بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی كەلتووری كۆبووەوە

رۆژى چوار شەممە رێکەوتى ٢٢-٢-٢٠١٢ شاندێكی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی كەلتووری كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان خالید قادر سەرۆكی سەنتەرو ئەندامانی دەستەی كارگێری سەنتەر سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتیان كردو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگە پێشوازیان لێكرا.

لە دیدارێكدا سەرۆكی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی كەلتووری پوختەیەكی لەسەر ئامانجی دامەزراندنی سەنتەرو ئەو كارو چالاكیانە خستەڕوو كە سەنتەری ناوبراو لە ماوەی 3 ساڵی رابردوو لە پێناو زیندوو كردنەوەو ناساندنی كەلتووری دەوڵەمەندی گەلەكەمان بە میوانانی بیانی و جیهانی دەرەوە پێشكەش كرد.

بەڕێزیان گووتی پەیوەندیمان لەگەڵ سەنتەری دیكەی پەیوەست بە ئاڵوگۆڕی كەلتوری لە نێو گەلاندا لە چەند وڵاتێك هەیە، ئێستا بە نیازین چالاكیەكانمان فراوانتر بكەین و كەلتووری گەلی كوردستان زیاتر بە خەڵك بناسێنین و هاوكات هانی وڵاتانیش بدەین ئاشنامان بكەن بە كەلتووری خۆیان. هەروا گووتی ئێمە دەخوازین چالاكی سەنتەرەكەمان تەنها لە چوارچێوەی شاری رانیە نەبێت بەڵكو بۆ هەموو هەرێمی كوردستان بێت و بارەگای سەرەكیشی لە هەولێری پایتەخت بێت.

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان ستایشی كارە جوانەكانی سەنتەری ناوبراوی كردو گووتی ئێوە هەڵگری پەیامێكی دروستن، چونكە پەیوەندی كەلتووری هیچی كەمتر نییە لە پەیوەندی سیاسی و ئابووری بە تایبەت بۆ گەلێكی زوڵم لێكراوی وەك ئێمە كە توانیویەتی لەبەرامبەر هەموو فشارەكان بووەستێت و كەلتووری خۆی بپارێزێت.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی جێگەی شانازییە كە دەبینین كچان و كوڕانی گەلەكەمان بەوپەڕی هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی خۆبەخشانە كار دەكەن بۆ ناساندن و بەرز راگرتنی كەلتوری گەلەكەمان یاخود بەهانا چوونی لێقەوماوان وەك ئەوەی كە بۆ لێقەوماوانی هاییتی و وان كۆمەك و یارمەتیان كۆكردەوەو رەوانەیان كرد.

بەڕێزیان گووتی كاری ئێمە گرێدان و پەرەپێدانی پەیوەندیە لەگەڵ دونیای دەرەوە لە ئاستە جیاجیاكان، جگە لە پەیوەندی نێوان حكومەت و حكومەت گرینگە پەیوەندی لە نێوان گەلان هەبێت و كەلتووریش باشترین پردی پەیوەندیە، بە هەمان شێوە دەتوانین پەیوەندی لەنێوان زانكۆ لەگەڵ زانكۆ و ژووری بازرگانی لەگەڵ ژووری بازرگانی و كۆمەڵگا لەگەڵ كۆمەڵگا هەبێت. دەبێ‌ دوای ئەو هەموو كارەساتەی بەسەر گەلەكاماندا هات ئەمڕۆ لەم دەرفەتەدا بە جیهان بلێین ئێمە كێین. بۆیە وەك فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە وێڕای دەستخۆشی، پشتگیری لە هەنگاوەكانتان دەكەین لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی كەلتوری نێوان گەلی كوردستان و گەلانی دیكە.

لە كۆتایی دیدارەكەدا سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی كەلتوری خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو دیدارە دەربڕی و سوپاسی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتیان كرد بۆ ئەو پشتگیریەی خستیەڕوو لە پێناو ناساندنی كەلتووری گەلەكەمان بە دوونیای دەرەوە.

جێگەی باسە سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی كەلتووری ساڵی 2009 لە رانیەی دەروازەی راپەڕین لەسەر دەستی چەند كوڕو كچێكی خۆبەخشی ئەم شارە دامەزراوە.

تاگەکان :