بە مەراسێمێكی شایەستە شاندەكەی ئەمریكا كۆتایی بە كارەكانی هێنا

بەروار: 12 ساڵ لەمەو پێش

لە دوا رۆژی سەردانەكەی شاندەكەی شاری Duluth ی ئەمریكا, كە بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری و پتەوكردنی دەستەخوشكی هەردوو شاری رانیە و شاری Duluth ی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبوو. سەر لە بەیانی رۆژی 2/6/2011 وەفدەكە سەردانی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی رانیەی كرد, كە تێیدا سەرەتا بینەری چەندین كاری شێوەكاری خوێندكارانی پەیمانگاكە بوون, دواتر لە بەشی مۆزیك چەند پارچە مۆزیكێكیان پێشكەشكرا. دواتر لەگەڵ ئیدارەی پەیمانگە گفتوگۆ لەسەر رەوشی هونەری ناوچەكەو كارو چالاكیەكانی پەیمانگاكە كرا. دوا بە دوای ئەوە شاندەكە سەردانی كازیوەی منداڵانی رانیەی كرد‌و لە لایەن بەرێوبەری رۆشنبیری منداڵانی رانیەو بەرێوبەری كازیوەی رانیەو رێژەیەكی زۆری منداڵانەوە بە چەپلە رێزان پێشوازی كران. دواتر بەشەكانی كازیوەكەیان بەسەر كردوەو چەندین چالاكی هونەری و وەرزشییان پێشكەشكرا.
لە دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی رانیەو بە ئامادەبوونی قائیمقامی قەزای رانیەو سەرۆكی شارەوانی رانیەو بەرێوبەری بەرێوبەری گشتی تەندروستی رانیەو بەرپرسی بەشێكی زۆری بەرێوبەرایەتی و سەنتەرو رێكخراوەكانی ناوچەكە, مەراسێمێكی ماڵئاوایی بۆ وەفدەكە ئەنجام درا. لەو مەراسیمەدا سەرەتا لە لایەن تیپی مۆزیكی رانیەوە دوو گۆرانیان پێشكەش كرا. دواتر لە لایەن ( خالید قادر) رێكخەری ئەو پەیوەندیەو بەپرسی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری (R.C.E) باس لە چۆنیەتی دورستبوونی پەیوەندی دەستەخوشكی هەردوو شاری رانیەو شاری Duluth كرا, كە ماوەی 2 ساڵە پەیوەندی ئاڵوگۆری كەلتوری لە نێوانیاندا هەیە. پاشان باس لە پرۆگرامی كاری هەفتەی رابردووی وەفدەكە كرا كە لەیەكەم رۆژی هاتنیان بۆ كوردستان سەردانی مۆزەخانەی نیشتیمانی ( ئەمنە سورەكە) و رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان‌و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان كردوە. دواتر بە مەراسیمێك لە رانیە پێشوازی كرا‌ون. هەروەها پەردە لەسەر لۆگۆی هەردوو شار لە پاركی دەروازەی رانیە هەڵدراوەتەوەو دوو چڵە نێرگز كراوەتە هێمانی دەستەخوشكی هەردوو شار. پاشان سەردانی هەر یەك لە ( زانكۆی راپەرین, پەروەردەی رانیە, قائمقامیەتی رانیە, سەرۆكایەتی شارەوانی, بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری, سەنتەری چالاكی گەنجان, بەرێوبەرایتی گشتی تەندروستی‌و نەخۆشخانەی رانیەو نەخۆشخانەی راپەرین‌و سەنتەری گورچیلە, كۆمەڵگای فەرمانگەكان, كتیبخانەی گشتی, نوسینگەی بەگژداچونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان, یانەی وەرزشی رانیە, كازیوە منداڵان, تیپی مۆزیكی رانیە, یەكەی چالاكیە هونەرییەكان, پەیمانگای هونەرە جوانەكان. ئامادەیی 5 ئازار, ئامادەیی رانیەی كچان, یەكێَتی زایانی ئاینی, كۆبونەوەی رێكخراوەكانی ژنان) كردوەو چەندین كۆبونەوەی گرنگیان ئەنجامداوە هەروەها دەیان چالاكی هونەری و رۆشنبیری كەلەپورییان پێشكەش كراوە لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی. رێكخستنی چەندین خوان. پاشان قائیمقامی قەزای رانیە ( عەلی حمد بەگ) لە وتەیەكدا ئاماژەی بە گرنگی ئەو پەیوەندیە كرد‌و دوای فراوانكردنی ئاستی پەیوەندەكەی كرد, هەروەها چەند داخوازییەكی گرنگی خستە روو لە هەمانكات هیوای خواست سەردانەكە جێگای رەزامەندییان بوبێت. دواتر لە لایەن هەر یەك لە ( سەرۆكی شارەوانی, بەرێوبەری گشتی تەندروستیو سەنتەری رایەڵ, بەرێوبەری رۆشنبیری, سەرۆكی یەكێتی زانایان, چالاكوانێكی بواری ژنان) چەند وتەیەك پێشەش كرا پاشان لە لایەن هەردوو بەرێزان (قائمقانی قەزای رانیەو سەرۆكی شارەوانی رانیە) دوو پەیان لە رێگای وەفدەكەوە بۆ حاكمی شاری Duluth بەرێز ( دۆن نیس) نێردرا. هەروەها چەندین دیاری و خەڵاتییان پێشكەشكرا. پاشان هەر یەك لە ئەندامانی شاندەكەی شاری Duluthی ئەمریكا كە پێك هاتبوون لە ( میشێڵ, فیلچەر, ریبیكا, ئیسن) كە سەرجەمیان جلی كوردییان لەبەر كردبوو, چەند وتەیەكیان پێشكەشكرد كە تێیدا خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانەكە دەربڕی و سوپاسی سەنتەری رایەڵ و خەڵكی شاری رانیەیان كرد كە بەو پێشوازییە گەرمە بەخێرهاتنیان كردوون. هەروەها تەئكیدیان لە پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوو شار كردوەو بەڵێنیان دا كە كار بۆ داخوازییەكانی خەڵكی شارەكە بكەن. بۆ ئەمەش دوو گۆرانیان بە زمانی ئینگلیزی پێشكەشی خەڵكی رانیە كرد. پاشان لە ناو چەپَلەرێزان‌و باوەشی پر خۆشەویستی ئامادەبواندا ماڵئاوایی لە وەفدەكە كرا. بۆ ئەمەش ستافێكی سەنتەری رایەڵ تا فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی یاوەری شاندەكەی كرد كە لە كاتژمێر 4 بەیانی رۆژی 3/6/2011 خاكی كوردستانیان بە جێهێشت.
جێگای ئاماژەیە ئەو پەیوەندیەی نێوان هەردوو شاری رانیەو شاری Duluthی ئەمریكا لەلایەن سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری (R.C.E) سەرپەرشتی دەكرێت كە ماوەی 2 ساڵە ئەو دوو شارە پەیوەندی دەستەخوشكی ئاڵوگۆری كەلتورییان لە نێواندا هەیە. بۆ ئەمەش لە مانگی 5 ساڵی 2009 وەفدێكی 7 كەسی ئەو شارە سەردانی شاری رانیەی كرد‌و بۆ ماوەی هەفتەیەك مانەوە پاشان شاندێكی شاری رانیە لە مانگی 9 ساڵی 2010 سەردانی ئەو شارەی ئەمریكای كردەوەو چەندین كۆبونەوەو سەردانی گرنگیان ئەنجامدا كە لە میدیای ئەمریكا گرنگی زۆری پێدرا. وا بریارە لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندێكی تری شاری رانیە بۆ هەمان مەبەست سەردانی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بكاتەوە.

 

تاگەکان: