بەمەبەستی ئاڵوگۆری كەلتوری‌و توندوتوڵكردنی پەیوەندیەكانیان وەفدێكی شاری Duluth ی ئەمریكا سەردانی شاری رانیە دەكاتەوە

بەمەبەستی زیاتر گرنگی دان بە پەیوەندی هاورێیەتی و دەستەخوشكی نێوان هەردوو شاری رانیە‌و شاری Duluth ی ئەمریكا, وەفدێكی تری ئەمریكا بە تایبەتی سەردانی شاری رانیە دەكاتەوە. ئەم وەفدە كە لە لایەن سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری ((RCE بانگهێشتی شاری رانیە كراون,پێك دێن لە 5 كەس, ئامانجی هاتنەكەیان ئاشنابوونیانە بە كەلتوری‌و فەرهەنگی كورد‌و گرنگی دانە بە هاورێیەتی هەردوو شاری رانیە‌و شاری Duluth ی ئەمریكا, كە ماوەی 2 ساڵە پەیوەندیی ئاڵوگۆری كەلتوریان هەیە. لەو بارەیەوە  بەرپرسی سەنتەری رایەڵ ( (RCE رایگەیاند: وەفدەكەی شاری Duluth رۆژی 27/5/2011 دەگاتە هەرێمی كوردستان و بۆ ماوەی هەفتەیەك دەمێننەوە. لەمیانەوە مانەوە وەفدەكەدا پرۆگرامێكی كاریان بۆ دانراوە كە بریتیە لە سەردانی چەندین دامەزراوەی حكومی و رۆشنبیری و هونەری و ئەنجامدانی چالاكی ناساندنی كەلتوری و گۆرینەوەی ئایدیا. لە هەمانكات سوپاسی پارێزگاری سلێمانی و قائمقامی قەزای رانیەی كرد كە تەواوی پشتگیریان بۆ سەردانەكە‌و دابینكردنی پێداویستیەكانی كردوە. سەبارەت بە بەشدارانی وەفدەكەش وتی: یەكێك لە ئەندامانی وەفدەكە ناوی فلیتشەر هیندزەو تەمەنی 63 ساڵە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرەو لە زانكۆی مینیسوتا، ماوەی 35 ساڵ خزمەتی لە بواری كۆمەلایەتی‌و تەندروستی گشتیدا هەیە‌و ئێستاخانەنشینە‌وسەرۆكی جەنگاوەرە كۆنەكانی مینیسوتایە‌و پێشتریش لە جەنگی ڤێتنامدا سەرباز بووە‌و بەشداری كردووە لە هێزی دەریاییدا، زۆر حەز دەكات سەردانی رانیە بكات بە مەبەستی ئاشنابون بە رۆشنبیری خەڵكەكەی‌و لە بواری پەیوەندی دەستەخوشكی نێوان شارەكانیشدا 15 ساڵ خزمەتی كردووە،بەتایبەت لە پەیوەندی شارەكەیان لەگەڵ روسیاو یابان، ئەمە جگە لە كاركردن لە چەندین بواری خێرخوازی‌و هاوكاری مرۆیی.ئەندامێكی تری وەفدەكە ناوی ریبیكا هیندزە لە ساڵی 1997ەوە كار لە بواری پەیوەندی دەستەخوشكیدا دەكات، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە بواری رۆشنبیری‌و ئەدەبی بەراودكاری، بەهۆی ئارەزومەندی لە بواری پەیوەندیداو شارەزایی زۆری لە ئاییندا، پێی وایە ئاینەكان بە هەماهەنگی دەتوانن ببنە مایەی ئاشتی نێوان مرۆڤەكان‌و كاتێكی زۆری بۆ ئەو بابەتە تەرخان كردووە، ریبیكا خۆشحاڵە بە سەردانەكەی بۆ رانیەو هیواخوازە گەشتێكی سەركەوتو ئەنجام بدەن.یەكێكی تر لە ئەندامانی وەفدەكە ئیسن سكریڤینەرە, كەسێكە ئەمساڵ خوێندنی زانكۆی لە بواری راگەیاندن‌و تۆژینەوەی نێودەوڵەتیداتەواو كردووە لە زانكۆی سكولاستیكا، ئەزمونی باشی لەنێو 22 دەوڵەتی جیاجیادا هەیە لە كەلتورو دابو نەریتی جیاوازدا، زۆر بە تەنگ پەیوەندیەكانەوەیەو كار دەكات بۆ دروستكردنی رایەڵی نێوان مرۆڤەكان، حەز دەكات لەو سەردانەیدا شارەزایی زیاتر لە بواری مافی مرۆڤدا پەیدا بكات. لەگەڵ دوو یاوەری ترییان كە لە بواری كۆمەڵگای مەدەنی كار دەكەن.جێگای ئاماژەیە كە ماوەی 2 ساڵە پەیوندی هاورێیەتی و ئاڵوگۆری كەلتوری لە نێوان هەردوو شاری رانیەو Duluth هەیە. پێشتر وەفدێكی تری ئەو شارە واتە Duluth كە پێك هاتبوون لە 7 كەس لە مانگی 5 ساڵی 2009 سەردانی شاری رانیەیان كرد‌و بۆ ماوەی هەفتەیەك مانەوە, پاشان وەفدێكی شاری رانیە لە لایەن حاكمی شارەكەوە میوانداری كران بۆ ماوەی 20 رۆژ سەردانی ولاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایان كرد. ئەو سەردانەی وەفدەكەی رانیە گرنگیەكی زۆری پێدراو دەنگدانەوەیەكی زۆری لەدوای خۆیدا بە جێهێشت.

تاگەکان :