كەلتورە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان مەزاری شەهیدانی قەندیل بەسەردەكەنەوە

بە چاودێری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان, سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری (R.C.E) یەكەمین فیستیڤاڵی كەلتورە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانی لە ژێر ناوی ( دەروازەی كرانەوە بە رووی كەلتورە جیاوازەكان) لە شاری رانیە ئەنجامدا, كە 9 گروپ و كەلتوری جیاواز تێیدا كە بریتی بوون بە ( تیپی هونەری میللی توركمان, تیپی هونەری میللی سریانی, تیپی هونەری میللی ئێزیدیان, تیپی هونەری نهێڵ لە ئامێدی, سەنتەری هاوبەشیی لور, گروپ و یانەی سیاوچەمانەی هەورامان, تیپی قەڵای هەولێر, تیپی شمشارەی رانیە, تیپی هونەری میللی نەتەوەیی سلێمانی) بەشدار بوون . ئەمەو لە دەستپێكی فیستڤاڵەكەدا, رۆژی 8-9-2011 لەگەڵ گەیشتنی تیپەكان لە لایەن ستافێكی سەنتەری رایەڵەوە بە گەرمی پێشوازی كران. پاشان وەك رێزگرتنێك لە شەهیدانی بناری قەندیل و ئیدانەكردنی هێرش‌و تۆپبارانی ئیران و توركیا بۆ سەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان, سەرجەم كەلتورەكان بە جلوبەرگی كەلتوری خۆیانەوە سەردانی مەزاری شەهیدانی بناری قەندیلیان لە گۆرستانی ( بەستەهیزە) لە رانیە كرد, ئەمەو لەگەڵ گەیشتنیان لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە بە گەرمی پێشوازی كران. دواتر سەرجەم تیپەكان چەپكە گۆڵی خۆشەویستی و رێزیان لەسەر مەزاری شەهیدان داناو هاوخەمی و پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵكی بناری قەندیل دەربڕی. پاشان لە لایەن ( خالید قادر) لێپرسراوی سەنتەری رایەڵ وتەیەك خوێندرایەوە, كە تێیدا وێرای بەخێرهاتنی سەرجەم تیپ‌و كەلتورەكان‌و هاوخەمی بنەماڵەی شەهیدان و پشتیوانی بناری قەندیل, تەكیدی لە پەیامی ئاشتی‌و پێكەوەژیان كردەوەو داوای كرد سنورەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت و هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران رێز لە بنەماكانی دراوسێیەتی‌و یاسا نێودەوڵەتیەكان بگرن.
جێگای ئاماژەیە ئەم چالاكیەی سەنتەری رایەڵ لە دەستپێكی فیستڤاڵەكەیاندا بووە مایەی خۆشحاڵی بنەماڵەی شەهیدان‌و بریاریش وایە لە كۆتایی فیسڤاڵەكەدا پەیامێكی هاوبەش بۆ رای گشتی لەو بارەیەوە رابگەیەنرێت.

تاگەکان :