد لەو وڵاتە كردۆتەوە، پاشان هەر لەو كتێبخانەیە نوسەری گەورەی تورك‌و دۆستی خۆشەویستی گەلی كورد ( ئیسماعیل بیشكچی) سەردانی شاندەكەی كرد‌و دیدارێكی لەگەڵیان ئەنجامدا, كە تێیدا وێرای رێز گرتنی تیمەكەی رایەڵ لە خزمەتی گەورەی ئەو دۆستە خۆشەویستەی گەلی كورد, باس لەرەوشی هەرێمی كوردستان‌و ئاڵوگۆرە كەلتورییەكانی سەنتەری رایەڵ كراو چەند تەوەرەیكی تری رۆشنبیری لە لایەن هەردوو لاوە گفتوگۆی لەسەر كرا. نوسەری گەورەی تورك ( بیشكچی) ئەو سەردانەی بە گرنك وەسف كرد و چەند تێبینی و سەرنجێكی گشتی خۆشی بۆ شاندەكەی سەنتەری رایەڵ خستە روو.
پێش نیوەرۆی رۆژی 28-12-2011 شاندەكەی رایەڵ سەردانی كەناڵێ‌ ئاسمانی TRT6 لە ئەنقەرە كرد‌و بەشەكانی ئەو كەناڵەی بەسەر كردوە, هەروەها لەگەڵ ستاف و بەرێوبەرانی ئەو كەناڵە كۆبونەوەیەكی ئەنجام دا كە تێیدا وێرای ناساندنی سەنتەرەكەو باس كردنی ئامانجی سەردانەكەیان, لەسەر رەوشی كەلتوری نێوانیان گفتوگۆیەكی كراوە ئەنجام درا. هەروەها داوا كرا ئەو كەناڵە گرنگی بە چالاكیە رۆشنبیری و كەلتورییەكانی هەرێمی كوردستان بدات. لە بەرامبەردا لە لایەن ستافی كەناڵەوە بە گەرمی پێشوازی لە داواكانی سەنتەری رایەڵ كراو سەردانەكەیان بە گرنگ وەرگیرا. دوا بە دوای سەردانەكە ریپۆرتاژێك لە هەمان كەناڵ لەسەر گەشتە كەلتورییەكەی سەنتەری رایەڵ بۆ توركیا نیشاندرا.
كاتژمێر 8 شەوی 29-12-2011 لە شاری ئەستەمنبوڵ شاندەكە سەردانی (سەنتەری كەلتوری لاز)ەكانی لە ئەستەنبوڵ كرد و لە لایەن بەرپرسی ئەو سەنتەرەو ستافێكی 7 كەسییەوە بە گەرمییەوە پێشوازی كران. دواتر لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا باس لە كارو چالاكیەكانی هەردوو سەنتەرەكەو كراو لەسەر رەوشی كەلتوری نێوانیان چەند زانیارییەك گۆردرایەوە بەتایبەتیش لە لایەن (بەرپرسی سەنتەری لاز) لەسەر جوگرافیا و مێژووی لازەكان چەندین زانیاری گرنگ پێشكەشی ستافەكەی سەنتەری رایەڵ كرا.
ئەم سەردانەی (سەنتەری رایەڵ)بە یەكەم سەردانی سەنتەرێكی كوردی دادەنرێت كە سەردانی (سەنتەری كەلتوری لاز)ەكانی لە ئەستەنبوڵ كردبێت و لەگەڵ ئەو گەلە ئاشنایەتی پەیدا بكات. هەر بۆیە ئەو سەردانە لە لایان زۆر بە گرنگەوە وەرگیرا, هەر ئەمەش دەرگای گفتوگۆیەكی فرە رەهەندی بۆ ئایندەو كارو چالاكیەكانیان لە نێوان هەردوو لا كردەوە. لازەكان بەشێكیان دەكەونە چەند شارێكی توركیاو رێژەیان لەو وڵاتەدا زیاتر لە ملێون‌و نیووێك كەسە وخاوەنی مێژوو و كەلتورێكی رەسەنی خۆیانن. دوا بە دوای ئەو كۆبونەوەیەو لە سەردانێكی پر گرنگدا ستافەكەی رایەڵ لە كاتژمێر 8:30 شەوی 30-12-2011 سەردانی ( رێكخراوی كەلتوری قەفقاز)یان لە ئەستەنبوڵ كرد‌و لەلایەن سەرپەرشتیارانی رێكخراوەكەوە بە گەرمی پێشوازی كران. پاشان لە كۆبونەوەیەكی فەرمیدا باس لە سروشتی كاری هەردوو رێكخراو كراو لەسەر شێوازی ئاڵوگۆری كەلتوری نێوانیان گفتوگۆ كرا. هەر لەو سەردانە لە لایەن بەرێوەبەری رێكخراوەكە باسێك لەسەر ناساندنی جوگرافیای قەفقاز‌و شێوازی كەلتورییان پێشكەش كراو لەسەر نەتەوەیی (چەركەس) چەندین زانیاری ئاماژەی پێدرا. هەروەها پرۆژەی گەڵاڵە كراوی رێكخراوەكە بۆ پەرلەمانی توركیا كە تایبەت بوو بە پاراستنی مافی نەتەوەییان پێشكەشی شاندەكەی رایەڵ كرا. بە خۆشحاڵیەوە ئامادەییان بۆ پەیوەندیەكی كەلتوری, لەگەل سەنتەری رایەڵ و گەلی كورد بە گشتی دەربڕی. پاشان بەشەكانی رێكخراوەكە بەسەر كرانەوەو چەندین دیاری و خەڵات لە نێوانیان گۆردرایەوە.
جێگای ئاماژەیە چەركەسەكان كە خەڵكی ناوچەی قەفقازن لە مێژوویەكی رابردوودا هاتونەتە وڵاتی توركیا, نزیكەی 8 میلۆن كەس لەو وڵاتە پێكدێنن. ئێستا كار لەسەر زیندوو هێشتنەوەی زمانەكەیان‌و پاراستنی كەلتور و مافە نەتەوەییەكانی خۆیان لەو وڵاتەدا دەكەن و لە رێگای ئەو رێكخراوەشەوە چالاكیە كەلتورییەكانیان لە ئاستی جیهاندا ئەنجام دەدەن. لە كۆتایی پرۆگرامی شاندەكەی رایەڵ و وەك هاوخەمییەك بۆ كارەساتە نامرۆییەكەی شرناخ‌و هاوهەڵوێستیەكی نەتەوەیی, شاندەكە رۆژی 31-12-2011 كاتژمێر2 دوای نیوەرۆ سەردانی ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میزۆپۆتامیایان لە ئەستەنبوڵ كردو لەگەڵ بەرپرس و ستافی سەنتەرەكە كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا, كە تێیدا وێرای باس كردن لە رەوشی كەلتوری و ناساندنی چالاكیەكانیان, هاوخەمی خۆیان بۆ كەسوكاری شەهیدانی سڤیلی شرناخ دەربڕی و بەشدارییان لە پرسەكەیاندا كرد.
لە كاتژمێر 3ی دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ سەردانی بارەگای سەرەكی پارتی (B.D.P) یان لە ئەستەنبوڵ كرد‌و بە گەرمییەوە پێشوازی كران, پاشان لە كۆبونەوەیەكدا وێرای خوێندنی فاتیحە بۆ گیانی شەهیدانی سڤیلی شرناخ, هاوخەمی‌و پەرۆشی خۆیان بۆ كارەساتەكە دەربڕی‌و ئیدانەی هێرشی فرۆكە جەنگییەكانی توركیایان كرد كە ئەو كارە دڵـتەزێنەی لێكەوتۆتەوە. ئەو سەردانەی سەنتەری رایەڵ وەك هاوهەڵوێستیەكی نەتەوەیی‌و نیشتیمانی دانرا‌ولە لایەن ئەندامانی (B.D.P) بەرز هەڵسەنگێدرا.
بەم شێوەیە پرۆگرامە كەلتورییەكەی رایەڵ لە وڵاتی توركیا كۆتایی پێهات كە پێشبینی دەكرێـت لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم سەردانە ببێتە مایەی چەند چالاكیەكی هاوبەش و توندوتۆڵكردنی پەیوەندی ئاڵوگۆری كەلتوری و گەلی كورد و وڵاتی توركیا.
جێگای ئاماژەیە سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری و چالاكی رۆشنبیری كە ناسراوە بە R.C.E لە 15-12-2010 مۆڵەتی یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە, كار لەسەر پرۆگرامی ئاڵوگۆری كەلتوری دەكات‌و تا ئێستاش توانیویەتی چەندین پەیوەندی هەمەلایەن لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات دروستبكات, بەتایبەت لەگەڵ ئەمریكا و چیك‌و كەنەدا. ئۆفیسی سەرەكی ئەو سەنتەرە ئێستا لە شاری رانیەیەو توانیویانە شاری رانیە بكەنە دەستەخوشكی شاری DULUTHی ئەمریكا. هەر بۆ ئەو مەبەستە چەندین سەردانیان لە نێوانی هەردوو شاردا بۆ لای یەكتری رێكخستوە, جگە لە سازدانی چەندین دیالۆگێكی كەلتوری لەگەڵ نەتەوە جیاوازەكانی جیهان. سەنتەری رایەڵ لە ساڵێ‌ رابردوو یەكەمین فیستیڤاڵێ‌ كەلتورە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ 10 كەلتوری جیاواز لە بواری گۆرانی و هەڵپەركێ‌ و دیالۆگی كەلتوری رێكخستوە. ئێستاش لە هەوڵ دایە بازنەی پەیوەندییەكانی فراوان بكات, بە تایبەت بۆ كردنەوەی ئۆفیس لە شارو شارۆچكەكانی تر و گرێدانی پەیوەندی كەلتوری لەگەڵ چەندین نەتەوەو وڵاتی جیاواز.

تاگەکان: