رایەڵ، پۆڵەندا دێنێتە کوردستان

بەروار: 1 ساڵ لەمەو پێش

رایەڵ، پۆڵەندا دێنێتە کوردستان

لەسەر بانگهێشتی دامەزراوەی رایەڵ، وەفدێکی باڵای وڵاتی پۆڵەندا بە سەرۆکایەتی پارێزگاری شاری پۆڵسک بەڕێز (ئەندچی نۆڤانۆڤسکی) و هاوڕێیەتی شاندێکی باڵا، رێکەوتی (٣/٩/٢٠٢٢) گەیشتنە هەرێمی کوردستان و چەندان دیدار و سەردانی گرنگیان ئەنجامدا. جێگای باسە ئەم شاندە لەسەر بانگێشتی فەرمی دامەزراوەی ڕایەڵ لە رێگەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین و بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لە کارنامەی سەردانەکەیاندا هەر یەکە لە شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی سۆران) یان بەسەرکردەوە و چەندان کۆبوونەوەی گرنگیان ئەنجامدا، کە لەم راپۆرتەدا پوختەی چالاکییەکانیان دەخەینەروو:

شاندەکە دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

دوای نیوەرۆی رۆژی شەممە رێكەوتی 3-9-2022 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، شاندێکی باڵای وڵاتی پۆڵەندا بە سەرۆکایەتی پارێزگاری شاری پۆلسک (ئەندچی نۆڤاکوڤسکی) و ئەندامیەتی هەریەک لە (سەرۆکی زانکۆی پۆلسک، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆڵسک، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەر، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى پۆلسک، بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوە و پرۆژەی ئیراسموس)، لە سەر بانگهێشتی (دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كولتوری و گەشەپێدانی مرۆیی) گەیشتنە هەرێمی کوردستان. دواتر لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە لایەن بەرێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری شاری هەولێر و بەرێوەبەری پەیوەندییەكانی پارێزگاو ستافێكی دامەزراوەی رایەڵەوە بە گەرمی پێشوازی کران.

دواتر لە دانیشتنێكدا وێرای بەخیرهاتنی شاندەكە باس لە گرنگی پەیوەندییەكانی هەردوو لاو كارنامەی شاندەكە كرا و شاندەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک دەمێننەوە کە تێیدا سەردانی شارەکانی ( هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، رانیە، سۆران) دەکەن، بڕیارە لەمیانەی سەردانەکەشیان چەندین گرێبەست و پەیوەندی هەمەلایەن، پەیوەند بە گەشەپێدانی توانای گەنجان، دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ زانکۆکان، دەستەخوشکی شارەکان و ئاڵوگۆری چالاکی هونەری و رۆشنبیریی، بنیات بنێن. ئەم شاندە لە رێگای دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتوری بە ئاگاداری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ و بانگھێشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین بە فەرمی سەردانی کوردستانی کردووە

 

ڕایەڵ لەگەڵ شاندە باڵاکەی وڵاتی پۆڵەندا کۆدەبێتەوە

دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٣/٩/٢٠٢٢ لە هۆتێل هەولێری نێودەوڵەتی (شیڕاتۆن) شاندێکی دامەزراوەی ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (خالید قادر، ئارام قادر، شەهرام رەسوڵ و وریا مستەفا) لەگەڵ شاندێكی باڵای وڵاتی پۆڵەندا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کارنامەی شاندەکەی وڵاتی پۆڵەندا لە ماوەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی یەک هەفتە، کە بەهەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی ڕایەڵ و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت. هەروەها گفتوگۆ لە بارەی پەیوەندی و پرۆژەی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی کولتووری و زانستی و پەروەردەیی لە نێوان هەردوولادا کرا.

 

شاندەکە سەردانی وەزارەتی رۆشنبیریی دەکەن

 

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 4-9-2022 شاندە باڵاكەی وڵاتی پۆڵەندا بە یاوەری ستافێکی دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتوری و گەشەپێدانی مرۆیی، سەردانی وەزارەتی رۆشنبیرییان کرد و لە لایەن بەرێز (حەمەی حەمە سەعید) وەزیری رۆشنبیریی و لاوان و بەرێوبەری گشتی دیوان و بەرێوەبەری گشتی دێوان و بەڕێوەبەری گشتی لاوان و وتەبێژی وەزارەت و ستافێکی وەزارەتەوە بە گەرمی پێشوازی کران.

دواتر لە کۆبونەوەیەکدا وێرای بەخێرهاتنی شاندەکە بۆ هەرێمی کوردستان، بە گرنگیەوە باس لە پەیوەندییەکانی گەلی کورد و وڵاتی پۆڵەندا کرا، بە تایبەت لە بواری ئاڵوگۆری چالاکیە رۆشنبیریی و هونەریی و کولتوورییەکان، و بەردەوامی دان بە پەیوەندییەکانی هەردوولا. لە لایەکی ترەوە وەزیری رۆشنبیریی سوپاسی دامەزراوەی رایەڵی کرد بۆ بانگهێشتکردنی ئەم شاندەو چالاکیەکانی دامەزراوەکەشی بە گرنگیەوە بۆ میوانەکان باسکرد.

 

پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە شاندی رایەڵ و وڵاتی پۆڵەندا دەکات

 

پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤\٩\٢٠٢٢، بەڕێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و نوێنەری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرو بەڕیوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕیوەبەری پەیوەندیەکانی پارێزگا، لە دیوانی پارێزگا پێشوازیان کرد لە شاندێکی دامەزراوەی رایەڵ و وەفدێکی پارێزگای پۆڵسکی پۆڵەندا بە سەرۆکایەتی پارێزگاری شاری پۆڵسک (ئەندچی نۆڤاکوڤسکی) و ئەندامیەتی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو سەرۆكی زانکۆی پۆلسک و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەر، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى پۆلسک، بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوە) لە شاری پۆلسک.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرا لە ئاستە جیاوازەکانی کولتوری، دەستەخوشکی، زانستی و بازرگانی. لەلای خۆیەوە بەڕێز پارێزگاری هەولێر بەڵێنی هاوکاری و هەماهەنگی پێدان و لە بەرامبەریشدا وەفدی وڵاتی پۆڵەندا سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ میوانداری و پێشوازیەکەیان دەربڕی و هیوایان خواست پەیوەندی و هەماهەنگییەکان بچنە قۆناغی کرداری و لەسەر بنەمای سوودی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی هەمەلایەنە دەست بە کاری پێکەوەیی بکەن و بانگهێشتی وەفدی پارێزگای هەولێریان کرد بۆ وڵاتی پۆڵەندا.

 

شاندەکەی پۆڵەندا سەردانی قەڵاتی هەولێر دەکات

 

لە چوارچێوەی بەرنامەی کار و سەردانەکانیاندا نیوەڕۆی رۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ٤/٩/٢٠٢٢ شاندە باڵاکەی وڵاتی پۆڵەندا بە یاوەری ستافێکی دامەزراوەی ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی سەردانی قەڵاتی دێرینی هەولێریان کرد و لە لایەن بەڕێز (نیهاد لەتیف خۆجە)، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵاتی هەولێر پێشوازی کران و دواتر بە یاوەری (پایەدار محسین) بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندیەکان و چالاکیەکان مۆزەخانەی ڕستن و چنین و خانووی دێرینی ڕەشید ئاغا و کوچە و کۆڵانەکانی قەڵاتیان کرد. لە کۆتایشدا سەرسامی خۆیان بە مێژووی شارستانیەتی شەش هەزار ساڵەی قەڵاکە و شاری هەولێر دەربڕی، کە لەلایەن یونسکۆوە وەک دێرینترین قەڵای جێ ژیانی مرۆڤ بە بەردەوامی تۆمار کراوە.

 

شاندە باڵاکە دەگاتە ئیدارەی راپەڕین

لە شاری رانیە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئیدارەی راپەرین و شاری پۆلسک ئیمزا کرا

 

پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٥\٩\٢٠٢٢، بەڕێز (هیوا قەرەنی) سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بە ئامادەبوونی قائیمقامی قەزای رانیە و جێگرانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و سەرۆکی شارەوانی رانیە وبەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی راپەرین، لە دیوانی ئیدارەی راپەڕین پێشوازیان لە شاندێکی دامەزراوەی رایەڵ و وەفدە باڵاکەی پۆڵەندا بە سەرۆکایەتی پارێزگاری پۆڵسک بەڕێز (ئەندچی نۆڤاکوڤسکی) و ئەندامیەتی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو سەرۆكی زانکۆی حکومی پۆلسک و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەر، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى پۆلسک، بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوە) لە شاری پۆلسک، كرد.

دواتر لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەبارەی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان هەردوولا، لە ئاستە جیاوازەکانی کولتوری، دەستەخوشکی، زانستی و بازرگانی كرا، لەلای خۆیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بەڵێنی هاوکاری و هەماهەنگی پێدان و لە بەرامبەریشدا وەفدی وڵاتی پۆڵەندا سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ میوانداری و پێشوازیەکەیان دەربڕی و هیوایان خواست پەیوەندی و هەماهەنگییەکان بچنە قۆناغی کرداری و لەسەر بنەمای سوودی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی هەمەلایەنە دەست بە کاری پێکەوەیی بکەن. دواتر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و پارێزگاری پۆلسک ئیمزا کرا و دیاری هاوڕییەتی و نیەتپاکی لە نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕکرا، هەروەها هیوایان خواست ئەمە ببێتە یەکەم هەنگاوی فەرمی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نیوانیان. دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەردوولا ئامانجی دیدار و لێکتێگەیشتنەکەیان بۆ میدیاكان خستەروو لە بوارەکانی کولتور و پەروەردە و خوێندن و بازرگانی و وەرزش و کشتوکاڵ.

 

زانکۆی راپەڕین و زانکۆی پۆڵسک، بە ئامادەبوونی شاندی رایەڵ یاداشتنامەیەکیان ئیمزا کرد

 

رۆژی دوو شەممە (5-9-2022) لەسەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، بە ئامادەبوونی شاندی رایەڵ (پ.ی.د. پەیمان رەمەزان احمد) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین و وەفدێكی زانكۆی راپەڕین پێشوازیان كرد، لەوەفدێكی باڵای وڵاتی پۆڵەندا بەسەرۆکایەتی پارێزگاری شاری پۆلسک (ئەندچی نۆڤاکوڤسکی) و ئەندامیەتی هەریەک لە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو سەرۆکی زانکۆی پۆلسک و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەر، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى پۆلسک، بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوەو پرۆژەی ئیراسمۆس)، کە لەرێگەی (دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كولتوری و گەشەپێدانی مرۆیی) سەردانی زانكۆی راپەڕینیان كرد.

دواتر لەكۆبونەوەیەكدا سەرۆكی زانكۆی راپەڕین لەدوای بەخیرهاتنی وەفدەكە بەگرنگییەوە باسی لەپەیوەندییەكانی هەردوولا كردو پوختەیەكی دەربارەی زانكۆی راپەڕین بۆ وەفدی میوان خستەڕوو. هەر لەكۆبونەوەكەدا تیمێكی زانكۆی راپەڕین وردەكاریان دەربارەی كۆلێژو بەڕێوەبەرایەتی و سەنتەرەكان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی راپەڕین بۆ وەفدی میوان خستەڕوو.

لەمیانی كۆبونەوەكەدا یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان زانكۆی راپەڕین و زانكۆی پۆلسكی پۆلەندا واژۆ كرا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەكادیمییەكان و ئاڵوگۆڕی خوێندكاران و ستافی هەردوولا. دواتر شاندی رایەڵ پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی هەردوولا کرد بۆ ئیمزاکردنی یاداشتەکە و بەڵینی هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ هەردوولادا دا.

 

دامەزراوەی رایەڵ، پرۆژەیەک لەسەر کۆچ و گەشەپێدانی توانای گەنجان کوردستان پێشکەشی پۆڵەندا دەکات

 

دوا نیوەڕۆی رۆژی دوو شەممە رێکەوتی ٥/٩/٢٠٢٢ لە شاری رانیە (دامەزراوەی ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتوری و گەشەپێدانی مرۆیی) بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندام و خۆبەخشانی دامەزراوەكەی، پێشوازی لە شاندێكی باڵای وڵاتی پۆڵەندا کرد.

دواتر لە کۆبوونەوەیەکدا پوختەیەک لە کار و چالاکییەکانی دامەزراوەی رایەڵ بە شیوەی ڤیدیۆ و ئەرشیفی وێنەکان بۆ وەفدی میوان نمایشکرا، پاشان لەلایەن (د رائد رەحمان) لە دامەزراوەی رایەڵ بە زمانی پۆڵەندی و بەشیوەی پرێزنتەیشن پوختەیەک لە بارەی کوردستان و گەلی کورد و مێژووەکەی پێشکەشی ئامادەبووان کرا، دواتر لەلایەن سەرۆكی دامەزراوەی رایەڵ پرۆژەیەکی لە بارەی دیاردەی كۆچ و هۆكارو لێكەوتەكان و بەگەرخستنی توانای گەنجان لە رێگای پەرەپێدانی پیشەیی و ئاڵوگۆری چالاكیەكان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یەكتری بە هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی تواناکان و گەشەپێدانیان” لە نێوان هەردوولا پێشکەشکرا.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری شاری پۆلسک (ئەندچی نۆڤاکوڤسکی) سوپاسی دامەزراوەی رایەڵی کرد بۆ بانگهێشتیان بۆ هەرێمی کوردستان و سازدانی دیدار و کۆبوونەوەکانیان، هەروەها بە خۆشحاڵییەوە پێسوازی لە دەسپێشخەری و پرۆژەکەی رایەڵ کرد و باسی لە هەماهەنگی نێوان هەردوولا و هاوبەشی مێژوویی کرد لە نێوان پۆڵەندا و کوردستان.

جێگەی باسە پارێزگاری پۆڵسک بە یاوەری سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگا و زانکۆی پۆلسک و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەر، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى پۆلسک، بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوەو پرۆژەی ئیراسمۆس)، لەرێگەی (دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كولتوری و گەشەپێدانی مرۆیی) بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لە کارنامەی سەردانەکەیاندا هەر یەکە لە شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی سۆران) بەسەردەکەنەوە و چەندان کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدەن.

شاندەکە دەگاتە سلێمانی

شاندەکەی پۆڵەندا چەند پەیوەندییەکی گرنگ لە سلێمانی بنیاتدەنێن

 

‎لە درێژەی دیدار و سەردانەكانی شاندە باڵاكەی وڵاتی پۆڵەندا بە سەرۆكایەتی ئەندچی نۆڤانۆڤسكی پارێزگاری پۆڵسك و سەرۆكی زانكۆی پۆڵسكی حكومی و وەفدی هاوڕێیان، ڕۆژی چوار شەممە ٦ـــ٩ـــ٢٠٢٢ سەردانی پارێزگای سلێمانیان كرد.

‎سەرەتا لە دیوانی پارێزگا لەلایەن بەڕێز (دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر) پارێزگاری سلێمانی بە گەرمی پێشوازی لە شاندەكە باڵاكەی وڵاتی پۆڵەندا و شاندی ڕایەڵ كرا، لە دیدارێكدا پارێزگاری سلێمانی ڕۆڵ و مێژووی شاری سلێمانی وەك پایتەختی ڕۆشنبیرێ و بێشكەی خەباتی هاوچەرخی كورد لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچەكە ڕوونكردەوە و شاندی میوان سەرسامی خۆیان بەو مێژووە دەربڕی و باسیان لە هاوخەباتی و چونیەكی مێژووی هەردوولا كرد.

‎دواتر وێڕای دیاری گۆڕینەوەی نێوانیان، هەردوو پارێزگار بە بایەخەوە لەو پەیوەندیەیان ڕوانی و بەڵێنی هەماهەنگی و بەردەوامیان دا، هەروەك هەردوولا بە گرنگەوە ڕۆڵی دامەزراوەی ڕایەڵیان لە دروستكردنی پەیوەندیەكەدا بەرز نرخاند و سوپاسیان كرد.

‎دواتر شاندەكە سەردانی زانكۆی سلێمانی كرد و لەگەڵ سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی كۆبوونەوە و چۆنێتی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ستاف و كاری زانستیان گفتوگۆكرد و هاوڕابوون لەسەر پەیوەندی زانستی و ئەكادیمی نێوانیان.

‎پاشان شاندەكە بە هاوڕێیەتی شاندی ڕایەڵ سەردانی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەكەیان لە شاری سلێمانی كرد و لە نزیكەوە ئاشنا بوون بە مێژووی كورد و ئازارەكانی نەتەوەی كورد لە ژێر ستەمی داگیركەران و دووپاتی ئەوەیان كردەوە كە لە ئازارەكانی كورد تێدەگەن چونكە پۆڵەندیەكانیش بە هەمان ئازار و داگیركاریدا تێپەڕیون.

شاندەکە سەردانی کوردسات دەکات

‎لە كۆتایی سەردانی شاندەكە بۆ شاری سلێمانی دەزگای میدیایی كوردساتیان بەسەركردەوە و لە نزیكەوە سەردانی ستۆدیۆ و یەكە جیاوازەكانی كەناڵەكەیان كرد، هەروەها سەردانی ستۆدیۆ و تیمی وەرگێران و دۆبلاژی كەناڵەكەیان كرد و سەرسامی خۆیان بە ئاستی تەكنیكی و پیشەیی پڕۆژەكانیان دەربڕی، بە تایبەت لەو ساتەدا كەناڵەكە سەرگەرمی وەرگێران و دۆبڵاژی زنجیرە درامایەكی پۆڵەندی بوون، كە جێگەی باسە پێشتریش كەناڵەكە كۆمەلێك بەرهەمی گرنگی پۆڵەندی بۆ زمانی كوردی دۆبلاژ كردووە و ئەمكارەش جێگەی سوپاس و دەستخۆشی وەفدی میوان بوو.

‎جێگەی باسە بۆ خوانی ئێوارە میوانی دەزگای میدیایی كوردسات بوون و دواتر بە گەرمیەوە بەڕێخران و سوپاسی دامەزراوەی ڕایەڵیش كرا بۆ ڕێكخستنی پەیوەندیەكە و بەرنامەی دیدار و سەردانەكانی شاندەكە.

پۆڵەندا تاجە گوڵینە دەخاتە سەر مەزار و ئازارەکانی هەڵەبجە

پارێزگاری هەڵەبجە پێشوازی لە وەفدێکی پۆڵەندا دەکات

 

رێکەوتی ٦-٩-٢٠٢٢ پارێزگاری هەڵەبجە (ئازاد تۆفیق) پێشوازی لە شاندێکی وڵاتی پۆڵەندا کرد کە پێکهاتبوون لە (ئەندچی نۆڤاکوڤسکی) پارێزگاری شاری پۆتسک و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو و سەرۆکی زانکۆی پۆتسک و بەرێوەبەری کشتی رۆشنبیریی و هونەر، کە لە رێگای دامەزاوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی کە بانگهێشتی کوردستانی کردبوون، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد.

لەدیدارێکدا کە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ ئامادەیبوون، پارێزگاری هەڵەبجە بەگەرمی بەخێرهاتنی کردن و هیوای خواست پێکەوە بتوانن لە داهاتوودا پەیوەندیە زانستی و کەلتوریەکانیان گەشە پێ بدەن، بۆ ئەمەش شاندی میوان بەڵێنی بەردەوامی دان بەو پەیوەندییەو پێکەوەکردن لە بواری ئەکادیمی و کولتووری کردوە.

دواتر سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیانکرد و تاجەگوڵینەی ڕێزو وەفایان لەبەردەم سیمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دان

شاندەکە ئیدارەی سۆران بەسەردەکاتەوە

پارێزگاری شاری پۆلسکی پۆڵەندی سەردانی ئیدارەی سۆران دەكات

 

رۆژی چوارشەمە، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشوزای لە پارێزگاری شاری پۆلسک وڵاتی پۆلَەندا كرد.

شاندی باڵای وڵاتی پۆڵەندا بە سەرۆکایەتی پارێزگاری شاری پۆلسک (ئەندچی نۆڤاکوڤسکی) و ئەندامیەتی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو سەرۆکی زانکۆی پۆلسک (پرۆفیسۆر سڵۆدکی) و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەر، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە، بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوە) بە یاوەری ستافێکی (دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی) پێكهاتبوون.

لە دیدارێكدا، كە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بۆ كاروباری كارگێڕی و قائیمقامی قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران بۆ كاروباری زانستی، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران و بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سۆران ئامادەبوون، باس لە گەشەپێدانی پەیوەندییە کەلتوورییەکانی گەلی کورد و وڵاتی پۆڵەندا كرا.

 

 

شاندەکە سەردانی زانکۆی سۆران دەکات

 

رۆژی چوارشەمە، ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢، شاندێکی باڵای زانستی و ئیداریی شاری پۆلسکی پۆڵەندی، سەردانی زانۆکی سۆرانیان کرد. شاندەکە لەلایەن بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆوە پێشوازی کران، کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.

شاندی میوان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز ئەندچی نۆڤاکوڤسکی، پارێزگاری شاری پۆلسک، بوو. هەروەها ئەندامانی شاندەکە بریتی بوون لە هەریەکە لە بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکی زانکۆی پۆلسک، پرۆفیسۆر سڵۆدکی و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیریی و هونەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوە، بە یاوەری ستافێکی دامەزراوەی ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتوری و گەشەپێدانی مرۆیی.

لە فاکەلتی زانست کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان زانکۆی سۆران و شاندی میوان بەرێوە چوو. لە زنکۆی سۆران، هەریەکە لە بەڕێزان پ. ی. د. شێروان شەریف سەرۆکی زانکۆی سۆران، پ. د. سیروان زەند یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و د. ڕزگار سەعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و ڕاگری فاکەڵتییەکان و سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانستی بەشدار بوون.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی زانکۆی سۆران، وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی و بەخێرهێنانی شاندی میوان، تیشکی خستە سەر کار و بەرنامەی زانکۆی سۆران. شاندی میوانیش، وێڕای سوپاس و پێزانییان بۆ زانکۆی سۆران، ئاماژەیان بەوەدا کە هاتوون بۆ زانکۆی سۆران و دەیانەوێت گفتۆگۆی هاوبەش بکەن بۆ دروستکردنی پەیوەندی دوو لایەنە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە دەیانەوێت هەموو ڕێگری و ئاستەنگەکان ببڕن و پەیوەندی زانستی و ئەکادیمیی نێودەوڵەتی بونیات بنێن.

پاشان شاندی میوان سەردانی بەشە زانستییەکانی فاکەڵتی زانست و سەنتەری توێژینەوەی زانستیان کرد. تاقیگە زانستییەکانیان بە سەر کردنەوە و لەلایەن بەڕێز پ. د. سەمیر مستەفا، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانستییەوە، پوختەیەک لە کار و گرنگیی توێژینەوە بڵاوکراوەکانی سەنتەریان بۆ ڕوون کرایەوە.

بەر لە ماڵئاوایی شاندەکە دەچێتەوە هەولێر

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هەولێر لەگەڵ شاندەكەی پۆڵەندا كۆدەبێتەوە

 

رۆژی پێنج شەمە، 8 ی ئەیلولی ٢٠٢٢، دکتۆر (ئیدریس محمد طاهر هەرکی) سەرۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هەولێر لەگەڵ ئەنجومەنی زانكۆ، پێشوازی لە شاندێکی پۆڵەند كرد، كە بریتی بوون لە بەڕێز ئەندچی نۆڤاکوڤسکی، پارێزگاری شاری پۆلسک و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و پرۆفیسۆر سڵۆدکی سەرۆکی زانکۆی پۆلسک، و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیریی و هونەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پولسك و، بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوە، كە بە یاوەری ستافێکی دامەزراوەی ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتوری و گەشەپێدانی مرۆیی سەردانی زانكۆیان كرد.

دواتر لە كۆبونەوەیەكدا وێرای بەرزنرخاندنی هەردوولایان بۆ كارو چالاكیەكانی دامەزراوەی رایەڵ، باس لە پەیوەندییەكانی زانكۆكانی كوردستان وڵاتی پۆڵەندا كرا و داوا كرا ئاستیی ئەو پەیوەندییە زیاتر فراوانبكرێت و گەشەی پێبدرێت.

دواتر بە یاوەری شاندی رایەڵ، میوانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێزەوە لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو نیشتمانی خۆیان بەڕێکران و سوپاسگوزاری خۆیان بەرامبەر رایەڵ و هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی و میواندۆستی خەڵکەکەی دەربڕی و بەڵێنی پەیوەندی و هاوکاری بەردەوامیان دا. ئێمەش لە دامەزراوەی رایەڵ جێگەی خۆیەتی سوپاس و پیزانین ئاراستەی هەموو ئەو کەسایەتی و دامەزراوانە بکەین کە هاوکارمان بوون لەم چالاکییەدا.

راگەیاندنێکی رۆژنامەوانی لە دامەزراوەی رایەڵەوە

 

دوابەدوای سەردانی شاندێکی باڵای وڵاتی پۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان، بە پێویستی دەزانین بەم راگەیاندنە پوختەیەک لە چالاکییەکان و دەرەنجامەکانی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لە هەرێمی کوردستان بخەینەڕوو:

شاندەکەی وڵاتی پۆڵەندا لەسەر داوا و بانگهێشتی (دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتوری و گەشەپێدانی مرۆیی) لە رێگەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و ئاگاداری و رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردو بەرنامەی کارو دیدار و سەردانەکانیان بۆ رێکخرابوو.

شاندەکە لە بەڕێزان: ئەندچی نۆڤانۆڤسکی پارێزگاری شاری پۆتسک، سەرۆک و یاریدەدەری زانکۆی مازۆفیکا لە پۆڵسک، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڕێوەبەری کولتوروهونەر، بەرێوەبەری توێژینەوەی خوێندکاران و پرۆژەی ئیراسموس، هەروەها بەرپرسی هاوکاری پەنابەران لە پارێزگای پۆتسک پێکهاتبوون.

رێکەوتی 3/9/2022 لە فرۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر لەلایەن تیمی دامەزراوەی رایەڵ و بەڕێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە فەرمی پێشوازی کران. رۆژی دواتر شاندەکە بە یاوەری تیمی دامەزراوەی رایەڵ سەردانی هەر یەکە لە بەڕێزان (وەزیری رۆشنبیری و لاوان، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر )یان کرد و دیدار و گفتوگۆی بەسوودیان لە بواری ئاڵوگۆری کولتووری و سەردانیکردنی یەکتری ئەنجامدا.

رێکەوتی 5/9/2022 لە شاری رانیە شاندەکە بە یاوەری تیمی رایەڵ دیدار و کۆبوونەوەی پڕ بایەخیان لەگەڵ هەریەکە لە بەڕێزان (ئیدارەی راپەڕین، زانکۆی راپەڕین و دامەزراوەی رایەڵ) ئەنجامدا. کە تێیدا وێرای واژۆکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئیدارەی راپەرین ڕێکەوتننامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی راپەرین و زانکۆی مازۆفیکا ئەنجامدرا.

رۆژی دواتر لە رێکەوتی 6/9/2022 شاندەکە لەگەڵ هەریەکە لە بەڕێزان (پارێزگاری سلێمانی، پارێزگاری هەڵەبجە، زانکۆی سلێمانی، زانکۆی هەڵەبجە) کۆبوونەوەی گرنگیان ئەنجامدا و سەردانی مۆزەخانەی مێژوویی ئەمنە سورەکە و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و دامەزراوەی میدیایی کوردساتیان کرد.

دوا وێستگەی سەردانی شاندەکە ئیدارەی سۆران بوو، کە رێکەوتی 7/9/2022 لەگەڵ بەڕێزان (ئیدارەی سۆران و زانکۆی سۆران) دیداری گرنگیان ئەنجامدا. رێکەوتی 8/9/2022 دوای سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێزەوە لەلایەن تیمی رایەڵ لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەوڵێر بەرەو وڵاتی پۆڵەندا بە ڕێکران.

لەماوەی مانەوەی شاندەکە لە هەرێمی کوردستان ئەم خالانەی خوارەوە دەخەینەروو:

یەکەم: وەفدی میوان وێرای سوپاس و پێزانینی زۆر خۆشحاڵی خۆیان بۆ پێشوازی گەرم لە دیدارەکانیان و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دانیان بەوەدانا کە تێڕوانینیان بۆ کوردستان و گەلی کورد لەم سەردانەدا تەواو ئەرێنییە و پەیوەندیەکان بە بەرژەوەندی دوولایەنە پەرە پێدەدەن.

دووەم: لە میانەی سەردانی شاندەکەدا لەگەڵ بەڕێزان (وەزیری رۆشنبیریی، سێ پارێزگاری هەرێم، سەرۆکایەتی شەش زانکۆ، دوو سەرپەرشتیاری ئیدارە، قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری گشتی و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، دامەزراوەی رایەڵ) کۆبوونەوە، هەروەها سەردانی چەند ناوەندێکی میدیایی و میژووییان کرد.

سێیەم: لە هەموو سەردانەکاندا گفتوگۆی بەسوود ئەنجامدراون و بە شێوەی سەرەتایی بەلێنی کاری هاوبەش و پێکەوەیی لە نێوان هەردوولا دراوە. بە تایبەت لە بوارەکانی بازرگانی، خوێندنی باڵا و پەروەردە، گەشتی گەنجان، ئاڵوگۆڕی کولتوری، چالاکی هونەری و وەرزشی.

چوارەم: بەشێوەی فەرمی سێ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی هەمەلایەنیان ئەنجامداوە، لە بواری جۆربەجۆردا.

پێنجەم: شاندەکە و بەڕێز پارێزگاری پۆتسک بەڵێنیاندا لەگەڵ گەڕانەوەیان و بە زووترین کات کار لەسەر بەڵێنەکان و یاداشتەکان دەکەن و پەیوەندی و سەردان و کاری هاوبەشی هەمەلایەنە پەرە پیدەدەن، هەروەها بانگهێشتی دامەزراوەی رایەڵ و چەندان تیمی ئیداری و زانستی و کولتوری هەرێم دەکەن بۆ وڵاتی پۆڵەندا و رایەڵ دەبێتە رایەڵەی پەیوەندییەکانی هەردوو لا.

لە کۆتاییدا، دامەزراوەی رایەڵ سوپاسی زۆری هەموو ئەو لایەن و کەسایەتی و دامەزراوانە دەکات، کە هاوکاری رایەڵ و شاندەکە بوون بۆ ئەوەی بەرنامەی کاری سەردان و کۆبوونەوەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە بچێت، بە تایبەت فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، وەزیری رۆشنبیری، پارێزگاری هەولێر، پارێزگاری سلێمانی، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، قائمقامیەتی رانیە، زانکۆی راپەڕین و هەروەها تیمی خۆبەخشی دامەزراوەی رایەڵ.

تاگەکان: