سەر لەبەیانی رۆژی 27/5/2011 شاندی شاری (Duluth)ی ئەمریكا كە ماوەی دوو ساڵە پەیوەندی ئاڵوگۆری كەلتوری و دەستەخوشكی لەگەڵ شاری رانیە هەیە بە ئاپۆرایەكی جەماوەری پێشوازی كران. ئەمەو لە كاتژمێر 10 سەر لە بەیانی لە دەروازەی شاری رانیەو لە لایەن قائمقامی قەزای رانیەو بەشێكی زۆری بەرپرسە حكومی و رێكخراوەكانی ناوچەكەو رێژەیەكی زۆری هونەرمەندان و گەنجانی ناوچەكە وەفدی شاری (Duluth)ی بە چەپلە رێزان و پێدانی گوڵ پێشوازی كران. پاشان لە پاركی دەروازە پەردە لەسەر لۆگۆی شاری رانیەو شاری (Duluth) و دوو چلە نێرگز لادرا كە ئاماژەی بە دەستەخوشكیو هاورێیەتی نێوان هەردوو شار دەكرد, ئەم دوو چالاكیە لەلایەن هونەرمەند ( ریباز قادر) ئامادەكرابوو. پاشان 10 نەمام لە لایەن شاندی شاری (Duluth)و بەشێكی خەڵكی شاری رانیە لە پاركەكە چێنرا, هەروەها رەگی چەندین جۆر گوڵی شاری (Duluth)یان پێشكەش لە سەرۆكی شارەوانی كرد,. دواتر لە كاتژمێر 2 دوای نیوەرۆ لە هۆڵی كتێخانەی گشتی رانیە وەفدێكی شاری رانیە كەپێك هاتبوون لە ( قائمقامی قەزای رانیە, سەرۆكی شارەوانی, بەرێوبەری پەروەردە, بەرێوبەری گشتی تەندروستی, زانكۆی راپەرین, بەرێوەبەری كارەبا, سەنتەری رایەڵ) لەگەڵ شاندەكەی شاری (Duluth) كۆبونەوەیەكی فەرمیان ئەنجامدا, لەو كۆبونەوەیە سەرەتا فلمێكی دیكۆمێنتی لەسەر مێژووی پەیوەندی نێوان هەر دوو شارو وێنە مێژوییەكانی شاری رانیە و نیشاندانی كەلەپوری ناوچەكە نمایشكرا, پاشان ئەندامێكی شاندی ئەمریكا سێ پەیامی حاكمی شاری (Duluth) بەرێز ( دۆن نیس)ی پێشكەشی هەر لە یەك قائمقامی قەزای رانیەو سەرۆكی شارەوانیو بەرپرسی پاركی دەروازە كرا. لەو كۆبونەوەیە تەئكید لە پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەر دوو شارو فراوانكردنی پەیوەندیەكە كرایەوە. پاشان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ شاندەكەی شاری (Duluth) ئەنجامدرا. ئێوارەی هەمان رۆژ شاندەكە سەردانی ناو بازاری رانیەیان كرد و لە نزیكەوە لەگەڵ چەندین كاسبكارو پیشەوەردا قسەیان كرد.
رۆژی دواتر واتە 29/5/2011 كاتژمێر 8,30 سەر لە بەیانی وەفدەكەی شاری (Duluth)ی ئەمریكا سەردانی بەرێوبەرایەتی پەروەردەی رانیەی كردو لەلایەن بەرێوبەری پەروەردەو سەرپەرشتیاران و مامۆستایانەوە پێشوازی كران, پاشان لە كۆبونەوەیەكدا باس لە رەوشی پەروەردەی هەرێمی كوردستان كراو چەند پێشنیارێك خرایە روو. دواتر لە كاتژمێر 10,30 شاندەكە سەردانی زانكۆی راپەرینی كرد. لە سەرەتادا لە لایەن دكتۆر محمد سەرۆكی زانكۆو ئەنجومەنی زانكۆوە پێشوازی كران پاشان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا باس لە دروستكردنی لینكێك كرا لە نێوان زانكۆی راپەرین و زانكۆكانی شاری (Duluth). هەروەها چەندین پێشنیارو باسی گرنگ لە كۆبونەوەكەدا خرایە روو, بۆ نیوەرۆ شاندەكە لە خوانێكی زانكۆ ئامادەبوو. پاشان لە كاتژمێر 2,30 دوای نیوەرۆ سەردانی ئامادەیی (5 ئازار) یان كرد, دوای بەخێرهاتن, شاندەكە میتنگێكی لەگەڵ زیاتر لە 60 خوێندكار ئەنجامدا كە بەشێك لە خوێندكارانی هەردوو ئامادەیی ( 5 ئازارو ئامادەیی رانیەی كچان)بوون, ئەم خوێندكارانە بە زمانێكی ئینگلیزی رەوان گفتوگۆیەكی زۆریان لەگەڵ شاندەكە كرد كە بریتی بوو لە گۆرینەوەی زانیاری لە نێوان هەردوولا. دوا بە دوای ئەوە وەفدەكەی شاری (Duluth) سەردانی ئامادەی رانیەی كچانی كرد كە تێیدا فیستڤالێكی كەلەپوریان بۆ میوانەكان ئامادەكردبوو. ئەو فیستیڤاڵە لەژێر رەشماڵێك چەندین دیمەنی كەلەپوری ئامادەكرابوو كە خوێندكارەكان بە جلوبەرگی كوردیەوە نمایشیان دەكرد. پاشان زیاتر لە 20 كچ نمایشێكی جلوبەرگی كچانیان نمایشكرد. هەروەها چەندین خواردنی كوردی پێشانی میوانەكان درا. هەروەك شایی و گۆرانی بەشێكی تری فیستیفاڵەكە بوو. پاش ئەو چالاكیە وەفدەكە سەردانی یانەی وەرزشی رانیەی كرد و چەند شوێنێكی وەرزشیان بەسەر كردوە هەروەك لەگەڵ تیپی بالەی كچانی رانیە بەشداریان لە راهێنانەكانیان كرد.
لە كاتژمێر 9 سەر لەبەیانی رۆژی 30/5/2011 شاندەكەی شاری (Duluth) سەردانی قائمقامیەتی قەزای رانیەی كرد و كۆمەڵگای فەرمانگەكانی بەسەر كردوە هەروەها لە نزیكەوە لەگەڵ چەند فەرمانگەیەك زانیاریان گۆرییەوە. پاشان لە كاتژمێر 11 پێش نیوەرۆ سەردانی سەرۆكایەتی شارەوانی رانیەیان كرد, لەو سەردانەدا سەرەتا شریتی پێشانگایەك پچرێنرا كە ئاماژەی بە كارو چالاكیەكانی شارەوانی دەكرد. پاشان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا لە نێوان هەردوو لا چەندین پێشنیارو زانیاری گرنگ ئاماژەی پێدرا, بە تایبەت بۆ دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان شارەوانی هەردوو شارو بەهێزكردنی ئاستی زانیارییەكان. پاشان چەند دیاریەك پێشكەشی میوانەكان كرا. لە دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ شاندەكە سەردانی بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری رانیەی كرد, لەو سەردانەدا سەرەتا چەند دیمەنێكی مێژووی شاری رانیە و فلمێكی دیكۆمێنتی نیشاندرا, دواتر لە ماڵێكی كوردەوای كە بریتیە لە بەشێكی بەرێوبەرایەتیەكە چەندین دیمەنی كەلەپوری نیشاندرا, هەورەها بەشەكانی تری بەرێوبەرایەتی بەسەر كرایەوەو دواتر لە كۆبوەنەیەكی تایبەتدا باس لە رەوشی رۆشنبیری لە نێوان هەردوو لا كرا. هەر وەك چەند خەڵاتێك درایە میوانەكان. لە كاتژمێر 4 ئێوارە وەفدەكە سەردانی سەنتەری چالاكی گەنجانی رانیەیان كرد, دوای مەراسیمی بەخێر هاتن بەشەكانی سەنتەر ( كۆمپیوتەر, مۆزیك, شێوەكاری, گەلەری, وەروش, كتێبخانە) یان بەسەر كردوە هەروەها بینەری چەندین چالاكی هونەری بوون كە لە لایەن دوو گروپی مۆزیكی سەنتەرەوە ئامادەكرابوو, لە كاتژمێر 5 ئێوارە شاندەكە كۆبونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ بەشێك لە رێكخراوەكانی ژنانی ناوچەكە ئەنجامدا لەو كۆبونەوەیە باس لە رەوشی ژنانی هەردوو شار كراو زانیاریان لە نێوان ئاڵوگۆ كرا هەروەها چەند پێشنیارێك بۆ پەیوەندی و سەردانی نێوان هەردوو لا بۆ یەكتری خرانە روو. پاشان بینەری فلمێكی دیكۆمێنتی بوون لەسەر تۆپبارانی سنورەكانی قەندیل.
بۆ رۆژی دواتر شاندەكە لە كاتژمێر 9 سەر لە بەیانی سەردانی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی رانیەی كردو لە لایەن دكتۆر محمد بەرێوبەری گشتی تەندروستیو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رانیە پێشوازیەكی گەرم كران, پاش ناساندنی سیستەمی تەندروستی كوردستان و گفتوگۆیەكی فراوان لەسەر رەوشی تەندروستی كوردستان وەفدەكە بەشەكانی بەرێوبەرایەتیەكەی بەسەر كردوە, پاشان سەردانی نەخۆشخانەی راپەرین و سەنتەری گورچیلەو نەخۆشخانەی رانیەیان كردو لە نزیكەوە لەگەڵ بەشێك لە دكتۆر و كارمەندەكان دوانو بەشەكانیان بەسەر كردەوە. پاشان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا داوا كرا كە هاوكاری چەند نەخۆشێك بكردرێت بۆ دابینكردنی فیزا بۆ بەمەبەستی سەردانكردنی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو بۆ چارەسەر, هەروەها تەكید لە پتەوكردنی زیاتر لینكی پەیوەندی هەردوو لا كرایەوە بۆ گۆرینەوەی زانستی بەردەوام.
دوای نیوەرۆ لە كاتژمێر 2,30 وەفدەكە سەردانی نوسینگەی بەگرداچوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنانیان كرد, لەو سەردانەدا سەرەتا چالاكیەكی هونەرییان پێشكەش كرا, پاشان لە لایەن بەرپرسی نوسینگەوە چەند زانیاریەكی گرنگ لەسەر رەوشی توندوتیژی لە ناوچەكەدا خرایە روو هەروەها راپۆرتی یەك ساڵی نوسینگەكە و چەند خەڵاتێك پێشكەشی میوانانەكان كرا. دوا بەدوای ئەوەو لە كاتژمێر 4 ئێوارەی هەمان رۆژ وەفدەكە سەرانی یەكەی چالاكیە هونەرییەكانی رانیەی كردو لە لایەن بەرێوبەری پەروەردەی رانیەو بەرپرسی یەكەی چالاكیە هونەرییەكان بە گەرمی پێشوازی كران, پاشان بەشەكانی یەكەكە بەسەر كرایەوە بەتایبەت بەشی شێوەكاری و مۆزیكو ستۆدیۆ و شانۆو .. هتد كە تێیدا چەند چالاكیەكی هونەری نمایشكرا بەتایبەت لە لایەن تیپی مۆزیكی یەكەكەوە چەند بەرهەمێكی بە پێز نمایشكرا.
سەر لە بەیانی رۆژی 1/6/2011 شاندەكەی شاری (Duluth) سەردانی یەكێتی زانایانی ئاینی لە مزگەوتی رانیە كردو كۆبونەوەیەكی لەگەڵ كۆمەڵێك مامۆستای ئاینی ئەنجامدا, لەو كۆبونەوەیەدا تەكید لە هاوئاهەنگی نێوان ئاینە ئاسمانیەكانو گرنگی دیالۆگو پەیوەندی نێوانیان كرایەوە. لە دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ وەفدەكە بە یاوەری ستافی رایەڵ گەشتێكیان بۆ ناوچە گەشتیاریو مێژوویەكانی ناوچەكە ئەنجامدا ناوچەكانیان پێناسێنرا.
جێگای ئاماژە ئەو وەفدەی شاری (Duluth) لە لایەن سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری بانگهێشتی رانیە كراونەتەوە بۆ توندوتوڵكردنی پەیوەندی نێوان هەردوو شار بۆ ئەو مەبەستە ئەو شاندەی شاری (Duluth)ی ئەمریكا رۆژی 27/5 گەیشتە هەرێمی كوردستان و بریارە تا 2/6 بمێننەوە. لە یەكەم رۆژی سەردانەكەیان سەردانی مۆزەخانەی نیشتیمانی و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان كرد پاشان بۆ رۆژی 28/5/2011 گەیشتنە شاری رانیە بڕیاریشە رۆژی ئایندە واتە دوا رۆژی سەردانەكەیان سەردانی پەیمانگای هونەرە جوانەكانو كازیوەی منداڵان بكەنو لە كۆتایشدا مەراسیمێكی ماڵئاوایان بۆ ئەنجامبدرێت.