سەنتەری رایەڵ كار بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزان دەكات

بەروار: 10 ساڵ لەمەو پێش

سەنتەری رایەڵ كار بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزان دەكات

بەمەبەستی گەڵاڵە كردنی پرۆژەیەكی هاوبەشی دەزگای بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزانی شاری Duluthی ئەمریكا و سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری, بۆ كاركردن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەربە ژنان بە تایبەتی و خێزان بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان , رۆژی 27-5-2013 (لیندا ریدڵ) بەرێوبەری دەزگای بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزانی شاری Duluth ی ئەمریكا و (میشیڵ نار ئوبید) ئەندامی تیمی ئاڵوگۆری كەلتوری ئەمریكا. گەیشتنە هەرێمی كوردستان و لە لایەن ستافێكی سەنتەرەوە پێشوازی كران, دواتر لە دەستپێكی پرۆگرامی كارەكانیان سەرلەبەیانی رۆژی 28-5-2013 شاندەكە بەشداری سیمینارێكی دەزگای باڵای خانمانیان لە هۆڵی چوارچرای شاری هەولێر كرد, دواتر كۆبونەوەیەكی تایبەتیان لەگەڵ (پەخشان زەنگەنە) ئەمینداری گشتی دەزگای باڵای خانمان لە لایەك و (كوردەخان) بەرێوبەری گشتی بەرێوبەرایەتی بەگژداچوونەوەی توندوتیژی ژنانیان لە لایەكی تردا ئەنجام دا, بۆ رۆژی دواتر تیمەكە سەردانی بەرێوبەرایەتی بەرێوبەرایەتی توندوتیژی ژنانیان لە شاری رانیە كرد و لەگەڵ بەرێوبەر و ستافی بەرێوبەرایەتیەكە كۆبونەوە, پاشان كۆبونەوەیەكی تایبەتیان لەگەڵ بەشێك لە رێكخراوەكانی ژنانی شاری رانیە رێكخست. دواتر لە رۆژی 30-5-2013 سەردانی شەڵتەرێكی سەر بە وەزارەتی كار و رێكخراوی (وادی ئەڵمانی) یان لە شاری سلێمانی كرد, هەروەها كۆبونەوەیەكی تایبەتیان لەگەڵ خاتوو (ئەمەل جەلال)ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمان لە قاوەخانەی كەلتوری رێكخست, هەر لە درێژەی سەردانەكان سەر لە بەیانی رۆژی 1-6-2013 سەردانی ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری رایەڵیان كرد و لەگەڵ ستافی سەنتەرەكە كۆبونەوە, بۆ رۆژی دواتر سەردانی زانكۆی راپەرینیان كردو لەگەڵ بەشێك لە ئەنجومەنی زانكۆكەدا كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا, پاشان سەردانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرینیان كرد و لەسەر وردەكاری سەردانەكەیان گفتوگۆیەكیان لەگەڵدا ئەنجامدا.
جێگای ئاماژەیە ئامانجی سەرەكی سەردانەكانی ئەو تیمە كەلتورییەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان, بۆ وەرگرتنی زانیاری و ئاگاداربوون بوو لە سەر رەوشی ژنان و ئافرەتان ‌و توندوتیژییە خێزانیەكان, بۆ ئەوەی لە رێگای ئەو زانیاری و داتا و گفتوگۆیانەوە كار لەسەر گەڵاڵە كردنی پرۆژەیەكی درێژخایەنی ئەو دامەزراوەیەی ئەمریكا بكردرێـت بۆ ئەوەی بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە كوردستان جێ‌ بەجێ‌ بكردرێت.
بۆ ئەو مەبەستە خالید قادر بەرپرسی سەنتەری رایەڵ زانیارییەكانی پشتراستكردەوەو وتی: ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتی سەنتەرەكەمان و لە چوارچێوەی پرۆگرامە ئاڵوگۆرە كەلتورییەكانمانە لەگەڵ شاری Duluthی ئەمریكا رێكخراوە, بۆ ئەوەی لەو رێگایەوە بتوانین لە ئایندەدا كار لەسەر پرۆژەیەكی هاوبەش لەگەڵ ئەو تیمەی ئەمریكا بكەین, تایبەت بە هوشیاری كۆمەڵایەتی و بەگژداچوونەوەی توندوتیژیی خێزان لە دەڤەری راپەرین.

تاگەکان: