سەنتەری رایەڵ لە وڵاتی لوبنان پەیوەندییە كەلتورییەكان گەشەپێدەدات

بەروار: 10 ساڵ لەمەو پێش

سەنتەری رایەڵ لە وڵاتی لوبنان پەیوەندییە كەلتورییەكان گەشەپێدەدات

راگەیاندنی سەنتەری رایەڵ

بەمەبەستی دروستكردنی پەیوەندییەكی ئاڵوگۆری كەلتوری لەگەڵ وڵاتی لوبنان, شاندێكی (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری و چالاكی رۆشنبیری R.C.E) سەردانی ئەو وڵاتە دەكات و چەندین كۆبونەوەو سەردانی گرنگ ئەنجام دەدات, لەو بارەیەوە سەرچاوەیەك لە سەنتەری رایەڵ رایگەیاند كە شاندێكی 7 كەسی سەنتەرەكەیان بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی ئاڵوگۆری كەلتوری و رۆشنبیری ناردۆتە وڵاتی لوبنان و توانیویانە چەندین بەرهەم و پەیوەندی گرنگ دروستبكەن, كە لەسەر ئاستی كوردستان رەنگدانەوەیەكی باشی بەسەر دۆستایەتی هەرێمی كوردستان و وڵاتی لوبنانەوە دەبێت, بۆ ئەمەش پرۆگرامی سەردانەكەیان سەرەتا بە سەركردنەوەی چەند ناوچەیەكی گەشتیاری و مۆزەخانەی كەسایەتیە ناودارەكان و سەردانی مەزاری رەفیق حەریری دواتریش بە جل و بەرگی كوردییەوە بەشدارییان لە ئاهەنگی سەری ساڵدا شاری بەیروتدا كردوە, پاشان پرۆگرانی چالاكیەكانیان بریتی بووە لە:
رۆژی 2-1-2013 شاندەكەی سەنتەری رایەڵ سەردانی بارەگای (سەفارەتی عێراق)یان لە شاری بیروتی پایتەختی وڵاتی لوبنان كرد‌و لە لایەن ستافێكی باڵای سەفارەتەوە پێشوازی كران, دواتر (شێخ عومەر بەرزنجی) سەفیری عێراق لە لوبنان, لە ئۆفیسە تایبەتیەكەی خۆی بەخێرهاتنێكی گەرمی لە شاندەكە كرد‌و ئەو سەردانەی بە دەرفێكی گرنگ دانا بۆ ئەوەی لە رێگایەوە پەیوەندییە كەلتورییەكانی گەلی كورد و وڵاتی لوبنان باشتر فراوان بكرێن, دواتر لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا, لەسەر ئەجێندای پرۆگرامی كارەكانی شاندەكە, گفتوگۆ كرا و لە لایەن بەرێزیانەوە چەند پێشنیارێكی گرنگ خرانە بەرنامەی كراوە شاندەكەوە.
ئێوارەی هەمان رۆژ شاندەكەی رایەڵ سەردانی بارەگای سەرەكی (جمعیە الكردییە اللبنانیە الخیریە) كردو لە لایەن بەشێك لە ستافی بەرێوەبردنی ئەو كۆمەڵەیە و چەند كەسایەتیەكی كوردی ئەو وڵاتەوە پێشوازی كران, دواتر لە كۆبونەوەیەكدا باس لە رەوشی كوردانی لوبنان و چالاكیە رۆشنبیری و هونەرییەكانی ئەو كۆمەڵەیە كراو لە لایەن هەردوو لاش تەكید لە دروستكردنی پەیوەندییەكی بەردەوامی نێوانیان كرایەوە, بە تایبەتیش بۆ فیستیڤاڵی ساڵانەی جەژنی نەورۆزی وڵاتی لوبنان, بۆ ئەمەش لە لایەن هەردوو لا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی هاوكاری كردنی یەكتری كراو چەند پێشنیارێك لەو بارەیەوە خرانە روو, پاشان شاندەكە بەشەكانی كۆمەڵەكەی بەسەر كردەوەو لە كۆتایشدا بڕیار درا بۆ رۆژانی دواتر بەشێوەیەكی فراوانتر كۆبونەوەكانی نێوانیان بەردەوان بێت.
بۆ رۆژی دواتر شاندەكە بە یاوەری خاتوو گوڵستان ئەندامی بەرێوەبردنی (جمعیە الكردییە اللبنانیە الخیریە) چەند شوێنێكی پایتەختی ئەو وڵاتەیان بەسەر كردوە,
پاشان لە دوای نیوەرۆی رۆژی 14-1-2013 ستافەكەی سەنتەری رایەڵ لە شاری (جبیل) سەردانی ئۆفیسی (ناوەندی رۆژنامەگەری و راگەیاندنی نێو دەوڵەتی)یان كرد و لە لایەن ( د. ابراهیم الصیاح) بەرێوبەری (رۆژنامەگەری و راگەیاندنی نێوەدەوڵەتی) لە وڵاتی لوبنان پێشوازی كران, ناوبراو كە كەسایەتیەكی دیاری ئەو وڵاتەیە و رۆلێكی دیاری لە بواری راگەیاندن و كەلتوری گەلەكەیدا هەیە, دۆستایەتی خۆی بۆ گەلی كورد دوپاتكردوە و ئامادەیی هەموو جۆری پەیوەندییەكی كەلتوری و رۆشنبیری دەربڕی, هەروەها ئەو سەردانەی سەنتەری رایەڵی بە هەنگاوێكی گرنگ دانا و پێشنیاری كرد كە شارێكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شارێكی ئەو وڵاتە بەفەرمی پرۆگرامی ئاڵوگۆری كەلتوری لە نێوانیاناندا دروستبكەن بۆ ئەمەش ناوبراو بە خۆشحاڵیەوە ئامادەیی خۆی بۆ دروستكردنی ئەم پەیوەندییە دەربڕی.
لە كاتژمێر (5)ی ئێوارە هەمان رۆژ وەفدەكەی سەنتەری رایەڵ گەرایەوە شاری بەیروت و بۆ دووەم جار سەردانی (جمعیە الكردییە اللبنانیە الخیریە) كرد و لە لایەن (محمود سیالا) جێگری بەرێوبەر و ئەنجومەنی كارگێری كۆمەڵەكە كۆبونەوە, لەو كۆبونەوەیەدا بە شێوەیەكی فەرمی تەكید لە ئەنجامدانی چالاكی هاوبەش لە نێوان هەردوو لا كرایەوە, بەتایبەت بۆ فیستیڤاڵی نەورۆزی ئەو وڵاتەو گۆرینەوەی چالاكی نێوانیان و كاركردن بۆ ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو لا. جیگای ئاماژەیە وڵاتی لوبنان زیاتر لە 70000 حەفتا هەزار كوردی تێیدا نیشتەجێیە.
رۆژی 5-1-2013 شاندەكەی سەنتەری رایەڵ سەردانی شاری تەرابلوسی كرد و (ماڵی هونەری) ئەو وڵاتەیان لەو شارەدا بەسەر كردوە, لەو سەردانەدا شاندەكە سەرەتا بەشەكانی ماڵەكەیان بەسەر كردوە, پاشان چەند زانیاریەكی تایبەتیان لەسەر رەوشی هونەری و چالاكیە كەلتورییەكانی وڵاتی لوبنان پێدرا, دواتر كۆبونەوەیەكی هاوبەشیان لەگەڵ (عبدالناصر یاسین) سەرۆكی سەنتەری كەلتوری و بەرێوبەری ( بیت الفن) ماڵی هونەر ئەنجامدا, لەو كۆبونەوەیەدا باس لە دروستكردنی پەیوەندییەكی كەلتوری لە نێوانیان كرا, بەتایبەت بۆ گۆرینەوەی چالاكی‌و میوانداری كردنی چەند هونەرمەندێكی كوردستان بۆ نیشاندانی بەرهەمە هونەرییەكانیان و بەردەوام بوونی پەیوەندییەكەیان, بۆ ئەمەش هەردوو لا بەڵێنی هاوكاریكردنی یەكتریان دا.
پاشان لە هەمان شوێن شاندەكەی سەنتەری رایەڵ پێشوازی لە (صالح مخمود حامد) سەرۆكی (جمعیە الفكرو الحیاە) كرد و لەسەر چەند تەوەرەیەكی پەیوەست بە بواری رۆشنبیری و ئاڵوگۆری كەلتوری نێوانیان كۆبونەوەیەكیان لەگەڵدا ئەنجامدا, لەو كۆبونەوەیەدا لێكتێگەیشتنێكی باش لە نێوان هەردوو لا هاتە ئاراوە بۆ ئەوەی سەردانی یەكتری بكەن و چالاكیەكانیان ئاڵۆگر بكەن.
دوابەدوای ئەوە (رولا ابوبكر) بەرێوبەری تیپی كۆرالی فیحا و (بەركیف تەسلاكیان) سەرۆكی مایسترۆی تیپی كۆراڵی فەیحا كە بە رەگەز ئەرمەنی بوو, سەردانی شاندەكەیان لە ماڵی هونەر كرد و لەسەر پرۆگرامی گۆرینەوەی چالاكی و هاتنیان بۆ كوردستان گفتوگۆ كرا, لەو بارەیەوە تیپی كۆراڵی لوبنان كە تاكە گروپە لە وڵاتانی عەرەبی و لەسەر ئاستی جیهان چالاكی بەرز پێشكەش دەكات, ئامادەیی خۆیان دەربری كە سەردانی كوردستان بكەن و بە نمایشكردنی چالاكیەكەیان كە بەرهەمی كوردی تێیدا بەكار دێنن, دۆستایەتی گەلی كورد و وڵاتی لوبنان فراوان بكەن.
ئێوارەی هەمان رۆژو دوای گەرانەوەی شاندەكەی رایەڵ بۆ شوێنی مانەوەیان لە شاری بیروت, هەردوو رۆژنامەنوسی دیاری وڵاتی لوبنان (فاتیمە فەقیە) بەریوبەری گشتی گوڤاری كوالیس‌و (فریال دبوق) رۆژنامەنوس‌و چالاككوانی مەدەنی, سەردانی شاندەكەیان كردو كۆبونەوەیەكی تایبەتیان لەگەڵدا ئەنجامدان, لەو كۆبونەوەیەدا بەرێوبەری گشتی گۆڤاری كوالیس بەیاوەری خاتوو فریال ئامادەیی خۆیان نیشاندا كە لە ئایندەدا چالاكیەكیە رۆشنبیریەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دیار لە گۆڤارەكەیان بڵاو بكەنەوەو لە زووترین كاتیشدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی سەردانی ناوەندی فەرمی و سەنتەرە رۆشنبیرییەكان بكەن‌و ژمایەكی تایبەتی گۆڤارەكەیان لەسەر هەرێمی كوردستان ئامادە بكەن.
جێگای ئاماژەیە سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوری كە ناسراوە بە R.C.E ساڵی 2010 مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە, كار لە بواری ئاڵوگۆری كەلتوری لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا دەكات, ئەم سەنتەرە تا ئێستا چەندین چالاكی گرنگی لە ناوەوەی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە, بەتایبەت بۆ ئەنجامدانی فیستیڤاڵی كەلتورە جۆراوجۆرەكانی هەرێمی كوردستان, هەروەها پەیوەندیی ئاڵوگۆری كەلتوریان لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكا و توركیا دروستكردوەو تا ئێستا چەندین چالاكی هەمەجۆری لە نێوانیاندا ئەنجامداوە.
پێویستە بگوترێت بۆ ئەو پرۆگرامە بەرێز شێخ عومەر سەفیری عێراق لە لوبنان هاوكارییەكی باشی تیمەكەی رایەڵی كرد و هیوای خواست ئەو سەردانانەی كە ئەنجامدراون ببێتە پرۆگرامێك بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستانەوە كاری لەسەر بكرێت.

تاگەکان: