رایەڵ شاندێكی باڵای ئیدارەی راپەرین دەنێرێتە وڵاتی پۆڵەندا
لەسەر بانگهێشتی فەرمی پارێزكاری شاری پلوسك لە وڵاتی پۆڵەندا و لە رێگای (دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كولتوور ی گەشەپێدانی مرۆیی)، شاندێكی باڵای ئیدارەی راپەرین بە سەرۆكایەتی (هیوا قرنی) سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و بە بەشداری (حسێن محمود)قائیمقامی قەزای رانیەو ( شاهۆ نەجم) بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی راپەرین و (خالد قادر) سەرۆكی دامەزراوەی رایەڵ، رێكەوتی 26-3-2023 بۆ 2-4-2023 سەردانی وڵاتی پۆڵەندای كردو چەند دیدارو كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا.
ئەمەو شاندەكە رێكەوتی 26-3-2023 لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی وارشۆ پێشوازی كران، بۆ رۆژی دواترو لە دەستپێكی كارەكانیان، سەردانی دیوانی پارێزگاری شاری پلوسكیان كرد و كۆبونەوەیەكیان لەگەڵ (Andrzej Nowakowski) پاریزگار و جێگر و ئەنجومەنی پارێزگادا ئەنجامدا، كە تێیدا وێرای بەخێرهاتنی شاندەكە، تەكید لە گەشەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی هەردوو شار كرایەو چەند پێشنیاز و بەرنامەیەك بۆ ئایندەی پەیوەندییەكانیان خرانە روو. دواتر سەردانی یاریگای نێودەوڵەتی پڵۆسک و بەرێوەبەرایەتی هونەری شارەكەو (گروپی گۆرانی و سەمای سكاوت) Dzieci Plocka یان كرد و بینەری چەند چالاكیەكی هونەری گروپەكە بوون، هەروەها لە كۆبونەوەیەكیشدا باس لە ئاڵوگۆری چالاكی وپەیوەندی رۆشنبیری و هونەری هەردوو شار كرا، بە تایبەتیش لەگەڵ (دامەزراوەی رایەڵ) كە پێشتر یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ ئەم بەرێوبەرایەتیەو (كۆمەڵەی رۆژهەڵات ورۆژئاوای پلۆسك) بە فەرمی واژۆ كردوە.
بۆ رۆژی دواتر شاندەكە سەردانی زانكۆی پلوسك (مازۆڤیان) كرد، كە تێیدا وێرای كۆبونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكی زانكۆ، چەند بەشێكی زانكۆكەشیان بەسەركردەوە. دواتر لە هۆڵی مافپەروەران كۆبونەوەیكیان لەگەڵ (zbigniew dymkae) سەرۆكی (كۆمەڵەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا) ئەنجامدا و بریار لەسەر چەند داخوازیەك بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە هونەری و رۆشنبیرییەكانی نێوان هەردوو لا درا.
رێكەوتی 29-3-2023 شاندەكە سەردانی (مۆزەخانەی مازۆڤیان) و (كۆمەڵەی زانستی پلوسك) و (ئامادەیی مالاچۆڤیالكا) و و چەند ناوچەیەكی تری شارەكەیان كرد و بە چەند تایبەتمەندیەكی شارەكە ئاشنا كران.
رێكەوتی 30-3-2023 شاندەكە سەردانی كارگەی (نیوهۆلەند)یان بۆ دروستكردنی ئامێرە كشتوكاڵیەكانیان كرد و لە نزیكەوە بە بەشەكانی كارگەكەو شێوازی دروستكردنی ئامێرە پێشكەوتووەكانی كشتوكاڵی وەك (دەراسەو مەكینە و ئامێرە جیاوازەكانی تری كشتوكاڵی) ئاشنا كران. هەروەها گفتوگۆ لەسەر دروستکردنی پەیوەندی بۆ گەشەپێدانی لایەنی ئابووری و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو لادا کرا.
لە كۆتایی سەردانەكەش شاندەكە سەردانی شوێنی لە دایكبوونی (فریدریك شوپان) و (قەلای شاهانەی وارشۆ) و (مۆزەخانەی نیشتیمانی وارشۆ) یان كرد.
جێگای ئاماژەیە ئەم سەردانە دوا بە دوای ئەوە هات کە لە سەرەتا مانگی نۆی ساڵی رابردوو، (دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی) بە بانگهێشتی (سەرشتیاری ئیدارەی راپەرین) شاندێكی باڵای وڵاتی پۆڵەندای بە بەشداری (پارێزگاری شاری پلوسك و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو سەرۆكی زانكۆی پلوسك و بەریوەبەری رۆشبیری و هونەر) بانگهێشتی كوردستان كرد و چەند دیدارو كۆبونەوەیەكی گرنگیان لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدا.