ئاژانسی ئانادۆڵۆ – رانیە.. پێنجەمین فێستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکان

ئاژانسی ئانادۆڵۆ – رانیە.. پێنجەمین فێستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکان

سەرچاوە :  ئاژانسى ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ

پێنجەمین فێستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکان شەوی رابردوو لە پارکی دەروازەی رانیە (رانیە دەکەوێتە دووری ١٣٠ کلم لە باکووری سلێمانی) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە و دەوروبەری دەستی پێکرد، تێیدا ١١ تیپ و گرووپ بەشدارن و لە دوو شەودا نمایشی کولتوورەکانی خۆیان دەکەن.

فێستیڤاڵەکە لە پێناو ئاشتی و پێکەوە ژیانی کولتوورە جیاوازەکان و لە ژێر دروشمی (ئاشتی و ژیاندۆستی لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا) لەلایەن سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کولتووری و چالاکی رۆشنبیریی بەڕێوە دەچێت.

سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵ و سەرۆکی سەنتەرەکە، خالید قادر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی کرد بە گرنگی ئەنجامدانی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ناوچەکە لە ناساندنی کولتوورە جیاوازەکان بە یەکتر، ئەو گوتی: “ئامانج لە فێستیڤاڵەکە لێکنزیکردنەوە و تێکەڵکردنی کولتوورە جیاوازەکانە”.

لە فێستیڤاڵەکە دا ١١ گروپی ھونەری لە دەرەوە و ناوەوەی ھەرێمی کوردستان بەشدارییان تێیدا کردووە کە بریتین لە تیپەکانی (خانەی نمایشی جلوبەرگی عێراقی لە بەغدا، تیپی ھونەری میللی شاری بەێرە، تیپی ھونەر و فۆلکلۆری وڵاتی میێر، تیپی گلداز لە بلوچستان، گرووپی ئیستم لە خوراسان، گرووپی رووناک بۆ کولتوورە جیاوازەکانی ئێران، تیپی ھونەری میللی سلێمانی، تیپی ھونەری میللی دھۆک، تیپی ھونەری میللی کەرکووک ‘عەرەب- سریان- تورکمان- کورد’، تیپی ئارمانج لە عەفرین، گرووپی مۆزیکی راپەرین) .

لەشەوی یەکەمی فێستیڤاڵدا جگە لە گوتاری کردنەوەی فێستیڤاڵ و پێشوازی میوانەکان، ژمارەیەک لە گرووپە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵ نمایشی کولتوور و ھونەری خۆیان بۆ ئامادەبووان کرد و شەوی دووەمیش بەشێکی تری گرووپە بەشدارەکان بە ھەمان شێوە نمایشی کولتوور و ھونەری خۆیان دەکەن.

لە پرۆگرامی دووەم رۆژی فیستیڤاڵەکەش (پێشانگای کەلەپووری و سازدانی خوانێکی گەورەی خواردنە کوردییەکان و نمایشی کارە ھونەرییەکانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی رانیە، نمایشی بەلەمەکان لەدەربەندی رانیە) بەشێکی تری کارەکانی ڤێستیڤاڵەکەن.

سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کولتووری، ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە، ئەم سەنتەرە کار لە بواری ئاڵوگۆری کولتووری لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەکات، تا ئێستاش چەندین پەیوەندی و پرۆگرامی کولتووری لەگەڵ ئەمریکا، لوبنان، ئوستراڵیا، تورکیا و چەند وڵاتێکی تر ئەنجامداوە، ساڵانەش فێستیڤاڵی کولتووری بۆ کولتوورە جیاوازەکان ئەنجام دەدات.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ

تاگاەکان :