شاندی باڵای وڵاتی پۆڵەنداو دامەزراوەی رایەڵ كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا

شاندی باڵای وڵاتی پۆڵەنداو دامەزراوەی رایەڵ كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا

دوای نیوەڕۆی رۆژی دوو شەممە رێکەوتی ٥/٩/٢٠٢٢ لە شاری رانیە (دامەزراوەی ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی) بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندام و خۆبەخشانی دامەزراوەكەی، پێشوازی لە شاندێكی باڵای وڵاتی پۆڵەندا کرد.
دواتر لە کۆبوونەوەیەکدا پوختەیەک لە کار و چالاکییەکانی دامەزراوەی رایەڵ بە شیوەی ڤیدیۆ و ئەرشیفی وێنەکان بۆ وەفدی میوان نمایشکرا، پاشان لەلایەن (د رائد رەحمان) لە دامەزراوەی رایەڵ بە زمانی پۆڵەندی و بەشیوەی پرێزنتەیشن پوختەیەک لە بارەی کوردستان و گەلی کورد و مێژووەکەی پێشکەشی ئامادەبووان کرا، دواتر لەلایەن سەرۆكی دامەزراوەی رایەڵ پرۆژەیەکی لە بارەی دیاردەی كۆچ و هۆكارو لێكەوتەكان و بەگەرخستنی توانای گەنجان لە رێگای پەرەپێدانی پیشەیی و ئاڵوگۆری چالاكیەكان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یەكتری بە هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی تواناکان و گەشەپێدانیان” لە نێوان هەردوولا پێشکەشکرا.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری شاری پۆلسک (ئەندچی نۆڤاکوڤسکی) سوپاسی دامەزراوەی رایەڵی کرد بۆ بانگهێشتیان بۆ هەرێمی کوردستان و سازدانی دیدار و کۆبوونەوەکانیان، هەروەها بە خۆشحاڵییەوە پێسوازی لە دەسپێشخەری و پرۆژەکەی رایەڵ کرد و باسی لە هەماهەنگی نێوان هەردوولا و هاوبەشی مێژوویی کرد لە نێوان پۆڵەندا و کوردستان.
جێگەی باسە پارێزگاری پۆڵسک بە یاوەری سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگا و زانکۆی پۆلسک و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەر، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى پۆلسک، بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوەو پرۆژەی ئیراسمۆس)، لەرێگەی (دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كولتوری و گەشەپێدانی مرۆیی) بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لە کارنامەی سەردانەکەیاندا هەر یەکە لە شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی سۆران) بەسەردەکەنەوە و چەندان کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدەن.

تاگەکان :