ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری R.C.E لە رانیە كرایەوە

پاش ئەنجامدانی چەندین چالاكی ئاڵوگۆری كەلتوری نێودەوڵەتی و دەستەخوشكی نێوان شارەكان‌و دیالۆگی كەلتورە جیاوازەكان, پێش نیوەرۆی رۆژی دووشەممە رێكەوتی 27-6-2011 كاتژمێر 10 سەر لە بەیانی بە ئامادەبوونی قائیمقامی قەزای رانیە‌و سەرۆكی شارەوانی و بەرپرسی دامودەزگا حكومی و رێكخراوەكانی ناوچەكەو رێژەیەكی زۆری گەنجان‌و رۆشنبیران . ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری و چالاكی رۆشنبیری  R.C.E لە رانیە كرایەوە. لە سەرەتای مەراسیمەكەش, شریتی ئۆفیسی سەنتەرەكە لەلایەن قائمقامی قەزای رانیە پچرێنرا,  پاشان لە رێگای داتاشۆوە چەندین چالاكی سەنتەرەكە پیَِشانی میوانداری درا كە بریتی بوو لە چالاكیەكانی( دیالۆگی كەلتورە جیاوازەكان لەسەر شاخی كێوەرەش, بڵاوبونەوەی هەواڵی سەنتەرەكە لە سایتی دەستەخوشكی نێودەوڵەتی, بەرهەمی چاپككراوی  كتێبی مێژووی كۆن و نوێی شاری رانیە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و كوردی, میوانداری تیمی رۆژنامەوانی وڵاتی تایوان,  پەیامی ئەندامی كۆنگریس و حاكمی شاری (Duluth) ی ئەمریكا, دەستەخوشكی هەردوو شاری رانیەو شاری (Duluth) ی ئەمریكا و سەردانی شاندەكانی هەردوولا بۆ لای یەكتری و گۆرینەوەی پەیامی نێوان ئیدارەی هەردوو شار) پاشان میوانان بەشە جیاوازەكانی سەنتەرەكەیان بەسەر كردوە كە كار لەسەر سیستەمی گروپین دەكات‌و تا ئێستا 7 گروپی هەیە بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەو كەلتورە جیاوازەكان. لە چالاكیەكی تری ئەو مەراسیمەدا لە لایەن ئەندامێكی سەنتەرەكەوە خاتوو (نامۆ) شریتی پێشانگایەك پچرێنرا كە تێیدا چەندین رۆژنامەی ناوخۆی و ئەمریكای لە خۆگرتبوو كە  چەندین ریپۆرتاژو هەواڵیان لەسەر چالاكیەكانی سەنتەرەكە  بڵاوكردۆتەوە. پاشان قائمقامی قەزای رانیە لە وتەیەكدا دەستخۆشی لە ستافی سەنتەرەكە كرد و كارو چالاكیەكانی ئەو سەنتەرەشی بە هەنگاوێكی تازە لە ئاستی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان داناو پشتگیری خۆی بۆ كارەكانیان خستە روو. هەر لەو بارەیەوە (خالید قادر) بەرپرسی سەنتەرەكە لە لێدوانێكدا وتی: ئامانج لە كردنەوەی ئۆفیسەكەمان فروانكردنی پەیوەندی‌و  چالاكیەكانمانە بەو ئاراستەیەی كە بتوانین لەگەڵ نەتەوەو كەلتورە جیاوازەكان رایەڵی هاوبەش بدۆزینەوەو كاربكەین بۆ فروانكردنی پەیوەندیەكانمان. ئێمە لەو سەنتەرەدا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كار دەكەین و هەوڵ دەدەین ئەو پەیوەندیانە بۆ شارەكانی تر فروان بكەین.

تاگەکان :