رایەڵ سمبوزیومێكی هونەری نێودەوڵەتیدا ئەنجامدەدات

بەروار: 8 ساڵ لەمەو پێش

بە میوانداری سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری RCE شاندێكی هونەری نێودەوڵەتی بە بەشداری هونەرمەندانی ( كوردستان, عێراق, توركیا, ئیران, بەحرێن, قەتەر, لوبنان) بۆ ئەنجامدانی سمبوزیومێكی هونەری و چەند دیدارێكی ئاڵوگۆری كەلتوری, بۆ ماوەی هەفتەیەك لە كوردستان مانەوەو چەند چالاكیەكی هەمەجۆر, لە چەند شارێكی كوردستان ئەنجام دەدەن. لەو بارەیەوە لێپرسراوی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری, وتی: لەم پرۆژە هونەرییە نێودەوڵەتیەدا چەند هونەرمەندێكی ناسراوی شێوەكارییمان لە (كوردستان, عێراق, توركیا, ئیران, بەحرێن, قەتەر, لوبنان) لە ژێر ناوی ( نیشتیمانێك لە رەنگ, لە پێناو ئاشتی پێكەوە ژیاندا) بانگهێشتی كوردستان كرد بەمەبەستی ئەنجام دانی سمبوزیومێكی هونەری لە چەند شارێكی كوردستان و رێكخستنی چەند دیدار و سەردانێكی هونەری. شاندەكە بریتی بوون لە 9 هونەرمەند كە لە رۆژی 1-8-2015 لە رێگای فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتنە هەرێمی كوردستان, كە لە دەستپێكی كارەكان لە شاری هەولێر سەردانی گەلەری (فاین ئارت) و گەلەری (شاندەر) لە شاری هەولێر كراو لەگەڵ بەشێك لە هونەرمەندانی ئەو شارە بیرورایان گۆریەوە. پاشان بۆ ماوەی 3 رۆژ لە شاری رانیە مانەوە كە تێیدا وێرای ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی و مەراسیمی یەكترناسین, بۆ ماوەی 9 كاتژمێر كاریان لە سمبوزیومێكی هونەری هاوبەش لەگەڵ 10 هونەرمەندی شێوەكاری دەڤەری راپەرین كرد, كە دواتر كۆی بەرهەمە هونەرییەكان لە پێشانگایەكی شێوەكاری هاوبەشدا خرانە روو, هەروەها پێشانگایەكی تایبەتی بۆ كارە هونەرییەكانی هونەرمەند ( بورهان مستەفا) لە كتێبخانەی گشتی رانیەو پێشانگای تایبەتی فۆتۆگرافەری ناسراوی جیهان ( محمد محسوم) لە ناو بازای رانیە كرایەوە, لەگەڵ رێكخستنی دیدارێك بۆ بەشێك لە فۆتۆگرافەرانی شاری رانیە. هەر لە میانەی مانەوەیان لە شاری رانیە چەند سەردانێكی هونەری و دیداری فەرمییان ئەنجام دا, ئەمە جگە لە رێكخستنی خوانێكی كوردەواری كە لە لایەن ئەندامانی سەنتەری رایەڵەوە بۆ شاندەكە رێكخرابوو.دواتر شاندەكە سەردانی شاری سلێمانی كرد و چەند چالاكیەكی هونەرییان بەرێوە برد, كە تێیدا بە هاوكاری دەزگای جمال عیرفان, سمبوزیومی دووەمیان لەگەڵ بەشێك لە هونەرمەندانی شاری سلێمانی لە كۆشكی هونەر رێكخست كە ماوەی دوو رۆژی خایاند, دواتر لە هۆڵی گەلەری (ئازاد شەوقی) بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری هەرێمی كوردستان, كۆی بەرهەمەكان لە پێشانگایەكی هاوبەشدا خستە روو, هەر لە میانەی چالاكیەكان لە شاری سلێمانی پێشانگایەكی تایبەت بۆ هونەرمەندی ناسراو ( خالید مبارك) كرایەوە, لەگەڵ كردنەوەی دووەمین پێشانگای تایبەتی فۆتۆگرافەری ( محمد محسوم) لە باخی گشتی سلێمانی و رێكخستنی چەند سەردان و دیدارێكی هونەری.لە كۆتایشدا خالید قادر وتی: ئەم چالاكیە لە لایەن هونەرمەند (خلیل عەلی) سەرپەرشتى کرا و سەرجەمیش چالاكیەكە بۆ ماوەی هەفتەیەكی خایاند.

تاگەکان: