زانکۆى راپەرین و دامەزراوەى رایەڵ سیمپۆزیۆمێکى نێودەوڵەتیان ئەنجامدا

زانکۆى راپەرین و دامەزراوەى رایەڵ سیمپۆزیۆمێکى نێودەوڵەتیان ئەنجامدا

دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کولتوری و گەشەپێدانی مرۆیی، بە هاوبەشی بەشی فەلسەفەی لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی راپەرین ، رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥-٤-٢٠٢٢، لە هۆڵی زانکۆی راپەرین، بە ئامادەبوونى سەرۆک و یاریدەری زانکۆ و راگرانی کۆلێژەکان و ریژەیەکى زۆر لە مامۆستایان و خویندکارانى زانکۆو رۆشنبیرانى ناوچەکە،  سیمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتی لەژێر ناوى (فەلسەفە و کولتوری پێکەوە ژیان) ئەنجامدا.

لە دەستپێکى سیمپۆزیۆمێکەدا هەموان خولەکێک بۆ گیانى شەهیدان بە پێوە وەستان، دواتر وتارى هاوبەشی رێکخەرانى سیمپۆزیۆم لە لایەن(پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر پیشەوا حەمید راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان)  خوێندرایەوە.

دواتر لە دوو پانێڵی زانستیدا حەوت توێژەرى ناوخۆیی و دەرەکی لە پلەی زانستی جیادا و لە زانکۆکانی راپەڕین، کامبریجی بەریتانیا، نیدەراینی ئەڵمانیا، پۆڵەندا و ئەمریکا بەچەند بابەتێکى جیاوازلە رەهەندی جۆر بەجۆرەوە بەشدارییان لە سیمپۆزیۆمەکەدا کرد و تیشکیان خستە سەر فەلسەفەو کولتورى پێکەوەژیان لە روانگەی تیۆری و پراکتیکییەوە، لە جیهان و کوردستان، کە لە کۆتایی هەر پانێڵێکدا دەرگاى پرسیاروگفتوگۆ بۆ ئامادەبوان دەکرایەوە و تییدا لە لایەن بەشێک لە ئامادەبوانەوە پرسیارو سەرنجی گرنگ دەخرانە روو.

لە کۆتاییدا راسپاردەکانی سیمپۆزیۆم بۆ ئامادەبوان خوێنرایەوە و بڕوانامەی بەشداری و رێزلێنان بە بەشداربوان و رێکخەرانی چالاکییەکە بەخشرا، دوای سێ کاتژمێر و نیو کۆتایی بە کارەکانی سیمپۆزیۆم هات و بووە جێگەی دەستخۆشی بەشداران و ئامادەبوان.

 

 

 

 

تاگەکان :