كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سەبارەت بە هاتنی وەفدی شاری Duluth ئەمریكا بۆ رانیە دەبەسترێت

بەروار: 12 ساڵ لەمەو پێش

رۆژی سێ‌ شەممە رێكەوتی 24/5/2011 كاتژمێر 12 نیوەرۆی لە هۆڵی شارەوانی رانیە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سەبارەت بە هاتنی وەفدی شاری Duluth ئەمریكا بۆ شاریرانیە بەسترا, لەو كۆنگرە رۆژنامەنوسیەدا كە هەر لە (عەلی حمەد بەگ) قائمقامی قەزای رانیەو (بەختیار ئەحمەد)سەرۆكی شارەوانی رانیەو ( خالید قادر) لێپرسراوی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری و مێشێل چالاككوانی كۆمەڵگای مەدەنی و خەڵكی شاری Duluth و كەناڵەكانی راگەیاندن تێیدا ئامادەبوون, ئاماژە بە مێژووی پەیوەندی دەستەخوشكی‌و هاورێیەتی هەردوو شاری رانیەو شاری Duluth ی سەر بە ولایەتی مینەسۆتای ئەمریكا درا و سیڤی ئەندامانی شاندەكەی خرایە رووو پاشان پرۆگرامی كار خوێندرایەوە. دواتر لە لایەن رۆژنامەنوسانەوە چەندین پرسیار خرایە روو كە لە لایەن ئەندامانی كۆنگرەكەوە وەڵام درانەوە.
ئەم شاندەی ئەمریكا لە لایەن سەنتەری رایەڵ (R.C.E) بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری بانگهێشتی شاری رانیە كراونەوە. كە مەبەست تێیدا توندوتۆلكردنی پەیوەندی هەردوو شاری رانیەو شاری Duluth ئەمریكایەو ماوەی 2 ساڵە پەیوەندی ئاڵوگۆری كەلتوریان لە نێواندا هەیە. هەر وەك ئەندامی كۆنگرە رۆژنامەوانیە ئاماژەیەیان بەوەدا كە لە ئایندەیەكی نزیكدا پەیوەندی هەردوو شار ئاستێكی فراوانتر بە خۆیەوە دەبینێت بەتایبەت بۆ وەرگرتنی خوێندكارانی كورد لە زانكۆكانی ئەو شارەو در‌وستكردنی پەیوەندی هاورێیەتی لە نێوان دامەزراوە هاوئامانجەكان.
جێگای ئاماژەیە ئەو شاندەی ئەمریكا رۆژی 27/5/2011 دەگاتە هەرێمی كوردستان و جگە لە رۆژی یەكەم كە سەردانی سلێمانی و هەڵەبجە دەكەن باقی رۆژەكانی تر‌و تا 2/6/2011 لە رانیە دەمێننەوە. بریارە لەو ماوەیەشدا چەندین كۆبونەوەی گرنگ لەگەڵ دامەزراوە جكومی و رۆشنبیری و هونەری و وەرزشیەكانی ناوچەكە بكەن. هەر بۆ ئەو سەردانە لە پاركی دەروازەی شاری رانیە گۆرەپانێك بە ناوی ئەو شارە ناونراوە, كە بۆ ئەو مەبەستە لۆگری هەردوو شاری رانیەو شاری Duluth لە لایەن هونەرمەند (رێباز قادر) دروستكراوە لەگەڵ هێمایەك بۆ دۆستایەتی هەرددوو شار كە بریتیە لە دوو چلە نێرگز كە بە شێوەیەكی هونەری دروستكراوە .

تاگەکان: