راپۆرتى گشتى سەردانی دووەمین شاندی شاری Duluth ی ئەمریكا بۆ شاری رانیە

بەروار: 11 ساڵ لەمەو پێش

سەردانی دووەمین شاندی شاری Duluth ی ئەمریكا بۆ شاری رانیە

راپۆرتى گشتى:

رۆژی 27/5/2011 شاندێكی شاری Duluth ی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد. ئەم شاندە كە بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری و پتەوكردنی دەستەخوشكی هەردوو شاری رانیەو شاری Duluth كە ماوەی 2 ساڵە پەیوەندی ئاڵوگۆری كەلتورییان هەیە, سەردانی كوردستانی كرد لە لایەن ( سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری) پلان و بەرنامەی كاریان بۆ دانرا كە سەرەتا شاندەكە لە :

كاتژمێر (3)ی شەوی (27-5-2011) لەفرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی, شاندی شاری Duluthی ئەمریكا گەیشتە هەرێمی كوردستان, لەگەڵ گەیشتنیان لەلایەن ستافێكی (سەنتەری رایەل بۆ ئالوگۆری كەلتوری) بە گەرمیەوە پێشوازی كران.
لە پرۆگرامی كاری یەكەم رۆژی وەفدەكەدا كاتژمێر (10)ی سەر لە بەیانی رۆژی هەینی27-5-2011 سەردانی مۆزەخانەی نیشتمانی (ئەمنەسورەكە)یان كردو بەشەكانیان بەسەركردەوە.
پاشان سەردانی ئۆفیسی سەرەكی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستانیان كردوو لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامەی رێكخراوەكەوە بەگەرمیەوە پێشوازی كران. لەم دانیشتنەدا وێرای ناساندنی رێكخراوەكە بە میوانان, چەند زانیارەیەكیش لەسەر رەوشی منداڵان و سەنتەرەكانی گەنجانی هەرێمی كوردستان خرایە ڕوو.
دواتر وەفدەكە لە كاتژمێر (2.5)ی دوانیوەرۆ سەردانی مۆنۆمێێنتی هەڵەبجەو مەزاری شەهیدانیان لەشاری هەڵەبجە كرد, لە یاداشتی مۆنۆمێنتەكەدا هاوخەمی و پەرۆشی خۆیان بۆ مێژووی گەلی كوردو شاری هەڵەبجە تۆماركرد.
سەر لەبەیانی رۆژی 28/5/2011 كاتژمێر 10 سەر لە بەیانی شاندی شاری (Duluth)ی ئەمریكا گەیشتنە شاری رانیەو لە دەروازەی شار بە ئاپۆرایەكی جەماوەری پێشوازی كران. لەو پیشوازییە كە قائمقامی قەزای رانیەو بەشێكی زۆری بەرپرسە حكومی و رێكخراوەكانی ناوچەكەو رێژەیەكی زۆری هونەرمەندان و گەنجانی ناوچەكە ئامادەبوون وەفدی شاری (Duluth)ی بە چەپلە رێزان و پێدانی گوڵ پێشوازی كران. پاشان لە پاركی دەروازە پەردە لەسەر لۆگۆی شاری رانیەو شاری (Duluth) و دوو چلە نێرگز لادرا كە ئاماژەی بە دەستەخوشكی‌و هاورێیەتی نێوان هەردوو شار دەكرد, ئەم دوو چالاكیە لەلایەن هونەرمەند ( ریباز قادر) ئامادەكرابوو. پاشان 10 نەمام لە لایەن شاندی شاری (Duluth)و بەشێكی خەڵكی شاری رانیە لە پاركەكە چێنرا, هەروەها رەگی چەندین جۆر گوڵی شاری (Duluth)یان پێشكەش بە سەرۆكی شارەوانی كرد,.

لە كاتژمێر 2 دوای نیوەرۆ هەمان رۆژ لە هۆڵی كتێخانەی گشتی رانیە وەفدێكی شاری رانیە كەپێك هاتبوون لە ( قائمقامی قەزای رانیە, سەرۆكی شارەوانی, بەرێوبەری پەروەردە, بەرێوبەری گشتی تەندروستی, زانكۆی راپەرین, بەرێوەبەری كارەبا, سەنتەری رایەڵ, چالاككوانێكی بواری ژنان) لەگەڵ شاندەكەی شاری (Duluth) كۆبونەوەیەكی فەرمیان ئەنجامدا, لەو كۆبونەوەیە سەرەتا فلمێكی دیكۆمێنتی لەسەر مێژووی پەیوەندی نێوان هەر دوو شارو وێنە مێژوییەكانی شاری رانیە و نیشاندانی كەلەپوری ناوچەكە نمایشكرا, پاشان ئەندامێكی شاندی ئەمریكا سێ‌ پەیامی حاكمی شاری (Duluth) بەرێز ( دۆن نیس)ی پێشكەشی هەر لە یەك قائمقامی قەزای رانیەو سەرۆكی شارەوانی‌و پاركی دەروازە كرا. لەو كۆبونەوەیە تەئكید لە پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەر دوو شارو فراوانكردنی پەیوەندیەكە كرایەوە. پاشان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ شاندەكەی شاری (Duluth) ئەنجامدرا. ئێوارەی هەمان رۆژ شاندەكە سەردانی ناو بازاری رانیەیان كرد و لە نزیكەوە لەگەڵ چەندین كاسبكارو پیشەوەردا قسەیان كرد.

رۆژی 29/5/2011 كاتژمێر 8,30 سەر لە بەیانی وەفدەكەی شاری (Duluth)ی ئەمریكا سەردانی بەرێوبەرایەتی پەروەردەی رانیەی كردو لەلایەن بەرێوبەری پەروەردەو سەرپەرشتیاران و مامۆستایانەوە پێشوازی كران, پاشان لە كۆبونەوەیەكدا باس لە رەوشی پەروەردەی هەرێمی كوردستان كراو چەند پێشنیارێك خرایە روو.

دواتر لە كاتژمێر 10,30 شاندەكە سەردانی زانكۆی راپەرینی كرد. لە سەرەتادا لە لایەن دكتۆر محمد سەرۆكی زانكۆو ئەنجومەنی زانكۆوە پێشوازی كران پاشان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا باس لە دروستكردنی لینكێك كرا لە نێوان زانكۆی راپەرین و زانكۆكانی شاری (Duluth). هەروەها چەندین پێشنیارو باسی گرنگ لە كۆبونەوەكەدا خرایە روو,

پاشان لە كاتژمێر 2,30 دوای نیوەرۆ سەردانی ئامادەیی (5 ئازار) یان كرد, دوای بەخێرهاتن, شاندەكە میتنگێكی لەگەڵ زیاتر لە 60 خوێندكار ئەنجامدا كە بەشێك لە خوێندكارانی هەردوو ئامادەیی ( 5 ئازارو ئامادەیی رانیەی كچان)بوون, ئەم خوێندكارانە بە زمانێكی ئینگلیزی رەوان گفتوگۆیەكی زۆریان لەگەڵ شاندەكە كرد كە بریتی بوو لە گۆرینەوەی زانیاری لە نێوان هەردوولا.

دوا بە دوای ئەوە وەفدەكەی شاری (Duluth) سەردانی ئامادەی رانیەی كچانی كرد كە تێیدا فیستڤالێكی كەلەپوریان بۆ میوانەكان ئامادەكردبوو. ئەو فیستیڤاڵە لەژێر رەشماڵێك چەندین دیمەنی كەلەپوری ئامادەكرابوو كە خوێندكارەكان بە جلوبەرگی كوردیەوە نمایشیان دەكرد. پاشان زیاتر لە 20 كچ نمایشێكی جلوبەرگی كچانیان نمایشكرد. هەروەها چەندین خواردنی كوردی پێشانی میوانەكان درا. هەروەك شایی و گۆرانی بەشێكی تری فیستیفاڵەكە بوو.

پاش ئەو چالاكیە وەفدەكە سەردانی یانەی وەرزشی رانیەی كرد و چەند شوێنێكی وەرزشیان بەسەر كردوە هەروەك لەگەڵ تیپی بالەی كچانی رانیە بەشداریان لە راهێنانەكانیان كرد.

لە كاتژمێر 9 سەر لەبەیانی رۆژی 30/5/2011 شاندەكەی شاری (Duluth) سەردانی قائمقامیەتی قەزای رانیەی كرد و كۆمەڵگای فەرمانگەكانی بەسەر كردوە هەروەها لە نزیكەوە لەگەڵ چەند فەرمانگەیەك زانیاریان گۆرییەوە.

پاشان لە كاتژمێر 11 پێش نیوەرۆ سەردانی سەرۆكایەتی شارەوانی رانیەیان كرد, لەو سەردانەدا سەرەتا شریتی پێشانگایەك پچرێنرا كە ئاماژەی بە كارو چالاكیەكانی شارەوانی دەكرد. پاشان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا لە نێوان هەردوو لا چەندین پێشنیارو زانیاری گرنگ ئاماژەی پێدرا, بە تایبەت بۆ دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان شارەوانی هەردوو شارو بەهێزكردنی ئاستی زانیارییەكان. پاشان چەند دیاریەك پێشكەشی میوانەكان كرا.

لە دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ شاندەكە سەردانی بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری رانیەی كرد, لەو سەردانەدا سەرەتا چەند دیمەنێكی مێژووی شاری رانیە و فلمێكی دیكۆمێنتی نیشاندرا, دواتر لە ماڵێكی كوردەوای كە بریتیە لە بەشێكی بەرێوبەرایەتیەكە چەندین دیمەنی كەلەپوری نیشاندرا, هەورەها بەشەكانی تری بەرێوبەرایەتی بەسەر كرایەوەو دواتر لە كۆبوەنەیەكی تایبەتدا باس لە رەوشی رۆشنبیری لە نێوان هەردوو لا كرا. هەر وەك چەند خەڵاتێك درایە میوانەكان.

لە كاتژمێر 4 ئێوارە وەفدەكە سەردانی سەنتەری چالاكی گەنجانی رانیەیان كرد, دوای مەراسیمی بەخێر هاتن بەشەكانی سەنتەر ( كۆمپیوتەر, مۆزیك, شێوەكاری, گەلەری, وەرزش, كتێبخانە) یان بەسەر كردوە هەروەها بینەری چەندین چالاكی هونەری بوون كە لە لایەن دوو گروپی مۆزیكی سەنتەرەوە ئامادەكرابوو,

لە كاتژمێر 5 ئێوارە شاندەكە كۆبونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ بەشێك لە رێكخراوەكانی ژنانی ناوچەكە ئەنجامدا لەو كۆبونەوەیە باس لە رەوشی ژنانی هەردوو شار كراو زانیاریان لە نێوان ئاڵوگۆ كرا هەروەها چەند پێشنیارێك بۆ پەیوەندی و سەردانی نێوان هەردوو لا بۆ یەكتری خرانە روو.

بۆ رۆژی دواتر واتە 31/5 شاندەكە لە كاتژمێر 9 سەر لە بەیانی سەردانی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی رانیەی كرد‌و لە لایەن دكتۆر محمد بەرێوبەری گشتی تەندروستی‌و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رانیە پێشوازیەكی گەرم كران, پاش ناساندنی سیستەمی تەندروستی كوردستان و گفتوگۆیەكی فراوان لەسەر رەوشی تەندروستی كوردستان وەفدەكە بەشەكانی بەرێوبەرایەتیەكەی بەسەر كردوە, پاشان سەردانی نەخۆشخانەی راپەرین و سەنتەری گورچیلەو نەخۆشخانەی رانیەیان كرد‌و لە نزیكەوە لەگەڵ بەشێك لە دكتۆر و كارمەندەكان دوان‌و بەشەكانیان بەسەر كردەوە. پاشان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا داوا كرا كە هاوكاری چەند نەخۆشێك بكردرێت بۆ دابینكردنی فیزا بۆ بەمەبەستی سەردانكردنی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا‌و بۆ چارەسەر, هەروەها تەكید لە پتەوكردنی زیاتر لینكی پەیوەندی هەردوو لا كرایەوە بۆ گۆرینەوەی زانستی بەردەوام.

دوای نیوەرۆ لە كاتژمێر 2,30 وەفدەكە سەردانی نوسینگەی بەگرداچوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنانیان كرد, لەو سەردانەدا سەرەتا چالاكیەكی هونەرییان پێشكەش كرا, پاشان لە لایەن بەرپرسی نوسینگەوە چەند زانیاریەكی گرنگ لەسەر رەوشی توندوتیژی لە ناوچەكەدا خرایە روو هەروەها راپۆرتی یەك ساڵی نوسینگەكە و چەند خەڵاتێك پێشكەشی میوانانەكان كرا.

دوا بەدوای ئەوە‌و لە كاتژمێر 4 ئێوارەی هەمان رۆژ وەفدەكە سەرانی یەكەی چالاكیە هونەرییەكانی رانیەی كرد‌و لە لایەن بەرێوبەری پەروەردەی رانیەو بەرپرسی یەكەی چالاكیە هونەرییەكان بە گەرمی پێشوازی كران, پاشان بەشەكانی یەكەكە بەسەر كرایەوە بەتایبەت بەشی شێوەكاری و مۆزیك‌و ستۆدیۆ و شانۆو .. هتد كە تێیدا چەند چالاكیەكی هونەری نمایشكرا بەتایبەت لە لایەن تیپی مۆزیكی یەكەكەوە چەند بەرهەمێكی بە پێز نمایشكرا.

سەر لە بەیانی رۆژی 1/6/2011 شاندەكەی شاری (Duluth) سەردانی یەكێتی زانایانی ئاینی لە مزگەوتی رانیە كرد‌و كۆبونەوەیەكی لەگەڵ كۆمەڵێك مامۆستای ئاینی ئەنجامدا, لەو كۆبونەوەیەدا تەكید لە هاوئاهەنگی نێوان ئاینە ئاسمانیەكان‌و گرنگی دیالۆگ‌و پەیوەندی نێوانیان كرایەوە. لە دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ وەفدەكە بە یاوەری ستافی رایەڵ گەشتێكیان بۆ ناوچە گەشتیاری‌و مێژوویەكانی ناوچەكە ئەنجامدا ناوچەكانیان پێناسێنرا.

سەر لە بەیانی رۆژی 2/6/2011 وەفدەكە سەردانی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی رانیەی كرد, كە تێیدا سەرەتا بینەری چەندین كاری شێوەكاری خوێندكارانی پەیمانگاكە بوون, دواتر لە بەشی مۆزیك چەند پارچە مۆزیكێكیان پێشكەشكرا. دواتر لەگەڵ ئیدارەی پەیمانگە گفتوگۆ لەسەر رەوشی هونەری ناوچەكەو كارو چالاكیەكانی پەیمانگاكە كرا.

دوا بە دوای ئەوە شاندەكە سەردانی كازیوەی منداڵانی رانیەی كرد‌و لە لایەن بەرێوبەری رۆشنبیری منداڵانی رانیەو بەرێوبەری كازیوەی رانیەو رێژەیەكی زۆری منداڵانەوە بە چەپلە رێزان پێشوازی كران. دواتر بەشەكانی كازیوەكەیان بەسەر كردوەو چەندین چالاكی هونەری و وەرزشییان پێشكەشكرا.

لە دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی رانیەو بە ئامادەبوونی قائیمقامی قەزای رانیەو سەرۆكی شارەوانی رانیەو بەرێوبەری بەرێوبەری گشتی تەندروستی رانیەو بەرپرسی بەشێكی زۆری بەرێوبەرایەتی و سەنتەرو رێكخراوەكانی ناوچەكە, مەراسێمێكی ماڵئاوایی بۆ وەفدەكە ئەنجام درا. لەو مەراسیمەدا سەرەتا لە لایەن تیپی مۆزیكی رانیەوە دوو گۆرانیان پێشكەش كرا. دواتر لە لایەن ( خالید قادر) رێكخەری ئەو پەیوەندیەو بەپرسی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری (R.C.E) باس لە چۆنیەتی دورستبوونی پەیوەندی دەستەخوشكی هەردوو شاری رانیەو شاری Duluth كرا, كە ماوەی 2 ساڵە پەیوەندی ئاڵوگۆری كەلتوری لە نێوانیاندا هەیە.. پاشان قائیمقامی قەزای رانیە ( عەلی حمد بەگ) لە وتەیەكدا ئاماژەی بە گرنگی ئەو پەیوەندیە كرد‌و دوای فراوانكردنی ئاستی پەیوەندەكەی كرد, هەروەها چەند داخوازییەكی گرنگی خستە روو لە هەمانكات هیوای خواست سەردانەكە جێگای رەزامەندییان بوبێت. دواتر لە لایەن هەر یەك لە ( سەرۆكی شارەوانی, بەرێوبەری گشتی تەندروستیو سەنتەری رایەڵ, بەرێوبەری رۆشنبیری, سەرۆكی یەكێتی زانایان, چالاكوانێكی بواری ژنان) چەند وتەیەك پێشەش كرا پاشان لە لایەن هەردوو بەرێزان (قائمقانی قەزای رانیەو سەرۆكی شارەوانی رانیە) دوو پەیام لە رێگای وەفدەكەوە بۆ حاكمی شاری Duluth بەرێز ( دۆن نیس) نێردرا. هەروەها چەندین دیاری و خەڵاتییان پێشكەشكرا. پاشان هەر یەك لە ئەندامانی شاندەكەی شاری Duluthی ئەمریكا كە پێك هاتبوون لە ( میشێڵ, فیلچەر, ریبیكا, ئیسن) كە سەرجەمیان جلی كوردییان لەبەر كردبوو, چەند وتەیەكیان پێشكەشكرد كە تێیدا خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانەكە دەربڕی و سوپاسی سەنتەری رایەڵ و خەڵكی شاری رانیەیان كرد كە بەو پێشوازییە گەرمە بەخێرهاتنیان كردوون. هەروەها تەئكیدیان لە پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوو شار كردوەو بەڵێنیان دا كە كار بۆ داخوازییەكانی خەڵكی شارەكە بكەن. بۆ ئەمەش دوو گۆرانیان بە زمانی ئینگلیزی پێشكەشی خەڵكی رانیە كرد. پاشان لە ناو چەپَلەرێزان‌و باوەشی پر خۆشەویستی ئامادەبواندا ماڵئاوایی لە وەفدەكە كرا. بۆ ئەمەش ستافێكی سەنتەری رایەڵ تا فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی یاوەری شاندەكەی كرد كە لە كاتژمێر 4 بەیانی رۆژی 3/6/2011 خاكی كوردستانیان بە جێهێشت.

جێگای ئاماژەیە ئەو پەیوەندیەی نێوان هەردوو شاری رانیەو شاری Duluthی ئەمریكا لەلایەن سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری (R.C.E) سەرپەرشتی دەكرێت كە ماوەی 2 ساڵە ئەو دوو شارە پەیوەندی دەستەخوشكی ئاڵوگۆری كەلتورییان لە نێواندا هەیە. بۆ ئەمەش لە مانگی 5 ساڵی 2009 وەفدێكی 7 كەسی ئەو شارە سەردانی شاری رانیەی كرد‌و بۆ ماوەی هەفتەیەك مانەوە پاشان شاندێكی شاری رانیە لە مانگی 9 ساڵی 2010 سەردانی ئەو شارەی ئەمریكای كردەوەو چەندین كۆبونەوەو سەردانی گرنگیان ئەنجامدا كە لە میدیای ئەمریكا گرنگی زۆری پێدرا. وا بریارە لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندێكی تری شاری رانیە بۆ هەمان مەبەست سەردانی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بكاتەوە.

تاگەکان: