چنراوێكی كیشوەرەكانی جیهان پێشكەشی سەنتەری رایەڵ دەكرێت

بەروار: 11 ساڵ لەمەو پێش

لە درێژەی كارو چالاكیەكانی سێیەمین شاندی كەلتوری وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە لە رێگای (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری) سەردانی هەرێمی كوردستانی كردوە, كاتژمێر (5)ی ئێوارەی رۆژی 17-3-2013 لە بەردەم ئوتیڵی بیتوێنی خێزانی لە شاری رانیە, بە ئامادەبوونی قائیمقامی قەزای رانیەو سەرۆكی شارەوانی رانیە و رێژەیەكی زۆر لە رێكخراوەكان و رۆشنبیران و جەماوەری ناوچەكە پێشوازییەكی فراوان لە گەیشتنی سێەمین شاندی شاری Duluth بۆ شاری رانیە كرا كە ماوەی 3 ساڵە پرۆگرامی ئاڵوگۆری كەلتورییان لە نێواندا هەیە.
لە دەستپێكی گەیشتنیان پێشانگایەكی فۆتۆگرافی هاوبەش بۆ 10 فۆتۆگرافەری ناوچەكە لە هۆڵی بیتوێنی خێزانی كرایەوە, كە چەندین دیمەنی جوانی كەلتور و سروشتی ناوچەكەی لەخۆگرتبوو. دواتر لە كاتژمێر (8:30) شەو لە هۆڵی پێنجی ئازار, بە ئامادەبوونی رێژەیەكی زۆری جەماوەری دەڤەرەكە, تیپی كۆراڵی ئاشتی ئەمریكا كۆنسێرتێكی كۆراڵیان پێشكەش كرد, لەو كۆنسێرتەدا سەرەتا (خالید قادر) لێپرسراوی سەنتەری رایەڵ وتەیەكی خوێندەوە تێیدا باسی لە گرنگی پرۆگرامی ئاڵوگۆری كەلتوری سەنتەرەكەیان لەگەڵ تیمی ئاڵوگۆری كەلتوری ئەمریكا لە شاری Duluth كرد و مێژووی پەیوەندییەكە‌و ئامانجی سەردانەكەیانی بۆ ئامادەبووان رونكردەوە, دواتر هەشت بەرهەمی هونەری, كە گوزارشتیان لە پەیامی ئاشتی و برایەتی و دۆستایەتی دەكرد لە لایەن تیپەكەوە پێشكەش كران, هەروەها بەرهەمێكی كوردییان بە ناوی (خۆشم دەویی وڵاتەكەم) پێشكەشی ئامادەبوان كرد, هاوكات لەگەڵ ئەوە چنراوێكی تایبەت كە بەرهەمی سەرجەم كیشوەری جیهانی لە خۆ گرتبوو, لە لایەن ئەم تیمەی ئەمریكاوە پێشكەشی سەنتەری رایەڵ كرا, وەك گوزارشتێك بۆ پتەوكردنی دۆستایەتی و پرۆگرامی دەستەخوشكی هەردوو شاری رانیەو شاری Duluth كە لە لایەن سەنتەری ناوبراوەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
جێگای ئاماژەیە ئەو شاندەی ئەمریكا بەمەبەستی فراوانكردنی پرۆگرامی ئاڵوگۆری كەلتوری و ئەنجامدانی چەند كۆنسێرتێكی كۆراڵ لە شارەكانی ( رانیەو هەڵەبجەو سلێمانی )‌و بەشداری كردن لە ئاهەنگەكانی نەورۆز و سازكردنی چەند دیدارێكی كەلتوری, لە رۆژی 17-3-2013 بۆ 23-3-2013 سەردانی كوردستانیان كردوە, تیمێكە بریتین لە 22 كەس, لە تیپی (كۆراڵی سەدای ئاشتی ئەمریكا)ن, لە شاریDuluth ی سەر بە ولایەتی میناسوتا.

تاگەکان: