شێوەکاران و فۆتۆگرافەرانى رانیە لە دوو پێشانگاى جیاوازدا میوانى ئامەد بوون
بەسەرپەشتى سەنتەرى رایەڵ و لەسەر بانگهێشتى شارەوانیی ئامەدى باکوورى کوردستان، شاندێکى کەلتورى لە رانیە سەردانى شارى ئامادى کرد و چەند چالاکیەکى هەمەجۆرییان ئەنجامدا.
شێوەکاران و فۆتۆگرافەرانى رانیە لە دوو پێشانگاى جیاوازدا بەشداربوون
ئەو چالاکییە سەنتەرى رایەڵ بۆ ئاڵوگۆرى کەلتورى و شارەوانى رانیە رێکیان خست، بۆ لێک نزیک بوونەوەى و ئاڵوگۆرى کەلتورى لە نێوان هەردوو شار، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکى کەلتورى شارى رانیە بە بەشدارى سەرۆک وستافێکى شارەوانى رانیەو هونەرمەندانى شێوەکار، رۆژانى ١٢-١٣-١٤/٢/٢٠١٤ سەردانى شارى ئامەدیان کرد و چەند چالاکیەکیان ئەنجامدا.
بۆ ئەو مەبەستە هونەرمەند شێوەکارى(خەلیل عەلى) لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەى هەولێر وتى: ئەم چالاکیەى سەنتەرى رایەڵ شارەوانى رانیە، رێکیان خست ئێمە بە ٤٠ تابلۆى شێوەکارى کە بەرهەمى ١٦ شێوەکارى رانیە بوون، لە هۆڵى جگەر خوێن ئامادەکارییمان کرد، هەروەها پێشانگاى دوەمیش پێشانگایەکى فۆتۆگرافى بوو بۆ ١١ فۆتۆگرافەرى رانیە، کە گوزارشتى لە جوانى و شارەستانیەتى رانیە دەکرد، لە بارەى گرنگى و بەهاى ئەو چالاکیە هونەرییانە لە ئامەد، هونەرمەند خەلیل عەلى ئەوەشى وت: ئەوە یەکەم جارە بەشدارییەکى هونەرى وا مەزن لە ئامەد چێ ببێت و ئەوەش بووە جێگاى پەسندى هونەرمەندان و هونەر دۆستانى شارى ئامەد، وتیشى جگە لە چالاکى هونەرى، شارەوانى و سەنتەرى رایەڵ، توانیان پردێک دروست بکەن لە نێوان شارى ئامەد و رانیەدا کە ئێمەش وەک هونەرمەندان ئاواتەخوازین ئەم پردە سەرجەم کایەکانى ژیارى و هونەرى بگرێتەوە لە پێناو نزیککردنەوەى زیاترى ئەم دوو شارەى کوردان.
سەبارەت بە کاردانەکانى راگەیاندن لەسەر ئەم چالاکیە هونەرییانە، هونەرمەد خەلیل عەلى وتى : چالاکیەکانمان بۆ جێگاى گرنگى راگەیاندنى کوردى و تورکى لەم شارەدا و بە بایەخەوە ئەم پەیوەندییەیان نرخاند و شارەدارى مەزن ئەوەی خواست لە ئێمە بە شاندى مەزنتر و بەرفراوانتر ئامەد جوانتر بکەین.